په‌كه‌كه سوودمه‌ندی سه‌ره‌كییه
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له ئێرانه‌وه به قاچاخ چه‌ندان جۆری ئاژه‌ڵ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن. ژماره‌یه‌ك بازرگانی ئێرانی به رێی نایاسایی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕ و ماڵاتی وڵاته‌كه‌یان به‌تایبه‌ت "كاوڕ و به‌رخ" له ناوچه‌ی سنووری خواكوڕك، لۆلان، خنێره و كهنداكۆڵا ده‌هێننه سیده‌كان له سنووری شارۆكه‌ی سۆران و دواتر بۆ شاره‌كانی كوردستان و عێراقی ره‌وانه ده‌كه‌ن.
هاورده‌كردنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه بۆ بازرگانانی ئێرانی هێنده كارێكی ئاسان نییه، وه‌ك كه‌یوان حه‌میدی بازرگانی ئێرانی بۆ "وشه" باسی كرد، ئه‌وان سێ شه‌و و رۆژ به‌ڕێدا ده‌ڕۆن تا ده‌گه‌نه ناوچه‌ی خنێره‌ی سه‌ر به شاره‌دێی سیده‌كان. به‌گوته‌ی خۆی، له رێ چه‌ندان ئاسته‌نگیان بۆ دروست ده‌بێت به‌هۆی هه‌بوونی پاسداری ئێرانی له‌سه‌ر سنوور و زۆر جاریش ته‌قه‌یان لێ ده‌كرێ یان ده‌ست به‌سه‌ر ماڵاتهكهدا ده‌گیرێت.
له رۆژانی رابردوو به‌هۆی سه‌رما و سۆڵه‌ی كوێستانه‌كانی سنووره‌كه، یه‌كێك له شوانه‌كان به‌هۆی سه‌رما ره‌ق بووه‌وه و گیانی له ده‌ست دا و ته‌رمه‌كه‌یان گه‌ڕانده‌وه ئێران.
به‌قسه‌ی شوانكار و بازرگانه ئێرانییه‌كان، به‌هۆی ته‌قه‌كردنی سوپای ئێران هه‌میشه ژیانیان له مه‌ترسیدایه، به‌ڵام به ناچاری ئه‌و كاره پڕ مه‌ترسییه ده‌كه‌ن و بژێوی خۆیان و ماڵ و منداڵیان دابین ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی كاسبكاران هیچ مووچه‌یان نییه و كار له ئێرانیش نه‌ماوه بیكه‌ن.
رێبه‌ر یوسف گه‌نجێكی دانیشتووی شاره‌دێی سیده‌كان، ماوه‌یه‌كه كاری كڕین و فرۆشتنی مه‌ڕ و ماڵاتی ئێرانی ده‌كات. ئه‌و به"وشه"ی گوت، ئاژه‌ڵی ئێرانی به‌هۆی دابه‌زینی نرخی تمه‌ن وه‌ك پێویست له ئێران پاره ناكات و به‌و هۆیه‌وه ره‌وانه‌ی عێراق و كوردستانی ده‌كه‌ن، بازرگانانی ئێرانی به‌قاچاخ مه‌ڕ و به‌رخ ده‌هێننه سه‌ر سنووری باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سنووری سیده‌كانه‌وه.
رێبه‌ر روونی ده‌كاته‌وه، "بازرگانانی ئێران له دوو هێڵه‌وه كاوڕ و مه‌ڕ و ئاژه‌ڵی وڵاته‌كه‌یان هاورده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، له رێی گونده‌كانی مه‌رگه‌وه‌ڕ و شنۆ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه بۆ باشووری كوردستان دێن، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و مه‌ڕ و ماڵاته‌ی له شنۆوه دێته خنێره و ئه‌وه‌ی مهرگهوهڕیش به نازدارێ داخێ هاورده ده‌كرێن و له كهنداكۆڵا هه‌ردوو هێڵه‌كه یه‌ك ده‌گرن.
"له كهنداكۆڵا كاسبكارانی باشووری كوردستان چاوه‌ڕوانی هاتنی مه‌ڕوماڵات ده‌كه‌ن و له‌وێ لێیان ده‌كڕنه‌وه، دواتر چه‌ند شوانێكی ده‌گرن به پێ تا بێركم و سنین ئاژه‌ڵه‌كه ده‌به‌ن، له‌وێ به ئۆتۆمبێل بۆ مه‌یدانی ئاژه‌ڵی هه‌ولێر ده‌یگوازنه‌وه، به‌هه‌مانشێوه‌ش به كڕیاره‌كانی خۆیان له هه‌ولێر ده‌یفرۆشنه‌وه" رێبه‌ر وا ده‌ڵێ.
