ئافرەتان وەك پیاوان لە ڕووی باڵا و درێژی جەستەیانەوە جیاجیا و جۆراوجۆرن، بەڵام پزیشكان لێكۆڵینەوەیان كردووە تا بۆیان ڕوون بێتەوە، كام جۆری ئافرەت تەندروست و باشترین لە ڕووی تووشبوون بە نەخۆشییە قورس و درێژخایانەكان، لە ئەنجامی توێژینەوەكانیشدا بەم شێوەیەی خوارەوە بۆیان ڕوون بووەتەوە.
نەخۆشییەكانی دڵ
پزیشكان لە توێژینەوە نوێكاندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو ئافرەتانەی باڵایان درێژە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە باڵا كورتەكان، 25% كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن، واتە ئافرەتە باڵا كورتەكان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ 25% زیاترە لە چاو ئافرەتانی باڵا درێژ، ئەمە هەر لە ئافرەتدا بەو شێوەیە نییە، بەڵكو لە پیاوانیش ئەوانەی باڵایان درێژە كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن، چونكە باڵا و درێژی ڕۆڵی كارا دەبینن لە تەندروستی سوڕی خوێن.
شێرپەنجە
شێرپەنجە بە یەكێك لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكان دادەنرێ و زۆرێك لە خەڵكی لەسەر گۆی زەوی بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن و سەرەنجام تووشارانی بەرەو مەرگێكی تەواو دەبات، توێژینەوەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەو ئافرەتانەی كە باڵایان كورتە كەمتر تووشی شێرپەنجەی قۆلۆن و مەمك و گورچیلە دەبن، ئافرەتانی باڵا درێژ ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرانەی شێرپەنجە زیاترە، بەڵام لە جۆرەكانی تری شێرپەنجە ئافرەتانی باڵا كورت بەدەر نین لە مەترسی تووشبوون.
سكپڕی
بەگوێرەی توێژینەوەكان، ئافرەتی باڵا درێژ ئەگەری دووگیانبوونی بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتی باڵا كورت زۆر زیاترە، هەروەها ئافرەتی باڵا كورت لە كاتی دووگیانیدا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەكرە زۆر زیاترە و زۆرتر باڵا كورتەكان تووشی دوودڵی و نیگەرانی دەبن لە كاتی دووگیانیدا.
لەبیرچوون و تەندروستی مێشك
پزیشكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەو ئافرەتانەی باڵایان درێژە زۆرتر تووشی نەخۆشییەكانی لەبیرچوونەوە "زەهایمەر" و كێشە لە تەندروستی مێشك دەبنەوە. بە پێچەوانەوە ئافرەتانی باڵا كورت كەمتر تووشی ئەم كێشانە دەبنەوە.
سەرچاوە/ ئەلعەرەبییە.