گەڕێكی تری دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم بەڕێوە دەچێت

:: PM:08:48:21/11/2018 ‌

ئەندامێكی  ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە هەفتەی داهاتوو گەڕێكی تری دانوستانەكان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەرێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەیش داوا لە لایەنەكان كراوە داواكاری خۆیان ئامادە بكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند, پارتی دیموكراتی كوردستان پێی باش نییە پەلە بكات لە پێكێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و ئێستە سەرقاڵی راوێژكردنن و هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكەنەوە و داوایش لە لایەنەكان كراوە داواكاریی خۆیان بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیاری لێ بدرێت.

میرخان روونی كردەوە، حیسابی پێكهاتەكانیش دەكرێت بۆ حكوومەتی داهاتوو و لەگەڵ ئەوان لە راوێژ و گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە حكوومەتی داهاتوو، باسی لەوەیش كرد، پارتی ئەمجارە حكوومەتێكی زۆرینەی پێكدێنێت و حكوومەتی بنكە فراوان نابێت و ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری بكەن پێویستە لەسەر بەرنامەی حكوومەت لەگەڵیان بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ ئەو لایەنانەی بەشداری دەكەن بەرنامەیەكی هاوبەش دانێن و حكوومەتی لەسەر دروست بكەن.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل