پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

:: PM:12:21:04/12/2018 ‌
سبەی دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەزیرێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات  %100 پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.

ئەمڕۆ سێشەم چواری كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەكێك لە گەنجینەكانی حكوومەتی ههەرێمی كوردستان بە "وشە" دراوە، تێیدا هاتووە سبەی دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان و سەرەتایش لە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ‌ دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، دابەشكردنی مووچە وەك مانگەكانی پێشوو دەبێت و لە دوای وەزارەتی پێشمەرگە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، هەروەها لیستەكە هاوشێوەی مانگەكانی تر دەبێت.

هاوكات ئەمڕۆ پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بە دڵنیاییەوە پاشەكەوتكردنی مووچە نامێنێت.

وەزیری پەروەردە گوتی، هۆكاری دواكەوتنی لابردنی سیستمی پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی گەڕاندەوە بۆ دواكەوتنی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە بەدڵنیاییەوە %100 پاشەكەوتی مووچە لادەبرێت و نامێنێت.

هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر بودجەی ساڵی 2019 لە یەكتر نزیك بوونەتەوە ڕێكەوتن بكەن و پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە %17.



وشە - رامیار جەواد