كاسبكار و بازرگان و قه‌سابه‌كانی كوردستان مه‌ڕ و ماڵاتی ئێرانی به كیلۆ و به تمه‌ن ده‌كڕن و له ناوچه‌ی كهنداكۆڵای سه‌ر سنووری شاره‌دێی سیده‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته قه‌پان دانراوه، دوای هێنانی ئاژه‌ڵی ئێرانی، له‌وێ له قه‌پانی ده‌ده‌ن. بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك كاوڕ 30 هه‌زار تمه‌نی ئێرانی ده‌ستێنرێت كه ده‌كاته نزیكه‌ی سێ هه‌زار دیناری عێراقی.
ئه‌و بازرگانه ئاشكرای ده‌كات، كڕین و فرۆشتنی ئه‌و مه‌ڕ و ماڵاته هه‌مووی به تمه‌نی ئێرانییه و نرخه‌كه‌ی زۆر هه‌رزانه و كڕیاره‌كانیشی به‌شی زۆری عه‌ره‌بن و خواستی زیاتریان له‌سه‌ر كاوڕی ئێرانی هه‌یه، نرخی گۆشتی كاوڕی ئێرانی له مه‌یدانی هه‌ولێر له نێوان سێ هه‌زار تا چوار هه‌زار دیناره، ئه‌مه‌ش به‌راورد له‌گه‌ڵ گۆشتی مه‌ڕ و بزنی خۆماڵی كوردستان زۆر هه‌رزانه، چونكه گۆشتی كاوڕی خۆماڵی له بازاڕه‌كانی كوردستان به زیاتر له 10 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت.
له ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند جهلهبێكی هاووڵاتییان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه گیران و تا ئێسته پێیان نه‌دراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش زیانی چه‌ندان ملیۆنی به هاووڵاتییان گه‌یاندووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش كاره‌كه هێشتا به‌رده‌وامه به‌و پێیه‌ی خێرێكی باشی بۆ هه‌ردوولا تێدایه.
ئه‌و مامه‌ڵه نایاساییه خێرێكی باشی بۆ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه"ی تێدایه، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، په‌كه‌كه ناهێڵێت یه‌ك كاوڕ و مه‌ڕ به‌بێ گومرگ بۆ باشووری كوردستان بچێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌ی كهنداكۆڵا و سه‌رسنوور، گومرگیان داناوه و بۆ هه‌ر سه‌ر كاوڕ و به‌رخێك، حه‌وت هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، به‌شێوه‌یه‌ك به‌لایه‌نی كه‌م رۆژانه نزیكه‌ی هه‌زار سه‌ر كاوڕ هاورده ده‌كرێن، به‌مه‌ش په‌كه‌كه رۆژانه حه‌وت ملیۆن دیناری ده‌ست ده‌كه‌وێت، به قسه‌ی هاووڵاتییانیش بێت، به‌بێ گومرگ ته‌نیا یه‌ك كاوڕیش تێبپه‌ڕێت، ئه‌وا له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه سزای توند ده‌درێن و له‌و كاسبییهش دوور ده‌خرێنه‌وه.
جیا له سنووری كارگێڕی شاره‌دێی سیده‌كان، هاوكات مه‌ڕ و ماڵاتی ئێرانی له سنووری قه‌ڵادزێ و سلێمانی به‌شێوه‌ی قاچاخ هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێن، هیچ پشكنینێكیش بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵ و مه‌ڕ و ماڵاته ناكرێت كه دێنه ژووره‌وه، به‌پێی شاره‌زایانی بواری ڤێته‌رنه‌ری، له چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی گوازراودا، ئه‌گه‌ر هه‌یه ئاژه‌ڵی خۆماڵی كوردستانیش تووشی نه‌خۆشی ببن و له هه‌مان كاتدا هه‌ندێ نه‌خۆشیی ئاژه‌ڵ بۆ مرۆڤیش ده‌گوازرێنه‌وه.
له هه‌ردوو رووی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نزیكه‌ی 100 كه‌س به كاری هێنانی مه‌ڕ و ماڵاتی ئێرانییه‌وه سه‌رقاڵن و رۆژانه ئه‌م كاره‌یان بووه‌ته پیشه و كاسبی .
زه‌ید له‌تیف شاره‌زا له بواری ڤێته‌رنه‌ری، به"وشه"ی راگه‌یاند، "هاورده‌كردن و هێنانه ژووره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕ و ماڵاتی ده‌ره‌كی بۆ ناو كوردستان به‌شێوه‌ی قاچاخ و به‌بێ پشكنین، كارێكی یه‌كجار مه‌ترسیداره، چونكه ئه‌گه‌ری زۆره ئاژه‌ڵه بیانییه‌كه هه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كانی ڤایرۆسی و به‌كتریایی و نه‌خۆشییه‌كانی پێست بن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی گواستنه‌وه‌ی بۆ له‌وه‌ڕگا و گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی بۆ ئاژه‌ڵی ساغ وه‌ك نه‌خۆشیی fmd شه‌لكه و دهمكولی و كلۆستریدیۆم، گڕواتی و چه‌ندان نه‌خۆشیی تر، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی ئاژه‌ڵی خۆماڵی و دواجار زیانی زۆری ئابووری به‌خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان و حكوومه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه پێویسته حكوومه‌ت هه‌رچی زووه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بێته سه‌ر خه‌ت .
یاسای گومرگی عێراقی ژماره 23ی ساڵی 1984 كه ئێسته كاری پێ ده‌كرێت له عێراق، ئه‌حكامه‌كانی تاوانه‌كانی گومرگی رێكخستووه، له‌وانه‌ش هێنان و هه‌نارده‌كردنی كه‌لوپه‌ل به‌شێوه‌ی نایاسایی، ئه‌م یاسایه له 271 ماده پێكهاتووه و دابه‌ش كراوه بۆ سه‌ر 18 به‌ش.
حه‌سه‌ن مسته‌فا یاساناس و مامۆستای زانكۆ له‌باره‌ی هێنان و هه‌نارده‌كانی كه‌لوپه‌ل به‌شێوه‌ی قاچاخ و نایاسایی، به"وشه"ی راگه‌یاند "هه‌ر كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كێك له‌رێی ده‌روازه‌ی سنووری نه‌گوازرێته‌وه، به نایاسایی داده‌نرێت و سزای توندی بۆ دیاری كراوه، تاوانكار له‌م جۆره تاوانانه جگه له سزای جه‌سته‌یی، رووبه‌ڕووی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌كان و ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه و سزادان ده‌بنه‌وه."
ئه‌و یاساناسه روونی ده‌كاته‌وه كه، "به‌گوێره‌ی ماده‌ی 191 له یاسای گومرگی عێراقی، كرداری قاچاخچێتی یان هێنان و بردنی شتومه‌كی قاچاخ، بریتییه له هێنانی كه‌لوپه‌ل بۆ عێراق یان ناردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌حكامه‌كانی یاسای گومرگ و به‌بێ وه‌رگرتنی باج یان به‌شێك له رسومات یاخۆ باجی گومرگی. به‌پێی ماده‌ی 192 یاساكه، تاوانه‌كانی قاچاخچێتی به كه‌لوپه‌ل دیاری كردووه.
ئاماژه‌ی دا، له ماده‌ی 194 سزای ئه‌و كه‌سانه‌ی دیاری كردووه كه كرداری قاچاخچێتی به كه‌لوپه‌ل ده‌كه‌ن به‌م شێوه‌یه، زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه له مانگێك كه‌متر نه‌بێت و له پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت، هه‌روه‌ها غه‌رامه‌ی گومرگی كه وه‌ك قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی گومرگ، ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌له‌كان.
ئیحسان چه‌له‌بی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان، به"وشه"ی راگه‌یاند، "وه‌ك یه‌كه‌ی ئیداریی سیده‌كان ئاگاداری ئه‌و كاره نین، هه‌ر شتێكی واش هه‌بێت نایاساییه، وه‌ك حكوومه‌ت ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ی فه‌رمی ده‌كه‌ین و هه‌ر كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كێك به‌بێ ده‌روازه هه‌نارده یا هاورده بكرێت، به قاچاخ و نایاسایی ده‌زانین .
" وشه" بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر له هاتنی مه‌ڕ و ماڵاتی ئێرانی، پێوه‌ندی به به‌تالیۆنی پاسه‌وانی سنووری سیده‌كانیش كرد، سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌و به‌تالیۆنه بێئاگایی خۆی راگه‌یاند و گوتی دوور و نزیك ئاگاداری كارێكی وا نین .
سیده‌كان كه‌وتووه‌ته سێگۆشه‌ی سه‌ر سنووری نێوان كوردستان، توركیا و ئێران، به دووری 144 كم له باكوری رۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر هه‌ڵكه‌وتووه، خاوه‌نی 250 گونده، زیاتر له 100 گوندی به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه و بۆردمان و تۆپبارانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه، له دوو ساڵی رابردوو كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكوومه‌تی كوردستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی مه‌رزێكی فه‌رمی له سنووری كێله‌شینی سیده‌كان، به‌ڵام تا ئێسته به‌فه‌رمی ده‌ست به جێبه‌جێكردنی نه‌كراوه.
سیده‌كان- مورشید برادۆستی