هۆی جێهێشتنی عێراق لەلایەن کازم ساهر و نەگەڕانەوەی ئاشکرا دەبێ

:: PM:04:57:15/12/2018 ‌
پێگەی "فەرفیش" راپۆرتێكی رژدی لەبارەی هەڵوێستی سەدام حوسێن سەرۆكی لەداردراوی عێراق بەرانبەر بە ئەستێرەكانی هونەر بڵاو كردووەتەوە. لەو راپۆرتەدا رۆشنایی خراوەتە سەر ئەو فیلمە سیاسییانەی لەبارەی خۆی و سیاسەتەكانی هاتوونەتە بەرهەم. هاوكات گۆرانیبێژێكی ناوداری عێراقی چونكە بە سەرخۆشی قسەی لە سەدام گوتبوو، لە داری داوە. "وشە"یش بەشێك لە راپۆرتەكە بڵاو دەكاتەوە.

سەدام بەوە ناسرابوو كە بەردەوام دەیویست وەك كەسایەتیی كاریزمایی دەربكەوێت، بۆیە دەستی دەكردە ناو زۆربەی بوارەكانەوە كە لە بەرژەوەندی خۆی بووبێت. لە ساڵی 1983 فیلمێكی سینەمایی بەرهەم هێنا بەناوی "صراع الولائات" كە زۆرینەی ئەكتەرەكانی ئەو فیلمە بەریتانیی بوون، لەناویاندا "ئۆلیڤەر رید" رۆڵی سەرەكی بینیبوو، بودجەی ئەو فیلمە ئەوكات گەیشتە 30 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

لەبارەی فیلمەكەوە پێگەكە زیاتر دەنووسێت، چونكە ئەو ئەكتەرانەی بەشدارییان لە فیلمەكە كردبوو زۆرترین پارەیان دەسكەوت بوو، بۆیە بابەتی فیلمەكەیان بەلاوە گرنگ نەبووە لەكاتێكدا فیلمەكە قسە لەسەر لەدایكبوونی عێراقێكی نوێ بەدەستی شۆڕشگێڕەكانی حزبی بەعس دەكات. بۆ ئەوەیان ئۆلیڤەر رید خۆی سەردانی سەدامی كردبوو. لەگەڵ ئەوەیشدا فیلمەكە بە فراوانی بڵاو نەكرایەوە و بۆ ئێستە كەوتووەتە خانەی لە بیرچوونەوە.

دەزگەی سینەمایی عێراقی لە ساڵی 1981 فیلمی "القادسیە"ی بەرهەم هێنا. ئەو فیلمە وێڕای فیلمێكی مێژووییە، بەڵام لە ناواخندا سیاسی بووە و ئەوكات شەڕی عێراق- ئێران دەستی پێ كردبوو كە سەدام ناوی شەڕەكەی كردبووە "القادسیە"، بەڵام زۆرینەی ئەو ئەكتەرانەی بەشدارییان لە فیلمەكە كردووە، وەك خۆیان رایان گەیاندووە، ئەوان وەك فیلمێكی مێژوویی بەشدارییان كردبوو، كەچی دواتر دەركەوت كە پەیامی فیلمەكە سیاسی بوو و سەدام خۆی لە پشتی بابەتی فیلمەكە بووە.

ئەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لە فیلمی "القادسیە" كردبوو و رۆڵی سەرەكییان بینیبوو، پێكهاتبوون لە عزەت عەلائیلی، سوعاد حوسنی لەیلا تاهیر. لەدوای فیلمەكە عەلائیلی رای گەیاندبوو كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئاگایان لە پەیامی سیاسیی فیلمەكە نەبووە، بەڵكو وەك فیلمێكی مێژوویی رازی بوون بەشداریی تێدا بكەن، بۆیە پێیان وابوو ئەوە لەلایەن سەدامەوە تەڵەیەك بووە و بۆیان دانراوەتەوە.

نەك تەنیا فیلمە سیاسییەكان كە سەدام خۆی لە پشتیان بووە و پارەیەكی زۆری بۆ بەرهەمهێنانیان خەرج دەكرد، هاوكات زۆر هونەرمەندی بواری گۆرانیش لە ترسی سەدام نەیانوێراوە خۆیان لە سێبەری ئەو دیكتاتۆرە رزگار بكەن. پێگەكە ئاماژەی بە چەندان ناوی دیاری گۆرانیی عێراقی دەكات وەك سەباح ئەلسەهل كە بە فەرمانی سەدام لە دار دراوە، هاوكات كازم ساهیر و زۆری تر.

لە ساڵی 1993 كاتێك هونەرمەند سەباح ئەلسەهل كە گۆرانیبێژێكی زۆر ناوداری عێراقی بوو و لە ئاهەنگێكدا گۆرانیی گوتبوو، لە دوای پێشكەشكردنی گۆرانییەكانی، دەزگەی تایبەتی ئەمن ئەو هونەرمەندەیان گرتبوو بەتۆمەتی ئەوەی بە سەرخۆشی قسەی بە سەدام گوتووە، دواتر لە هەمان ساڵ و بەماوەیەكی كەم لە گرتنی، لە دار درا.

پێگەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە رێی عودەی كوڕی گەورەی سەدامەوە سووكایەتییەكی زۆر بە هونەرمەندان كراوە بەتایبەتی كازم ساهیر، بۆیە دوای ئەو سووكایەتییە، ساهیر عێراقی بەجێهێشتووە و رووی لە هەندەران كرد.

پێگەكە زیاتر دەنووسێت، بەپێی كتێبی "پزیشكی سەدام بووم"ی عەلا بەشیر كە لەوێدا باسی ئەو سووكایەتییە دەكات كە عودەی بە ساهیری كردبوو، لە پێوەندییەكدا عودەی بە ساهیری گوتووە دەمەوێ ئەمشەو لە ئاهەنگێكدا دڵم خۆش بكەیت، ساهیر وێڕای پێی خۆش نەبووە بچێت، بەڵام بەهۆی دڕندەیی عودەی ناچار بووە رۆیشتووە، لە دوای ئاهەنگەكە عودەی پێی گوتووە تۆ لە هەموو ئاهەنگەكاندا واژووی خۆت بۆ كچان دەكەیت، ئێستەیش دەبێ واژوو بۆ من و هاوڕێكانم بكەیت.

پێگەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، دواتر عودەی پێڵاوەكەی خۆی لە پێ داكەندووە و رووی لە ساهیر كردووە تا واژووی لەسەر بكات، ئەویش لە ترسی ژیانی خۆی، ناچار بووە واژووەكە بكات، دوای ئەویش ناچار كراوە واژوو لەسەر پێڵاوی هەموو هاوڕێكانی بكات، بۆیە ساهیر لە دوای ئەو ئاهەنگە، عێراقی بەجێ هێشت و ئیتر بۆی نەگەڕایەوە.








وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د