به‌رپرسی نووسینگه‌ی ماده‌ی 140 له خانه‌قین: له‌و كاته‌وه تا ئێسته 220 كه‌س له خانه‌قین رفێنراون
عه‌دنان مه‌نسوور به‌رپرسی نووسینگه‌ی ماده‌ی 140 له خانه‌قین، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا نرابوون، بۆ خاڵی سفر گه‌ڕانده‌وه.
ئه‌و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه له سه‌رده‌می به‌عس ته‌نیا ئاواره‌كردن و ته‌عریب هه‌بوو، ئێسته جگه له‌مانه، به شیعه‌كردن و كوشتن و رفاندنیشی هاتووه‌ته سه‌ر. داواش له به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌كات سوور بن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌كه و له دادگا سكاڵا له دژی مالیكی و عه‌بادی تۆمار بكه‌ن.
ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه جارێكی تر نووسینگه‌كانی ماده‌ی 140 كارا بكرێنه‌وه و ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ماده‌كه بكرێ، ئه‌مه تا چه‌نده راسته؟
هیچ نوسراوێكمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی ئۆفیسه‌كانی ماده‌ی 140، به‌ڵام دادگای جه‌له‌ولا داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی له ئێمه كردبوو كه ئایا سنووری خانه‌قین به‌تایبه‌ت جه‌له‌ولا، ده‌كه‌وێته بازنه‌ی ماده‌ی 140 یان نا؟ ئێمه‌ش وه‌ڵاممان داونه‌ته‌وه كه ئه‌و ناوچانه سه‌ر به ماده‌ی 140ن و پێویسته بۆ خاوه‌نه ره‌سه‌نه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده ویستوویانه جارێكی تر زه‌ویی كورده‌كان داگیر بكه‌ن، كورده‌كانیش سكاڵایان تۆمار كردووه و دادگا ئه‌و نووسراوه‌ی ئاراسته‌ی ئێمه كرد و ئێمه‌ش وه‌ڵاممان داونه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته دادگا بڕیاری له‌باره‌ی سكاڵای كورده‌كان نه‌داوه.
كه‌واته ئێوه هه‌ر له كاری خۆتان به‌رده‌وامن یان نووسینگهكانتان داخراون؟
نووسینگه‌كانی ماده‌ی 140 دانه‌خراون، به‌ڵام له ساڵی 2013ه‌وه پاره‌یان بۆ ته‌رخان ناكرێ و ئه‌و پاره‌یه‌ی ته‌رخانیش كراوه، پێشتر بۆ سێ نووسینگه بوو، ئه‌وانیش نووسینگه‌كانی شنگال و كه‌ركووك و خانه‌قین بوون، به‌ڵام دواتر بۆ تێكدانی ئه‌و ماده‌یه 14 نووسینگه‌ی تریان له خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق كرده‌وه و ئه‌و 273 ملیار دیناره‌ی بۆ ئه‌و سێ نووسینگه‌یه خه‌رج ده‌كرا، ئه‌مجاره به‌سه‌ر هه‌موو نووسینگه‌كانیان دابه‌ش كرد، ئه‌مه‌ش وای كرد پاره‌كه زۆر كه‌م بێته‌وه و پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌كه به‌خاوی بڕوات و قه‌ره‌بووی خه‌ڵك به باشی نه‌كرێته‌وه.
له سنووری خانه‌قین تا چه‌ند خه‌ڵك قه‌ره‌بووی ماده‌ی 140یان وه‌رگرتووه؟
له سنووری خانه‌قین زیاتر 90%ی خه‌ڵك قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه، قۆناغی قه‌ره‌بووكردنه‌وه خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت، چونكه ته‌نیا له سنووری ئێمه 17 هه‌زار و 671 خێزان قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه، ئه‌مه ته‌نیا كورد، نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 150 خێزانی عه‌ره‌بیش قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه، واته عه‌ره‌ب هه‌موو قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه و كوردیش رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می ماوه .
ئه‌وانه‌ی داوای زه‌وییه‌كان له كورد ده‌كه‌ن كێن؟
له ساڵی 2003وه كورد له سنووری خانه‌قین زه‌وییه‌كانی خۆیان وه‌رگرته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكوومه‌تی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌كان و به فه‌رمی گۆڕینیان بۆ ناوی كورد، ئیشه‌كه‌ی ده‌خنكاند و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كورد زهییهكهی وه‌رگرتبووه‌وه، به‌ڵام هه‌ر به ناوی عه‌ره‌ب مابوونه‌وه.
له دوای كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌شێك له كورده‌كان رایان كرد و عه‌ره‌به‌كان هاتنه‌وه جێیان و ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وییه‌كاندا گرتووه، حه‌شدی شه‌عبیش چاوپۆشی لێ كردن و ته‌نانه‌ت له رووی ته‌ناهیشه‌وه ده‌رفه‌تیان دا داعش ده‌ست به چالاكی بكات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كانیش به یه‌كجاری چۆڵی بكه‌ن و عه‌ره‌ب جێیان بگرنه‌وه.
ئه‌وانه له كاتێكدا عه‌ره‌به‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و قه‌ره‌ته‌په و مه‌نده‌لی و جه‌باره، كاتی خۆی قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شوێنی خۆیان و له‌وێش زه‌وییان پێ دراوه، به‌ڵام رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر وای كرد ئه‌و كارانه‌ی له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوو كردوومانه، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خاڵی سفر و ریسه‌كه ببێته‌وه خوری.
هێشتا له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس له ئێسته باشتر بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وكات ته‌نیا ئاواره‌كردن هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته جگه له ئاواره‌یی، كوشتن و رفاندن و سه‌ربڕین هه‌یه.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه تا ئێسته، نزیكه‌ی 220 كه‌س رفێنراون، له خانه‌قین، چه‌ندان كه‌س هاتوونه‌ته سه‌ربڕین، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته بووه، سیاسه‌تی سه‌ره‌كیی به‌عس به عه‌ره‌بكردن بوو، ئێسته به شیعهكردنیشی هاتووه‌ته سه‌ر.
لێتان دیاره تا ئێسته چه‌ند خێزانی عه‌ره‌ب گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كه؟
ناتوانین ژماره دیاری بكه‌ین، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێنه‌وه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌ركووك باشتره، بۆیه پێویسته سه‌ركردایه‌تی كورد په‌له بكات له دانوستانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئێمه‌ش نه‌ماوین له شوێنی خۆمان و هه‌ر نووسراوێكیش هه‌بێت، به به‌رید بۆمان ره‌وانه ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی واژووی له‌سه‌ر بكه‌ین و ناشتوانین بگه‌ڕێینه‌وه.
له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق چی پێویسته له‌سه‌ر كورد بیكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان؟
یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویسته له دادگای فیدراڵی سكاڵا له‌سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی و نووری مالیكی تۆمار بكرێت، چونكه پێویست بوو له ساڵی 2007وه ماده‌كه جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام ماوه‌ی 12 ساڵه جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆیه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم سكاڵا تۆمار بكات كه ده‌ستووریان جێبه‌جێ نه‌كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر باسی ماده‌ی 140 كرا سكاڵات هه‌بێت و وه‌ك به‌ڵگه به‌كاری بێنی، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرا، له دادگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و كه‌یسه بجووڵێنی كه به‌غدا تۆمه‌تباره به جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌كه، به‌ڵام ئێسته كورد هیچی له به‌رده‌ست نییه، بۆیه پێویسته یه‌كه‌م هه‌نگاو سكاڵا تۆمار بكه‌ین .
ئه‌ی ئه‌ركی نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌كه چییه؟
پێویسته میكانیزمی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بگۆڕێت، ناكرێ له‌سه‌ر ئه‌و میكانیزمه كار بكرێت، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێت 100 ساڵی تریش جێبه‌جێ ناكرێت، چونكه ماده‌ی 140 سێ قۆناغه، "قه‌ره‌بووكردنه‌وه، ئاساییكردنه‌وه و راپرسی"، بۆ نموونه ته‌نیا له به‌سڕه 210 هه‌زار كه‌س خۆی به ئاواره نووسیوه كه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه، له پارێزگای میسان 182 هه‌زار كه‌س خۆیان ناونووس كردووه به‌ئاواره، له پارێزگای بابل 123 هه‌زار كه‌س ناوی خۆیان نووسیوه كه نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س ده‌بن، بۆیه بودجه‌ی عێراق هه‌موو خه‌رج بكرێت، له ماوه‌ی 50 ساڵ ناتوانرێت قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه، كه‌واته پێویسته هه‌رسێ نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له نووسینگه‌كانی تری عێراق جیا بكرێنه‌وه نه‌ك پێكه‌وه بن.
دووه‌م هه‌نگاو پێویسته سه‌رژمێری بكرێت و دواتر راپرسی، ئینجا قه‌ره‌بووكردنه‌وه بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ناوچه‌كان گه‌ڕانه‌وه سه‌ر هه‌رێم، ئه‌وكات به‌غدا ناچار ده‌بێت قه‌ره‌بوویشیان بكاته‌وه، بۆیه پێویسته گفتوگۆی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر گۆڕینی رێوشوێن بێت، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست من بێت له ماوه‌ی سێ مانگ ماده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كه‌م .
تا چه‌ند گرنگه له بودجه‌ی ساڵی داهاتوو بڕێك پاره بۆ ماده‌ی 140 دیاری بكرێت؟
پێویسته پاره له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو دیاری بكرێت بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی ماده‌ی 140 نه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه، چونكه دۆزی كورد سیاسییه نه‌ك دارایی، دۆخی خه‌ڵك به پاره باش نابێته‌وه و پێویسته ژیانیان پارێزراو بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرایه، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه له رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌ده‌كوژران.
وشه/ بڵند ئیبراهیم