دالیا.. هاوسەری یەكەمی دەمرێت و دووەمیش ئەو بەرەو مەرگ دەبات

:: PM:11:22:21/11/2018 ‌

ژنێك لە هەولیر بەهۆی خراپیی هاوسەرەكەی و بێچارەیی بەرانبەر سێ كچەكەی، چەندینجار پەنا بۆ خۆكوشتن دەبات، دوای ئەوەی هاوسەری یەكەمی كۆچی دوای دەكات، هاوسەرگیری دووەم دەكات و ئەویش بە خراپترین شیوە مامەڵە لەگەڵ خۆی و كچەكانی دەكات، دووپاتی دەكاتەوە، ئەو ژیانەی یەكەمجار هەبوو كە هەموو دنیا خۆزگەی بۆ دەخواست، ئێستا بووە بە دۆزەخ و نان و شەقم دەدرێتێ.

دالیان كارمەندی حكومییە و لە هاوسەری پێشووی خاوەنی سێ كچە كە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە، هاوسەری دووەمی ناهێڵێت منداڵیان ببێت و پێی گوتووە، نابێت لە دوای مردنی میراتی بەر بكەوێت، بۆیە منداڵیشی لێی ناوێت، ئەو ژنە ئێستە بەتەنیا لە گەڵ سێ كچەكەی دەژیت و دەڵێت هاوسەرەكەی بەس بۆ سەركوتكردن و لێدان دەچێتەوە لای، دالیا چیڕۆكی ژیانی خۆی و سێ كچەكەی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵیت، براكانم نەیان هێشت بە سەربەرزی كچەكانم بەخێو بكەم و بۆ پارە منیان فرۆشت، ئێستەیش وەك كۆیلە مامەڵەم پێ دەكرێت.

دالیا لە باسی هاوسەری پێشوی گوتی، نەك تەنیا باشترین پیاو، بەڵكو باشترین كەس بوو لە هەموو دنیا، بە داخەوە باشەكان زوو دەمرن، بۆیە هاوسەرەكەی منیش دوای هەشت ساڵ لە ژیانێكی بێ كێشە و زۆر ئاسودە لە ناكاو تووشی نەخۆشییەكی كوشندە بوو و كۆچی دوایی كرد و من و سێ كچەكەیشی بێناز كرد، زیاتر گوتی، بڕیارم دا لە دوای ئەو قەت شوو نەكەم و لە گەڵ یادگارییەكانی و سێ كچەكەم بژیم، هەرواشم كرد و ماوەی چوار ساڵ لە ماڵی دایكم ژیام، براكانم لە سەرەتاوە وازیان نەهینا بەوەی (خەڵك قسە دەكات، بێوەژن ئاگرە نابێت لە ماڵ بێت، دەبێت شوو بكەی، خۆت و سێ زەعیفەوە دەتەوێ ئابڕوومان ببەی..)، وازیان نەهینا تاوەكو سەریان بە پەتی سێدارە گەیاندم.

براكانم لە راوچییەكی چەور دەگەڕان، بۆیە كاتێك پیاوێكی بە تەمەنی خاوەن خیزان هاتە داوام بێ بیركردنەوە و پرس و ڕا منیان پێی دا، هاوسەری دووەمی دالیا خاوەن چەند پڕۆژەیەكە و یەكێكە لە دەوڵەمەندەكانی شاری هەولێر، ئەوكات كە چووەتە داوای دالیا گوتوویەتی هاوسەرەكەی "شێرپەنجەیەتی" و پزیشك رێی داوە و دەمرێت، خانوویەك بە ناوی دالیا دەكات و بەڵین دەدات منداڵەكانی بەخێو بكات وەكو كچەكانی، ئەمانە تەنیا بۆ ماوەی ساڵیك هاوشیوەی بەڵێنەكەی بەڕێوە دەچن، دواتر هەموو شتێك پێچەوانە دەبێتەوە.

تاوەكو ساڵیك بە شێوەیەكی ئاسایی دەژین، هاوسەری دالیا هەر شەوە و لەلای ژنێكی دەمێنێتەوە، دوای ساڵیك هەموو شتێك دەگۆڕێت، ژنی یەكەمی (عومەر)، ناوی خوازراوی هاوسەری دووەمی دالیایە، چاك دەبێتەوە، لە دوای چاكبوونەوەی، عومەر خانوو و ئاڵتوونەكانی دالیا دەفرۆشێت و دەڵیت ئیفلاسی كردووە، ئەوان دەخاتە ناو خانووی كرێ، بەڵام ئیفلاسی نەكردووە بۆ ژنی یەكەمی فرۆشتووە و خانوو ناوماڵی تازەی بۆ ئەو و منداڵەكانی كڕیووە، ئەم راستییە دوای ماوەیكی زۆر دالیا لە لایەن هاوسەرەكەیەوە پێی دەگوترێت، ئەو دەڵێت، زۆر بێشەرمانە گوتوویەتی تۆ ناگەی بە نینۆكێكی ژنەكەم نەك خانوو و ئاڵتوونت، خۆت و كچەكانیشت دەفرۆشم و بۆشت نییە هیچ بڵێی.

ماوەی چەند ساڵێكە دالیا ژێردەستەی پیاوێكە كە لە مانگێكدا چەند سەعاتێك دەچێتەوە ماڵی و مامەڵەیشی لەو چەند سەعاتەدا وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات بە پێی میزاجی ئەو دەبێت، یان بە قسەی ناشیرین بەخۆی و كچەكانی و لێدان دەست پێ دەكات یان هەوەسبازی، دالیا نایشارێتەوە كە تەنیا عومەر تاوانبار نییە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە براكانی تاوانباری یەكەمن و بەرپرسیارن لە ژیانی ئێستەی، چونكە ئەوان بە مارەییەكی زۆر خوشكەكەیان فرۆشتووە.

دالیا باس لە ژیانی ئێستەی دەكات و دەڵیت، ماوەی سێ ساڵە لێی دەپاڕێمەوە تەڵاقم بدات، تەڵاقم نادات، نە وەكو ژن مامەڵەم لەگەڵدا دەكات و نە جیا دەبێتەوە، دەمەوێ كچەكانم بە باشی بگەیەنم بە جێی خۆی، بەڵام نە ئەو دێڵێت و نە براكانم، من ئێستە خەریكە لە ناو دەچم، كچەكانم گەورەبوون و هەست دەكەن هەریەكەیان چەندین كێشەی درەوونی بۆ دروست بووە، ئاخر عومەر كە بە قایش و بە شەق لێم دەدات ئەوان دەبینن، دەشزانن چەندجار هانام بۆ خۆكوشتن بردووە، بۆیە زۆر لە داهاتوویان دەترسم و نازانم كۆتای ئەم تاڵییە بەكوێ دەگات.

دالیا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بارودۆخەی ئەو تێیدا دەژیت كچەكانی پێوە گیرۆدە بوون، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بە ناچاری لە چوارچیوەی ماڵێك دەژی كە جگە لە یادەوەری تاڵ و شوێن پێی لێدان و راكێشانی بە سەر زەوییەكەدا هیچی تری تێدا نابینێ، ئەو دەڵیت لە داهاتووی منداڵەكانی دەترسێت، باس لەوە دەكات پیاوێك بەو شیوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ ژنەكەی بكات، بێگومان بۆ زڕكچەكانی زۆر خراپتر دەبێت، ئەو بەدوای چارەسەردا دەگەڕیت و دەیەوێت لەلایەن مافپارێزانی ژنانەوە كێشەكەی بە چارە بگەیەنن و ژیانی خۆی و كچەكانی رزگار بكەن.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل