گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا كرا بە HD

:: AM:11:26:02/12/2018 ‌
بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەكی گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا كە دوو شاشەی گەورەی لێ دانراوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە و هاووڵاتییان رەخنەی توند ئاراستەی ئەو حزبە دەكەن كە نەوشیروان مستەفا لە ژیان بمایە، هەرگیز ئەوەی قبووڵ نەدەكرد.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی كانوونی یەكەم، چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بوونەتەوە كە گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفای ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕانە لە گردی زەرگەتە، چەند شاشەیەكی ئێچ دی دانراوە، ئەوەیش ناڕەزایی توندی لایەنگرانی بزووتنەوەكەی لێ كەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، دانانی ئەو دوو شاشەیە بەمەبەستی نیشاندانی بەرهەمە چاپكراوەكانی نەوشیروان مستەفایە لەگەڵ بەشێك لە ژیانی سیاسی و نووسینی كتێبەكانیەتی.

هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە، ئەگەر نەوشیروان مستەفا بمایە، هەرگیز ئەوەی لە سەرانی بزووتنەوەكەی قبووڵ نەدەكرد و دژی ئەو بڕیارانە دەبوو كە بۆ گۆڕێك ئەو هەموو پارەیە خەرج دەكرێت.

نەوشیروان مستەفا لە 22ـی دیسێمبەری ساڵی 1944 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و لە 19ـی مایۆی 2017 لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

نەوشیروان یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دواتر لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.







وشە - رامیار جەواد