وه‌زیر و سه‌رۆكی شاره‌وانی رێگری له‌ پرۆژه‌ی سیتی پاسی هه‌ولێر ده‌كه‌ن

:: AM:08:41:06/12/2018 ‌
پڕۆژەی ستی پاسی هەولێر، یەكێكە لە ناوازەترین پڕۆژەكانی گواستنەوە لەسەر ئاستی عێراق، بە جۆرێك بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، چیتر بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ناو شار سوودی نامێنێ و كات و شوێنی گواستنەوەی 24 سەعاتی بۆ هەولێرییەكان دابین دەكرێت، بەڵام لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و بەرپرسانی شارەوانیی هەولێر، رێگری لێ دەكرێت و كێشە بۆ پڕۆژەكە دروست دەكرێت.

سیستەمی هاتوچۆ و ئەندازەی مروری لە هەولێر یەكێكە لە جەنجاڵترین و ناڕێكترین بوارەكانی رێكخستنی شار، دەیان ساڵیشە بەرپرسانی ئەو شارە باس لە دانانی میترۆ و سیستەمی پاس دەكەن، تەنانەت دەگوترا دیزاینیش كراوە، بەڵام هیچی نەگەیشتە ئەنجام. ئێستە خاوەنی پرۆژەی سیتی پاس كە پرۆژەكەی نزیككردووەتەوە لە تەواو بوون، بەگوتەی خۆی "شارەوانی رێگری لێ دەكات".

محەمەد عەبدوڵا یەكێكە لە سەرمایەدارانی هەولێر، لە ساڵی 2011ـەوە پێشنیاری دروستكردنی پڕۆژەی میترۆی بۆ هەولێر كرد، بەڵام وەك خۆی دەڵێ، بە كۆمەڵێك هۆكار ئەو پڕۆژە نەچووە بواری جێبەجێكردن. دواتر لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتەوە مۆڵەتی پڕۆژەیەكی تری پێ درا و دوای تەواوبوونی سەرجەم كارەكانی، ئێستە وەزارەتی شارەوانی و بەرپرسانی شارەوانی هەولێر كێشەی بۆ دروست دەكەن.

محەمەد بۆ "وشە" وردەكاری پرۆژەكە دەخاتە ڕوو، "بە هاوئاهەنگی هەریەك لە وەزارەتەكانی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی سیتی پاس بۆ ناو شاری هەولێر ئامادە كراوە و رێ دراوە بە كۆمپانیای باند Band بۆ خستنە بواری جێبەجێكردنی".

"پڕۆژەی سیتی پاس پێنج هێڵە و هەموو ناو شاری هەولێر دەگرێتەوە، هێڵی سوور لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەست پێ دەكات تا گەڕەكی رۆشنبیری، هێڵی سەوز لە كەسنەزانەوە دەست پێ دەكات تا نەخۆشخانەی رۆژئاوا، هێڵی شین لە گەڕەكی شۆڕش- دەواجن دەست پێ دەكات تا گۆڕستانی كارگەی قیر، هێڵی زەرد لە شەقامی بنەسڵاوەوە دەست پێ دەكات تا شەقامی مووسڵ و هێڵی قاوەیی هەموو شەقامی 100 مەتری دەگرێتەوە" خاوەنی پرۆژەكە وای گوت.

ئاشكرایشی كرد، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی، گرێبەستم لەگەڵ دوو كۆمپانیای بیانی كردووە بۆ دابینكردنی پاس و بڕی 33 ملیۆن و 600 هەزار یۆرۆ بەهای گرێبەستەكە بووە، بەڵام ئێستەیش كێشە بۆ پڕۆژەكە دروست دەكرێت، لە كاتێكدا بۆ هەر 10 ڕۆژ لە دواكەوتنی كارەكانی پرۆژەكە، دەبێت من بڕی هەزار و 800 دۆلار وەك سزا بدەم بە كۆمپانیای جێبەجێكار".

محەمەد نیگەرانە لەو رێگرییەی بۆی دروست دەكرێت و دووپاتی دەكاتەوە كە "هیچ كێشەیەكم نەبوو، تەنانەت نووسراوی فەرمییان بۆ كردم پڕۆژەكە دەست پێ‌ بكەم، لە رێی ئەم پڕۆژەیەوە ٨٠٠ هەلی كار بۆ بێكاران دەڕەخسێت".

خاوەنی پرۆژەكە رێگرییەكانی بەردەم ئەو پرۆژەیە باس دەكات كە دەیان ساڵە بەرپرسانی هەولێر وەك پرۆژەیەكی ناوازە و دەگمەن باسی لێوە دەكەن و دواتر كپ دەبێتەوە. بەگوتەی محەمەد عەبدوڵا "ئێستە هەریەك لە نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی و سامان محەمەد بەبێ‌ هۆ كێشە بۆ پڕۆژەكە دروست دەكەن، بۆیە ئەگەر سەریشم لەسەر دانابێت، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ‌ دەكەم".

ئاماژە بەوەیش دەكات كە "بەو هەوڵانە دەیانەوێ من دەستبەرداری پڕۆژەكە بم، بۆ كۆمپانیایەكی ناوخۆ یان هاوبەشیی، بەڵام با دڵنیابن من هاوبەشیی ناكەم و لەسەر هەڵوێستی خۆمم".

هاوكات "وشە" بۆ زانیاری زیاتر چەندان جار پێوەندی بە بەرپرسانی شارەوانی كرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك بدەن و بەشێكیشیان وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.

بەگوێرەی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە ئاراستە كراوە، تێیدا هاتووە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە 381 لە یەكی 11ـی 2017، بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان، وێنەیەكی پڕۆژەی ستی پاستان بۆ ڕەوانە دەكەین لەلایەن كۆمپانیانی BAND كە لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت. 

ئەوەش خراوەتە روو كە پڕۆژەكە ڕووبەری پێویستی دیاری كردووە و داوای كردووە بەپێی پێویستی پڕۆژەكە ئاگەدار بكرێَنەوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر، نووسراوێكی كردووە بۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئاماژە بە گۆڕینی پڕۆژەی میترۆی هەولێر دەكات بۆ پڕۆژەی ستی پاس لە هەولێر كە جێی پڕۆژەكە دەگرێتەوە لە هەمان شوێنی مەبەست.

ئاشكرا كراوە كە ئەو پڕۆژەیە لەسەر دوو ڕووبەری جیاواز ئەنجام دەدرێت، یەكیان 87 هەزار مەتر دووجایە و ئەوی تریش 15 هەزار مەتر دووجایە.

سەڵاح جەوهەر بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر، لەبارەی پڕۆژەی ستی پاس بۆ هەولێر، بە"وشە"ی گوتی، ئەو پڕۆژەیە لای ئێمە هیچ كێشەیەكی نییە و ئەوەی هەیە تەنیا ئەوە ماوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هاووڵاتییان سوود لە پڕۆژەكە وەربگرن.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، "بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، چەندان سوود بە هەولێر دەگات وەك بە سیستەمبوونی گواستنەوەی گشتی لە كات و ساتی خۆیدا، نەمانی جەنجاڵی لەناو شەقام و پێدانی سیمایەكی جوان بە هەولێر و كەمبوونەوەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ گواستنەوە".













وشە - رامیار جەواد