بەرشەلۆنە دەستی بە هەنگاوەكانی جێگرەوەی سوارێز كرد

:: PM:02:53:15/12/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كار لەسەر ئەوە دەكات لەم زستانە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێكی نوێ بكات بۆ ئەوەی كەمێك پشوو بە لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی بدات.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەدوای هێرشبەرێكی لاوی نوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆكانی سەر سوارێز كەم بكەنەوە.

هێرشبەرەكەی پێشووی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی ئێستا لە تەمەنی 31 ساڵیدایە و هەر لەبەر ئەمەشە یانە كەتەلۆنییەكە بەدوای هێرشبەرێكی نوێ دەگەڕێ.

لەچەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە ئەلڤارۆ مۆراتا داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردووە هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ بدەن، بەڵام رۆژنامەكە ئەم دەنگۆیانەی رەت كردەوە بەهۆی ئەوەی یانەكە پێیوایە نرخی هێرشبەرەكەی یانەی چێڵسی زۆرە.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن كە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوودا هەوڵ بۆ رازیكردنی 2 هێرشبەر دەدات كە ئەوانیش برێتین لە كاسپەر دۆلبێرگی هێرشبەری یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی و تیمۆ ڤێرنەری هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م