خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر لە سلێمانی داوای لێخۆشبوون لە حكوومەت دەكەن

:: PM:08:26:21/11/2018 ‌

بەهۆی هاوردەكردنی جووجەڵە بەبێ ئاگاداری لایەنە پێوەندیدارەكان، بە سەدان كێڵگەی پەلەوەری لە سنووری سلێمانی سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بەرپرسی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت، پارەی سزاكە زۆرە و زیان دەكەن.

نازم جاف بەرپرسی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، كێڵگە پەلەوەرییەكان بەبێ ئاگاداری لایەنی پێوەندیدار كە ڤێتەرنەری و كشتوكاڵە، جووچكەیان هاوردە كردووە، دواتر لە لایەن كشتوكاڵەوە سزایان بۆ دەرچووە و بڕی پارەكەش زۆرە و لە كێڵگەیەكەوە بۆ كێڵگەیەكی تر جیاوازە.

ئەو گوتی لە سنووری سلێمانی %80ی كێڵگەكان ئەو كارەیان كردووە كە بەبێ ئاگاداری لایەنی پێوەندیدار جووجەڵەیان هاوردە كردووە و دواتر لە لایەن كشتوكاڵی سنوورەكە سزایان بۆ دەرچووە، كێڵگە هەیە دوو ملیۆن دینار سزای بۆ هاتووەتەوە و كێڵگەش هەیە 12 ملیۆن دینار سزا دراوە.

كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرووی 300 كیڵگەی سنوورەكە ئەو سەرپێچییەیان كردووە.

ئەو كێڵگە پەلەوەرییانەش داوایان كردووە لێ خۆشبوونیان بۆ بكرێت، چونكە ئەو بڕە پارەیە زیانێكی زۆریان لێ دەدات بەو پێیەی كێڵگە هەیە لە سەرووی 12 ملیۆن دینار سزا دراوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 600 كێڵگەی پەلەوەری هەن و دەبێت بە ئاگاداری لایەنی پێوەندیدار جووجەڵە هاوردە بكەن، بەڵام كێڵگە پەلەوەرییەكان لە كاتی بایكۆتی دەوامی فەرمانبەران لە سنوورەكە ئەو سەرپێچییەیان كردبوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل