بڕیارە ڕۆژى چوارشهم 28ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبهر، پانزەھەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی لە شارى سهقز، بە بەشداری شانۆکارانی باشوورى كوردستان ساز بکرێت و بۆ ماوەی چوار ڕۆژیش بەردەوام بێت.
شانۆگەریی ماڵێک لە بێدەنگییش کە لە نواندن و دەرھێنانی کرمانج مستەفا ڕەئووفە و لەیلا مەجیدییە، بەشداربێت لەو فێستیڤاڵە ھونەرییەدا.
کرمانج مستەفای دەرھێنەر لەو بارەیەوە له پێگهى تایبهتى خۆیى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك نووسیویهتى: " جەنگ بەھا کۆمەڵایەتی و ژیانی ھاوسەرگیریی ھەڵدەوەشێنێتەوە، تاکی نێو ئەو کۆمەڵگەیەش لە ژیان بێ ھیوا دەکات، بۆیە دەکرێت ئەگەر لە نێو جەرگەی شەڕیشدا بین، ھەستە مرۆییەکان لەدەست نەدەین، چونکە ناکرێت بە پاساوی شەڕ، ئێمە خۆشەویستی لە دەست بدەین".
له نووسینهكهیدا لهبارهى ناوهڕۆكى شانۆگهریهكهدا ئاشكراى كردووه، كه شانۆگەریی ماڵێک لە بێدەنگی باس لە چیرۆکی فۆتۆگرافەرێک دەکات، کە بەھۆی ڕووماڵ و بە دیکۆمێنت کردنی گرتەکانی بەرەکانی جەنگ، ماوەیەکی دوور و درێژ لە خێزانەکەی دوور دەکەوێتەوە، ئەمەیش دەبێتە ھۆکارێک بۆ توڕەکردنی ھاوژینەکەی، کە بەبێدەنگی لە سووچێکدا بە تەنیایی ژیان بەڕێ دەکات و تەنیایش تەنگی پێھەڵدەچنێ، تەنانەت دەگات بەو ئاستەی کە وەک کەڕ و ڵاڵێک لە نێو چوار دیواری ماڵەکەی دا مان بگرێت.