لای بەشێك لە نووشتەچییەكان چی دەگوزەرێت؟

:: PM:07:38:18/12/2018 ‌

هەفتەی رابردوو لە شارێكی باكوری رۆژهەڵاتی مەغریب (بوركان)، ئابڕووچوونێك لەناو خەڵكەكە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە كە پاڵەوانەكەی نووشتەچییەك بوو، ئەو سوودی لە نیازپاكی و سادەیی خەڵكەكە بینیوە بۆ ئەوەی نووشتەچیاتی بكاتە ئامرازێك بۆ سوودوەرگرتن لە ژنان و ئەنجامدانی كاری سێكسی لەگەڵیاندا و دواتر هەڕشە لێكردنیان بە مەبەستی پارە وەرگرتن لێیانەوە، بەتایبەتی لەوانەی بۆ مەبەستی چارەسەری چوونەتە لای و خۆیان وەك كەنیزەك بۆ ئەو ساختەكارە دۆزیوەتەوە. 

لەو كاتەی ژنان خۆیان رەتی دەكەنەوە لەو بارەوە قسە بكەن لە ترسی ئابڕووچوون، بەتایبەتی كاتێك ئەو نووشتەچییە لەكاتی سێكسكردن لەگەڵ قوربانیانی، وێنەی ئەوانی گرتووە و هەڕەشەیان لەو رێگەوە لێ دەكات، گەنجێكی ئەو شارە بەناوی محەمەد لەو بارەوە دەڵێت، خەیاڵمان نەدەكرد كە هەموو ئەوانە بۆ كچانی شارەكەمان روو بدات، ئەو نووشتەچی نییە، ئەو دڕندەیە. زیاتر دەڵێت، ئەو ئابڕووچوونە وای كردووە كە خەڵكانێك گومان لە هاوسەر و خوشك و كەسانی نزیكی خۆیان بكەن كە لە نێوان ئەو ژنانە بن كە بوونەتە قوربانی دەستی ئەو نووشتەچییە.

هۆكاری ئاشكرابوونی تاوانەكانی ئەو نووشتەچییەی بوركان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كاتێك كچێكی تەمەن سەرووی 20 ساڵ لە شاری وەجدە تووشی خەمۆكی بووبوو و رووی كردووەتەوە لای ئەو نووشتەچییە بۆ چارەسەركردنی، ئەو لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە داوا لە مەغریبییەكان دەكات پاڵپشتی لێ بكەن و لە ناوزڕاندنی بوەستن، دووپاتی كردەوە كە ئەو وەك دەیان كچ و ژنی هاوسەردار كە دووچاری هەمان دەستدرێژی سێكی هاتوونەتەوە، قوربانییە.

ئەو كچە دەڵێت، نووشتەچییەكە لە یەكەم دانیشتن داوای لێ دەكردین كووپێك ئاو بخۆینەوە كە مادەیەكی بێهۆشكەری تیادا بوو، بۆ ئەوەی دوای ئەوە هەستمان بەوەی دەیكەین نەمێنێت، هەر ئەوەیش لەلایەن تۆمەتبارەكەوە لەبەردەم لێكۆڵەرەوەكانەوە دانی پێدا نراوە، وەك كچەكە گوتی. دووپاتی كردەوە، ئەو كاتەی بە خەبەر هاتم هەستم كرد شتێكی نامۆم بە سەر هاتووە و دوای بەهۆشهاتنەوەم بە تەواوەتی بۆم دەركەوت كە سێكسم لەگەڵ كراوە، بۆیە هاوارم كرد و هەوڵم دا ئابڕووی ببەم، بەڵام ئەو گرتەیەكی تۆماری ڤیدیۆیی سێكسكردنی لەگەڵ من پێشان دام، بەر لەوەی سەرپشكم بكات لە نێوان دووبارە سەردانیكردنەوەی یان بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكە.  

ئەو كچە دەڵێت، ئەو نووشتەچییە هەڕەشەی لێ كردووە و فشاری خستووەتە سەری و بۆی دەركەوت كە كەوتوووەتە ناو تەڵەوە، بۆیە بە بەردەوام دوودڵ بووە لە ئاشكراكردنی ئەو بابەتە بەهۆی ترسی لە خێزانە پارێزگارەكەی تا كاتێك نووشتەچییەكە پێوەندی پێوە دەكات و داوای ئامادەبوونی بۆلای لێ دەكات و ئەویش لە كۆتاییدا بڕیاری ئابڕووبردنی دەدات، ئەو كچە بە دەنگێكی خەمبارەوە داوا لە مەغریبییەكان دەكات چیتر ڤیدیۆكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوبەشی پێ نەكرێت و ئاماژەی كرد كە ئەو لەلایەن ئەو پێویستی بە چارەسەری دەروونی بووە و لەلایەن ئەو نووشتەچییەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر. 

دوای ئەو رووداوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندان پرس و باس و كۆمێنت بڵاو بوونەوە كە رەخنە لە نووشتەچییەكان دەگرن و ئەو كارە بە دەستدرێژی سێكسییەوە دەبەستنەوە، مریەم قوربانییەكی تری نووشتەچییەكانە لە شاری دارولبەیزا بە دەنگێكی كز و خەمبارەوە و بە رووخسارێكی شەكەت لە ئەنجامی بیركرنەوەی قووڵ دەڵێت، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێوەندیم بە نووشتەچییەكی ناودار كرد و چوومە شوێنەكەی و پێی گوتم كە جادووم لێ كراوە و جنۆكە لەناو لەشمە كە نایەڵێت شوو بكەم.

روونی كردەوە، بۆیە ئەزیەتی دەدام و دواجار هەوڵی دا دەستدرێژیم بكاتە سەر، بەڵام نەمهێشت و شوێنەكەم جێهێشت، ناشتوانم لە دادگا سكاڵای لێ بكەم، چونكە كۆمەڵگایەكە لۆمەی من دەكات. ئیلهام تاڵبی رۆژنامەوان لەو بارەوە دەڵێت، بۆ نزیككردنەوەی وێنە و رووداوەكان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاری نووشتەچییەكان كە چۆن بەناوی چارەسەركردن سوود لە قوربانییەكانی ژێر دەستیان وەردەگرن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناودارترین نووشتەچیم هەڵبژارد كە گەنجێكی 30 ساڵییە بانگەشەی ئەوە دەكات جنۆكە لە لەش دەردەكات و جادوو بەتاڵ دەكاتەوە، جیا لە توانای تری ئەفسووناوی كە نەخۆشان بۆ خۆی رادەكێشێت. 

پێوەندیم بەو نووشتەچییەوە كرد بەوەی من نەخۆشم و سكرتێرەكەی گوتی دوای هەفتەیەك پێوەندی بكەمەوە، دوای پێوەندیكردنەوەم گوتی ئاخۆ دەمەوێ بە تەنیا بیبینم یان بە كۆمەڵ كە نرخەكانیان جیاوازە، جیا لەوەی سروشتی نەخۆشییەكەیش نرخ دەگۆڕێت، بۆیە چوومە شوێنەكە و داوای بینین بە كۆمەڵم كرد لەگەڵ پێنج ژن، دوای سێ سەعات چاوەڕوانیكردن نۆرەی چوونە ژوورەوەم هات و لەگەڵ چوونە ژوورەوەمان دەستی خستە سەر سەری هەر یەكێكمان و بە پەلە حاڵەتی ئێمەی دەستنیشان دەكرد، لەو ژنانە هەبوو دەستی بە گریان دەكرد و پاڵپشتی لە قسەكانی نووشتەچییەكە دەكرد و كاتی نۆرەی من هات پێی گوتم جن دەستی لێ وەشاندوویت و دەستی كرد بە خوێندنی قورئان، لەو كاتەی ژنەكانیتر لەبەر زۆری گریان لەهۆشخۆیان دەچوون و لەسەر زەوی رادەكشان و قسەی بێ مانای روونیانت دەگوتەوە.

ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت، دانیشتبووم و چاودێری دۆخەكەم دەكرد كە چۆن بە پەلەتر و بە دەنگی بەهێزتر قورئانی دەخوێندەوە، دواتر بێدەنگ بوو و هەریەك لە ئێمەی بانگ كرد و جۆری چارەسەری بۆ دیاری دەكردین.

دووپاتی كردەوە، پێی گوتم كە كارتێ نەكرنم بۆ قوریان مانای وایە پێویستیم بە زیاتر لە دانیشتنێك هەیە و دۆخی من زۆر ئاڵۆزە بەهۆی جنۆكەوە كە پارەی زیاتری پێویستە. ئەو ژنانەی لەگەڵ من بوون بەو نووشتەچییەیان باوەڕ دەكرد، لە كچێكی تەمەن 24 ساڵم پرسی ئاخۆ لەسەر هاتن بۆ دانیشتنەكان بەردەوام دەبێت، گوتی، چی بكەم، من زۆر نەخۆشم و نووشتە تاكە چارەسەرە بۆ دەرچوونم لە دۆخە، ئەو وای دەزانی كە كێشە دەروونییەكانی بەهۆی جادووەوەیە و نووشتەیش تاكە چارەسەرە بۆ رزگاركردنی.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل