هه‌ر لایه‌نێك ڕێ نه‌دا كوردستان ببێته خاوه‌نى ده‌ستوور، به دیكتاتۆرییهكى ته‌شریعى تیێ ده‌په‌ڕێنین
رێبوار بابكه‌یى ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له په‌رله‌مانى كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ "وشه"دا ئاماژه بۆ به‌رنامه‌ى فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌و خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، ده‌بێ كوردستان له چوار ساڵى داهاتوو خاوه‌نى ده‌ستوور بێت. وه‌ك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات حكوومه‌تی داهاتووى كوردستان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ ئه‌گه‌ر زۆنى سه‌وز و نیلى كێشه‌ى بۆ دروست نه‌كه‌ن.
هێشتا فراكسیۆنى پارتى به 45 كورسییه‌وه، پێشینه‌ى كاره‌كانى له په‌رله‌مان ڕوون نییه، ده‌مه‌وێ بزانم پارتى پێشینه‌ى كاره‌كانى له په‌رله‌مان چى ده‌بێت؟
دواى ئه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى دێته هه‌ڵبژاردن و لیژنه‌كان پێكده‌هێنرێن، پارتى به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه به‌تایبه‌ت له ڕووى ئابوورى كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه ئاسایشى ئابووریى تاك كه‌وتووه‌ته ژێر مه‌ترسییه‌وه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار بۆ باشتركردنى بژێوى خه‌ڵكى ده‌كه‌ین كه پێمان وایه ئه‌وه‌یش به په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌ى چاكسازى له مووچه و ئیمتیازى خانه‌نشین ده‌كرێ كه له خوله‌كه‌ى تره‌وه ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یشى پێوه‌ندى به پرسه سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه ئێسته بێ سه‌روبه‌رى له كوردستان هه‌یه و هه‌ڵسوكه‌وتى حزبه، نادسپلینه و پێویستى به ڕێكخستنه‌وه هه‌یه به‌پێى ده‌ستوور، به‌پێویستى ده‌زانین ده‌ستوورى كوردستان په‌سه‌ند بكرێ ئینجا چ ئه‌و پڕۆژه‌یه بێ كه هه‌یه، چ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى تر ئاماده بكرێ كه هێشتا دیار نییه به چ ئاراسته‌یه‌ك كار ده‌كه‌ین، به‌ڵام گرنگه له چوار ساڵى داهاتوو كوردستان ببێته خاوه‌نى ده‌ستوور بۆ ئه‌وه‌ى كایه‌ى ژیانى سیاسی له كوردستان ڕێك بخه‌ینه‌وه.
پێشتر گفتوگۆكانى ده‌ستوور له ماده‌ى سێیه‌م و بڕگه‌ى هه‌شته‌م وه‌ستابوو، پارتى تێبینى هه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه، ده‌مه‌وێ بزانم به‌رنامه‌تان هه‌یه پڕۆژه‌یه‌كى نوێى ده‌ستوور ئاماده بكه‌ن؟
لاى پارتى ئامانج ئه‌وه‌یه كوردستان ببێت به خاوه‌نى ده‌ستوور، بۆ ئه‌وه‌یش هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ین و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، بۆیه هێشتا ڕوون نییه كه پڕۆژه‌یه‌كى نوێ ئاماده ده‌كرێ یان ئه‌و پڕۆژه‌یه پێداچوونه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێ، به‌ڵام هه‌ر فراكسیۆن و لایه‌نێك ڕێ نه‌دا كوردستان ببێته خاوه‌نى ده‌ستوور، ئه‌وه به دیكتاتۆرییهكى ته‌شریعى ده‌ستوور تێده‌په‌ڕێنین.
بۆچوونێك هه‌یه گوایه پارتى ده‌یه‌وێ ده‌ستوور بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى تێپه‌ڕێنێت؟
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئامانجێكى وا نییه، له پڕۆژه ڕه‌شنووسى ده‌ستوورى ئێسته هیچ شتێك له به‌رژه‌وه‌ندیى پارتى نییه ئه‌وه‌نده‌ى له به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌ل و نیشتمانه، گرنگ ئه‌وه‌یه به ده‌ستوور ئه‌و بێ سه‌روبه‌رییه‌ى هه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێ و ئاسایشى وڵات پارێزراو بێ، پارتى له خه‌مى ئه‌وه‌دایه دامه‌زراوه‌كانى كوردستان به ده‌ستوور به‌ڕێوه ببرێن و دامه‌زراوه‌ى ده‌ستوورى بن.
بڕواتان وایه ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتى سیاسیى له كوردستان سه‌رۆكایه‌تى یا په‌رله‌مانى بێت؟
وه‌ك پارتى له‌و قۆناغه پێمان وایه كه ئاساییه سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له په‌رله‌مانه‌وه بێته هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردستان بكه‌ین به خاوه‌نى ده‌ستوور، ئه‌وكاته سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى و په‌رله‌مانى یه‌كلا ده‌كاته‌وه، چونكه هه‌موو ئه‌وانه ده‌ستوور یه‌كلایان ده‌كاته‌وه.
ئێوه چى به ڕێگر ده‌زانن له به‌رده‌م كاره‌كانتان، قسه هه‌یه به‌ره‌یه‌كى تر‌ى ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان پێك بێت؟
سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه به برایه‌تى كار بكه‌ین له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر‌ى په‌رله‌مان و ئه‌وه نیازى پارتییه، پێمان وایه به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتى ئامانجه نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى هیچ به‌ره و حزبێكى تر، بۆیه هه‌ر فراكسیۆنێك به ئامانجى حزبى كار بكات و ڕێگرى له كاره‌كان بكات كه له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكه، ئه‌وه دیكتاتۆریى ته‌شریعى به‌كار ده‌هێنین كه مافێكى ته‌شریعى خۆمانه، ئێسته هیچ ئاسته‌نگێك له به‌رده‌م كاره‌كانمان نابینم و به‌هه‌موو جۆرێك پارتى ده‌توانێ ده‌نگى زۆرینه به‌ده‌ست بێنێت.
پارتى ئه‌زموونێكى تاڵى هه‌بوو له‌گه‌ڵ خولى ڕابردووى په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كێشه‌ى نایه‌وه و ئێسته‌یش ده‌یه‌وێ به هه‌مانشێوه ئه‌و پۆسته بداته‌وه حزبێكى تر، ئه‌وه چۆن ده‌بینن؟
به‌پێى ئه‌وه‌ى 45 كورسیی په‌رله‌مانمان هه‌یه و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان به هه‌موو یاسایه‌ك ده‌مانتوانى حكوومه‌ت ته‌نیا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان پێك بێنین، به‌ڵام پێمان وایه بۆ ئه‌و قۆناغه‌ى ئێسته پێویسته حزب و گرووپى تریش بێنه ناو حكوومه‌ت، دووپات له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌رگیز ئه‌زموونى كابینه‌ى هه‌شته‌م دووباره ناكه‌ینه‌وه و پارتى له ڕێى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتى دووپاتى له سه‌قامگیرى سیاسیی كردووه‌ته‌وه بۆ چوار ساڵى داهاتوو، هه‌رچه‌نده له سیاسه‌ت گره‌نتى نییه و گرنگ ئه‌خلاقى سیاسییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارتى له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان نه‌بێت، ئه‌وه پێویسته دوو له ئه‌ندامانى ده‌سته‌كه ده‌نگ بده‌نه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك و بۆ ئه‌وه‌یش پارتى كێشه‌ى نابێت، بۆیه زۆر گرنگه ئه‌و حزبانه‌ى دێنه حكوومه‌ت، به‌ڵێنه‌كانى خۆیان ببه‌نه سه‌ر و سه‌ركه‌وتنى حكوومه‌ت سه‌ركه‌وتنى ئه‌و حزبانه‌یه كه به‌شدارن له حكوومه‌ته‌كه، هه‌رچه‌نده له كابینه‌ى هه‌شته‌م هه‌ندێك حزب به ڕۆژ له حكوومه‌ت بوون و به‌شه‌و ئۆپۆزسیۆن بوون.
پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى یه‌كلا بووه‌ته‌وه؟
پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى یه‌كلا بووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ناو یه‌كێتى كه‌س بۆ ئه‌و پۆسته یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه و یه‌كێتى كه‌سى دیار نه‌كردووه بۆ ئه‌و پۆسته، بۆ جێگره‌كانیش كه‌سێك بۆ پارتى و كه‌سێكى تر بۆ پێكهاته‌كان ده‌بێت كه جێگرى دووه‌مه.
ئێوه دروشمتان كوردستانێكى به‌هێزه، به‌ڵام هێشتا ڕوون نییه به‌رنامه‌تان بۆ حكوومه‌ت چییه، ته‌نانه‌ت گۆڕان ده‌ڵێ چاوه‌ڕێى به‌رنامه‌ى پارتى ده‌كه‌ین بۆ حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان؟
گۆڕان هه‌ندێك قسه بۆ ڕاگه‌یاندن ده‌كات، چونكه له گفتوگۆكانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو قسه‌ى زۆر كراوه و به ڕاشكاوى ده‌یڵێم كه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى له كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ئێسته چاوه‌ڕێى كارنامه‌ى حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام گرنگه حزبه‌كان له‌سه‌ر كارنامه‌ى حكوومه‌ت زیاده‌یان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ى دواتر هه‌مووان پێوه‌ى پابه‌ند بن و هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى بده‌ن.
گۆڕانكارى له كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو جۆرێك ئومێدى داوه به خه‌ڵك، تۆ په‌رله‌مانتارى پارتیت، ده‌كرێ پێم بڵێى هیچ جیاوازییه‌ك له‌و كابینه ده‌بێ؟
پارتى دایناوه كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌ت سه‌ركه‌وتوو بێت و زۆرینه‌ى بڕگه‌كانى كارنامه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات، كه‌سایه‌تى و پسپۆڕێتى باش ببرێنه پێشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى ئه‌و وڵاته بكه‌ن، پارتى پێى وایه پێویسته كوردستانێكى به‌هێز بێت و له‌و كابینه‌یه‌ى داهاتوو گۆڕانكارى دامه‌زراوه‌یى ده‌كرێ و دڵه‌ڕاوكێى خه‌ڵك كه‌م ده‌كرێته‌وه، ئامانجى سه‌ره‌كیش دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه، هه‌رچه‌ند له كابینه‌ى هه‌شته‌میش ئه‌وه‌ى ڕووی دا هه‌مووى له ئۆباڵى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان نه‌بوو.
ده‌گوترێت حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان دامه‌زراوه‌یى ده‌بێت؟
بێگومان، به‌ڵام ئومێد ده‌كه‌م كه زۆنى سه‌وز و نیلى جارێكى تر نه‌یكه‌نه‌وه كێشه بۆ حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان، پێویسته سه‌رۆكى حكوومه‌تى داهاتوو سه‌رۆكى هه‌موو حكوومه‌تی كوردستان بێ، بۆیه پێویسته شاندى پارتى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه ناكرێ به‌رپرسێكى یه‌كێتى له زۆنى سه‌وز ببێته هاوبه‌شى پڕۆژه‌ى حكوومه‌ت، ده‌بێ پڕۆژه‌ى حكوومه‌ت و حزب له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه و ده‌بێ یه‌كێتى ئه‌وه‌ى بۆ یه‌كلا ببێته‌وه كه چیتر زۆن بنه‌ماى به‌شدارى له حكوومه‌ت نییه و كورسیى په‌رله‌مانى ڕۆڵ ده‌بینێ.