هاوپه‌یمانى سائیروون راى گه‌یاند، بۆ ته‌واوكردنى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عادل عه‌بدولمه‌هدى دوایین مه‌رجیان ئه‌وه‌یه كاندیدى حزبه‌كان بۆ وه‌زاره‌ته‌كان لابدات بۆئه‌وه‌ى بتوانرێت له دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق پێكهێنانى حكوومه‌ت ته‌واو بێت.
جه‌مال فاخر په‌رله‌مانتار له هاوپه‌یمانى سائیروون له لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى"
بغداد الیوم" راى گه‌یاند، ئه‌وان داوا له عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن كاندیدى حزبه‌كان بۆ هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه بگۆڕن و كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ دابنێن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى سائیروون دووپاتى كرده‌وه ئه‌مه تاكه مه‌رجى ئه‌وان بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى و گوتی" له دانیشتنى رۆژى سێشه‌مى داهاتوو ته‌واوكردنى حكوومه‌ت یه‌كلا ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدى سه‌ربه‌خۆ بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى دابنێت".
هه‌فته‌ى رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌شت كاندیدى بۆ هه‌شت وه‌زاره‌ته‌كه به په‌رله‌مان دا ، به‌ڵام هاوپه‌یمانى سائیروون وچه‌ند لایه‌نێكى تر بایكۆتى دانیشتنه‌كه‌یان كرد و دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ ده‌نگداندان به هه‌شت كاندیده‌كه شكستى هێنا.
له 24ى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، عادل عه‌بدولمه‌هدى حكوومه‌تى به 14 وه‌زاره‌ته‌وه راگه‌یاند و هێشتا كاندیدى هه‌شت وه‌زاره‌ت یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه.