كورهیهكى ئاسن له بازیان ته‌قییه‌وه و قوربانى هه‌یه
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی كوره‌یه‌كی ئاسن له شاره‌دێى بازیانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی كرێكارێك گیانی له ده‌ستداو یه‌كێكی تریش به سه‌ختی برینداربووه.
سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، له شاره‌دێى بازیانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی كوره‌یه‌كی ئاسن ته‌قیوه‌ته‌وه له ئه‌نجامدا سه‌ره‌ڕای زیانی مادی زیانی گیانیشی به دواوه بووه.
زیاتر گوتى، به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌وه كرێكارێكی بیانی كه له ناو كوره‌كه بووه گیانی له ده‌ستداوه و كرێكارهكهش بیانییه و له‌و كوره‌یه ماوه‌یه‌كی زۆره كار ده‌كات.
ڕوونیشى كرده‌وه كه به‌هۆى ئه‌و ڕووداوه‌وه كرێكارێكی تر به سه‌ختی بریندار بووه و دۆخی ته‌ندروستی جێگیر نییه.
وه‌ك سه‌باح هه‌ورامى گوتى، كرێكاره برینداره‌كه له فریاكه‌وتنی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ژێر چاودێریه و لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه ده‌ستی پێ كردووه.
پێشتریش كوره‌ى ئاسن له بازیان ته‌قیوه‌ته‌وه و قوربانى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام هۆكار و ئه‌نجامى هیچ له‌و ڕووداوانه ئاشكرا نه‌كراون.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم