مۆراتا خۆی پێشكەشی یانەی بەرشەلۆنە كردووە

:: PM:06:38:12/12/2018 ‌

لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری ئێستای یانەی چێڵسی ئینگلیزی خۆی پێشكەشی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا.

مۆراتا /26 ساڵ/ بەدوای یانەیەكی تر دەگەڕێ تا بەشێوەی سەرەكی یاریی تێدا بكات دوای ئەوەی نەیتوانی تواناكانی خۆی لە یانەی چێڵسی بسەپێنێ.

هەرچەندە یانەی بەرشەلۆنە پێویستی یەكەمی ئێستای یاریزانی هێڵی بەرگری و ناوەڕاستە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا لە هەوڵی دۆزینەوەی هێرشبەری نوێ نەكەوتووە بۆ شوێنی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی بەهۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە.

رادیۆی (RAC1)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: مۆراتا ئامادەیی خۆی پێشانداوە شوێنی یاریكردنی بۆ یاریگەی كامپ نوو بگوازێتەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە رەنگە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە بە داواكەی مۆراتا رازی بن بەهۆی ئەوەی تێچوونی گرێبەستی ئەم هێرشبەرە ئیسپانییە زۆری تێناچێ.

ئەم هێرشبەرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی وەك پێویستی هەلی یاریكردنی لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێ نەدرابوو لەبەر ئەمە هاوینی 2017 ریزی یانەكەی جێهێشت و هاتە خولی نایابی ئینگلیزییەوە.

جێی باسە مۆراتا پێشتر بۆ ماوەی 2 وەرز لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2016 لە ریزی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی یاریی كردبوو و ئاستێكی باشیشی لەگەڵ یانەكەدا پێشكەش كردبوو.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م