بەغدا.. سەدر گورزێكی تری لە مالیكی وەشاند

:: PM:04:39:13/12/2018 ‌

تا دێت ململانێی نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیكی زیاتر دیار دەكەوێت و ئەوان لەگەڵ هەر بۆنە و هەنگاوێك لەدژی یەكتر لاپەڕی كۆنی یەكتر هەڵدەدەنەوە، لەگەڵ مانەوەی هەردوولایشیان وەك دوو یاریكەری كارا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و یەك نەگرتنەوەی بەرژەوەندییەكانیان، پێشبینی دەكرێت دۆخەكە بەرەو تەقینەوە لە نێوانیان بچێت، بەڵام ئەو ململانێیە تا چەند دەڕوات؟، ئە پرسیارەیە كە ناو ماڵی شیعە خۆیان وەڵامی دەدەنەوە.

لەم هەفتەیە ئەندامانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی ئەوەیان كرد كە تەوافوق كراوە بەوەی نووری مالیكی پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، جیا لەوەی نووری مالیكی سووربوونی لەسەرە كاندیدكردنی فالح فەیاز زیاتر لە هاوپەیمانی بینای هادی عامری پێشان دا بەوەی كەس ناتوانێت كاندیدبوونی هەڵوەشێنێتەوە. لێرەدا هاوپەیمانی سائیروون دەستیان بە جووڵە كرد و دووپاتیان كردەوە كە هیچ تەوافوق و لێكگەیشتنێك نییە بۆ پێدانی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار بە مالیكی، بەڵكو ئەو هیچ پۆستێكی لە عێراق پێ نادرێت، جیا لەوەی دووپاتیان كردەوە كە لەسەر پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق و شكاندنی نیسابی یاسایی بەردەوام دەبن ئەگەر عادل عەبدولمەهدی لە كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی ناوخۆ بەردەوام بێت. 

سائیروون لەوە زیاتر رۆیشت و دوێنێ چوارشەم مالیكی بە مایەپووچی سیاسی تۆمەتبار كرد بەوەی چەند هەوڵێكی بێبایەخ دەدات بۆ گەرانەوەی بۆ دەسەڵات لە رێگەی چەند لێدوانێكەوە كە هیچ پێوەندی بە راستییەوە نییە و دووپاتیان كردەوە كە هیچ رێككەوتننێك بوونی نییە بۆ پێدانی هیچ پۆستێك بە مالیكی لە دەوڵەتی عێراق و ئەوان و هاوپەیمانی ئیسڵاح نایەڵن ئەوە تێپەڕ بكرێت. 

هاوپەیمانی سائیروون لەسەر زاری غایب عومێری، پەرلەمانتار ئاماژەی كرد، چەند كەسایەتییەكی ناسراو بۆ هەمووان كە زۆر گومانیان لەسەرە و هۆكاری سەرەكی بوون بۆ كەوتنی چەند شارێكی عێراق بە دەستی داعشەوە، پێشتر بۆ ماوەیەكی درێژ ئەوان تاقی كراونتەوە و ئێستەیش هیچ هیوایەكیان نییە بەوەی لە رێگەی پەرلەمانەوە هەلێكی تریان پێ بدرێت، مەبەستی مالیكی بوو. لەوكاتەی شەمووی رابردوو مالیكی رای گەیاند كە هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەهۆی سەپاندنی ویستی خۆی بەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران.

دوێنێ چوارشەم موقتەدا سەدر سەركەوتنێكی تری بەسەر نووری مالیكی تۆمار كرد بەوەی توانی پۆستی پارێزگاری بەغدا بەدەست بێنێت كە لای چاودێران ئاماژەیەكە بۆ زیادبوونی كاریگەرییەكانی سەدر و پاشەكشەی نووری مالیكی و حزبی دەعوە و هاوپەیمانەكانی. ئەو سەركەوتنەی گرنگییەكی رەمزی هەیە، چونكە بەسەر نەیارێكی سەرسەخت تۆمار كراوە كە نووری مالیكییە، ئەوەیش لە چوارچێوەی جەنگێكی فرەوانتر لەسەر پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق.

ئەو سەركەوتنەی فازڵ شویلی، كاندیدی سەدر بە پۆستی پارێزگاری بەغدا ئاماژەیەكە بۆ زیادبوونی هێز و كاریگەری سەدر لەسەر گۆڕەپانی عێراق لە بەرانبەر پاشەكشەی مالیكی كە پێشتر ماوەی هەشت ساڵ سەرۆك وەزیرانی بوو و دواتریش جێگری سەرۆك كۆمار، كەچی دەوڵەتی یاسا نەیتوانی دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگار دوا بخات لە بەرانبەر زۆرینەیەك كە رەوتی سەدر كۆی كردبوونەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی بەر لە دوو ساڵ دەوڵەتی یاسا توانیبووی پۆستەكە لە سەدرییەكان وەربگرێت. 

لە ماوەی ساڵانی رابردوو ململانێكانی نێوان سەدر و مالیكی بەردەوام بووە و ئەوان هەموو درووشەمەكانی هەڵیان گرتووە مەبەستیان یەكتر بووە و كڕۆكی ناكۆكییەكانیشیان دەسەڵات و دەسترۆیشتووییە، سەدر بە بەردەوام شەقامی لە دژی مالیكی و حزبی دەعوە هانداوە، لەو كاتەی حزبی دەعوە هەڕەشەی دووبارەكردنەوەی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی لێكردن كە لە 2008 هێزەكانی سەر بە حكوومەتی مالیكی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە دژی چەكدارانی سەر بە سەدر بەناوی "سەوڵەی فورسان" ئەنجامیان دا و تا ئێستەیش سەدر لەبیری نەكردووە. 

لێرە ئەگەری كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەو ململانێیەی نێوان سەدر و مالیكی و بۆ سەر پرۆسەی سیاسی و پێكهاتەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدیش كراوەن، لەو ناوە هێزەكانی تری وەك عەمار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی كە هەموویان كۆنە نەیاری مالیكین، رۆڵیان دەبێت لە شكاندنەوەی تای تەرازووەكە بۆ بەرژەوەندی سەدر كە كۆنترۆڵی سەقامی عێراقی دەكات.

بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەو پەرتەوازەییەی ناماڵی شیعە، لایەنی دەرەكی رۆڵی كاریگەریان دەبێت لەو دۆسیەدا، بەو پێیەی كاریگەرە بۆ سەر هەڵوێست و بڕیارەكانی داهاتووی عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەك ئێران و توركیا قبووڵی ناكەن دۆخەكە دوور لە بەرژەوەندی ئەوان یەكلا بێتەوە، ئەگەرچی تا ئێستە هەڵوێستی ئێران بە بەرانبەر سەدر تەواو روون نییە، بەڵام دیارە كە چاوەڕوانی دوا ساتەكان دەكات بۆ سەپاندنی هەڵوێستی خۆی بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی.   
 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل