به‌غدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی ڕه‌وانه‌ كرد

:: AM:09:05:15/12/2018 ‌
بڕیارە سبەی پارەكەی بەغدا بۆ تەواوكردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگاتە بانكەكان و دابەشكردنی مووچەیش خێراتر دەبێت بۆ ئەو مانگە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارە رۆژی یەكشەم كە دەكاتە سبەی، حكوومەتی عێراق 317  ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەتوانێ بەخێرایی سوود لەو پارەیە وەربگرێت و دابەشكردنی مووچەیش خێراتر بكرێت، هەروەها دوو مانگی ڕابردوو عێراق لە 14ـی مانگ ئەو پارەیەی دەنارد، بەڵام بەهۆی بوونی پشوو لەو مانگە ئەو بڕە پارەیە بۆ 16ـی ئەو مانگە دواخرا.

ئاشكرای كرد، پێویستە مووچەی ئەو مانگە خێراتر بێت و نەگات بە 25ـی مانگ، چونكە پشووەكان دەست پێ‌ دەكات بۆ سەری ساڵ و 25ـی مانگیش پشووە.

ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی 11ی كانوونی یەكەم ڕابردوو، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە، 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت و چیتر مووچە پاشەكەوت ناكرێ.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دابینی دەكات، مانگانەیش ئەمەریكا 24 ملیار دینار ڕاستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.



وشە - رامیار جەواد