"رازی نین پارێزگاری كه‌ركووك له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت”
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، پێی ئاساییه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێته ئۆپۆزسیۆن و به‌وه‌یش حكوومه‌ت ئیفلیج نابێت، به‌ڵام هێشتا بۆچوونی روون نییه له‌سه‌ر به‌شداریی كۆمه‌ڵی ئیسلامی. پێوه‌ره‌كانی حكوومه‌تێكی به‌هێزیش ئاشكرا ده‌كات.
كه‌مال كه‌ركووكی به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تى پارتى له كه‌ركووك- گه‌رمیان، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ "وشه"، هه‌ڵوێستى پارتی ئاشكرا ده‌كات كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نین پارێزگاری كه‌ركووك بدرێته‌وه یه‌كێتی، پێی باشه له‌م قۆناغه‌دا كه‌سێكی بێلایه‌ن پۆسته‌كه به‌ڕێوه ببات تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو. هاوكات نهێنییه‌ك له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆماری عێراق ئاشكرا ده‌كات كه به‌لای پارتییه‌وه جێی مه‌ترسییه له داهاتوودا روو بدات.
پارتى خواستى پێكهێنانی حكوومه‌تێكی به‌هێزی هه‌یه، لایه‌نه‌كانی تریش هه‌مان خواستیان هه‌یه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه پێوه‌ری حكوومه‌تی به‌هێز لاى پارتى چییه و له چیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان جیاوازن؟
ده‌بێت حكوومه‌تێكمان هه‌بێت هه‌موو لایه‌ك به‌رگری له كارنامه‌كه‌ی بكات نه‌ك پێیه‌كت له ئۆپۆزسیۆن بێت، ئه‌مه زۆر گرنگه. دووه‌م، ده‌بێت هه‌موو كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مافی كوردستان له هیچ شوێنێك پێشێل نه‌كرێت. سێیه‌م، كۆك بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاكسازییه‌كی باش بكرێت كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك بێت. چواره‌م، داهاتی كوردستان بۆ كوردستان بێت و قه‌رزی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌وڵی دانه‌وه‌ی بدرێت.
یه‌كێتی داوای وه‌ره‌قه‌یه‌كی سیاسی له پارتى كردووه له‌سه‌ر پۆسته‌كانی به‌غدا و كه‌ركووك و حكوومه‌تی نوێ، راى پارتى چییه؟
پارتى باسی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، وه‌ره‌قه‌ى سیاسی ره‌نگه ساڵێكی بوێت یان هه‌فته‌یه‌ك! بۆیه نابێ شته‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكرێن. له به‌غدا كێشه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نییه تا باسی بكه‌ین، جگه له هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌ویش نه‌ك وه‌ك كه‌سایه‌تى، به‌ڵكو رێوشوێنه‌كه و تێكدانی ئه‌و عورفه كوردستانییهى هه‌بوو له وه‌رگرتنی پۆسته‌كانی پشكی كورد له به‌غدا. چونكه مه‌ترسی شكاندنى ئه‌و عورفه له‌وه‌دایه ره‌نگه جاری داهاتوو لایه‌نێكی تر كه كوردیش نه‌بێت، كه‌سێكی وه‌ك ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان كاندید بكات به‌ناوی كورد و بیكاته سه‌رۆك كۆمار، مه‌ترسییه‌كه لێره‌دایه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جۆرێك له ئاماژه بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌دات، ئه‌م قسه‌یه هه‌ر بۆ میدیایه یان ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ن به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌وا ده‌بنه ئۆپۆزسیۆن؟
نازانم مه‌به‌ستیان له‌م لێدوانه چییه، به‌ڵام كێ به‌شداری له حكوومه‌ت ده‌كات به‌خێر بێت و كێ ده‌بێته ئۆپۆزسۆن به‌خێر بچێت. ئێمه ئه‌وه نین بڵێین ئه‌گه‌ر تۆ نه‌یه‌یت هیچم پێ ناكرێت، ئێمه سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه ده‌نگێكی زۆری به پارتى داوه و وایكردووه ئاسووده بێت، دیاره خه‌ڵكیش له پارتى ره‌زامه‌نده، رێزیش له ده‌نگی ئه‌و لایه‌نانه ده‌گرین كه ده‌نگیان هێناوه، ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش بیه‌وێت ببێت به ئۆپۆزسیۆن، پیرۆزی بێت.
به‌لاتانه‌وه ئاساییه یه‌كێتی ببێته ئۆپۆزسیۆن؟
زۆر ئاساییه.
به‌ڵام حكوومه‌ت ئیفلیج نابێت به له‌به‌رچاوگرتنی دێگه‌ڵه و لێدوانی مه‌لا به‌ختیار له پێش هه‌ڵبژاردن كه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی یه‌ك كورسیش بهێنێت، ئه‌وا خاوه‌ن هێزه له زۆنی سه‌وز؟
بۆ ئیفلیج ده‌بێت؟ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ند بین به یاسا. رێزیشم بۆ كاك مه‌لا به‌ختیار هه‌یه كه له ده‌می هه‌ڵبژاردن ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه و له‌سه‌ری حیساب ناكرێت، زۆر قسه كراوه كه هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بووه. كاك مه‌لا به‌ختیاریش ئه‌زموونێكی سیاسیی زۆری هه‌یه و سه‌ركه‌وتن و شكستی بینیوه و ده‌زانێ پێگه‌ی كوردستان چۆنه و ئێسته‌ش چۆن ده‌بێت حوكمڕانی بكرێت، بۆیه ده‌بێ هه‌موومان پابه‌ند بین به یاسا.
ئێمه رێز له ده‌نگی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌گرین و ئه‌وان به‌شایسته‌ى ئه‌و ده‌نگه‌ى هێناویانه به‌شداری له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، پارتى كه ده‌نگی زۆرینه‌ى هێناوه، هه‌ست ده‌كه‌ین به‌رپرسیاریه‌تیمان له خزمه‌تكردنى خه‌ڵك زیاتر بووه، بۆیه كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵك بكه‌ین.
بۆچوونێكی تر له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه كه داوای هاوبه‌شیى راسته‌قینه ده‌كات، تێگه‌یشتنتان بۆ ئه‌مه چییه؟
یه‌كێتی كه به‌شداری له حكوومه‌ت ده‌كات و جێگری سه‌رۆكى حكوومه‌تی به‌رده‌كه‌وێت یان هه‌ر پۆستێكی تر، ده‌بێت جێگره‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تى ئه‌نجامی بدات كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌ستنیشانی ده‌كات، یان وه‌زیره‌كان به یاسا ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ده‌ستنیشان كراوه.
گۆڕان ده‌ڵێ زووتر له‌گه‌ڵ پارتى ده‌گه‌نه رێككه‌وتن، ئه‌و گه‌شبینییه‌ى گۆڕان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان شه‌ریكی خیانه‌تى 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بووه، ره‌نگه هه‌ڵوێستیان له دیدی ئێمه له جێی خۆیدا نه‌بووبێت له هه‌ندێك پرسدا. به‌ڵام گۆڕان واقیعێكی سیاسییه و ناكرێ نادیده بگیرێت، هه‌وڵ ده‌دات سوود له رابردوو وه‌ربگرێت و كاری باشتر بكات، ئێمه‌ش رێزیان لێ ده‌گرین.
به‌ڵام له كابینه‌ى هه‌شتدا وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن له نیوه‌ى رێ جێی هێشتن. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه گره‌نتیتان وه‌رگرتووه دووباره نه‌بێته‌وه؟
له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتنی ستراتیجیمان هه‌یه، كه‌چی به‌شێكیان خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ریان كرد! له‌گه‌ڵ گۆڕان رێككه‌وتن هه‌بوو، كه‌چی هه‌مووی جێبه‌جێ نه‌كرا. هیوادارین هه‌موومان سوود له رابردوو وه‌ربگرین، پێم وایه گۆڕان ئه‌مجاره به شێوازێكی تر كار ده‌كات.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی خواستى به‌شداری هه‌یه، به‌ڵام پارتى وه‌ك له میدیا ده‌یبینین پێی خۆش نییه به‌شدار بێت، ئه‌مه چۆنه؟
شاندی دانوستانكاری پارتى سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات، ئه‌وان ده‌توانن بڕیار بده‌ن له‌سه‌ر به‌شداریكردنى هه‌ر لایه‌نێك، من ناچمه ناو ورده‌كاریی ئه‌و پرسه.
به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان حه‌ز ده‌كات به‌شداری بكات، ئه‌وان ناوهندگیرییان كردووه له نێوان پارتى و كۆمه‌ڵ؟
باشتره بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
بۆچوونی پارتى چییه له به‌ستنه‌وه‌ی كه‌ركووك به پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه؟
ئه‌مه ته‌نیا قسه‌یه و له میدیاكان ده‌كرێت، ئه‌وه‌یشی له میدیا باس ده‌كرێت فه‌رمی نییه و له هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌و پرسه له نێوان پارتى و یه‌كێتی باس نه‌كراوه.
بۆچوونی ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركووك- گه‌رمیانی پارتى له‌باره‌ى پرسی كه‌ركووك ئه‌وه‌یه: كه‌ركووك داگیر كراوه، ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌م ئاسایی بكرێته‌وه به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا. چونكه پێنج فرقه‌ى سه‌ربازی له كه‌ركووكه، چواریان پۆلیسی فیدڕاڵی و یه‌كیان دژه تیرۆر، له‌گه‌ڵ 24 هێزی حه‌شد كه 12یان حه‌شدی شیعین و 12ه‌كه‌ى تری وه‌ته‌نی. له دۆخێكی وادا كاری دیمو‌كراتى و مه‌ده‌نی له كه‌ركووك ناكرێت.
دووه‌م، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بگه‌ڕێته‌وه و پارێزگاری شه‌رعیش كه ئێسته رای كردووه، بگه‌ڕێته‌وه و پارێزگاری سه‌پێنراو لا بدرێت. پارێزگاری شه‌رعی ده‌بێت ئیستیقاله بدات و ئه‌نجوومه‌نیش قبووڵی بكات، پارێزگارێكی بێلایه‌ن ده‌ستنیشان بكرێت كه لایه‌نه‌كان هه‌موویان پێی رازی بن به كورد و توركمان و عه‌ره‌ب، به‌ڵام نابێ یه‌كێتی بێت.
مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه نابێ له‌و باڵه بێت كه پارتى پێی وایه خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری كردووه؟
نا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ یه‌كێتی بێت، با پارتیش نه‌بێت ئه‌گه‌رچی مافی خۆیه‌تی. بۆ ئه‌م قۆناغه تا هه‌ڵبژاردن كه‌سێكی بێلایه‌ن بكرێته پارێزگار به‌و مه‌رجه‌ى بۆ كه‌ركووك كار بكات نه‌ك پارتى یان یه‌كێتی یاخۆ هه‌ر لایه‌نێكی تر، ئه‌مه‌شمان راشكاوانه به یه‌كێتی گوتووه.
باسی رێككهوتنت كرد له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی باست كردن، رێككه‌وتن كراوه؟
بێگومان قسه كراوه، سه‌رۆكى په‌رله‌مانی عێراق گوتی ده‌بێت كه‌ركووك له رووی ته‌ناهی و كارگێڕییه‌وه بدرێته‌وه به كه‌ركووكییه‌كان، دیاره قسه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه بۆیه وا ده‌ڵێت. له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیران قسه كراوه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانیش ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت.
ئه‌ى هێزه هاوپه‌یمانه‌كان؟
ئه‌وان هیچیان به ده‌ست نییه، ئێسته په‌شیمانن له‌وه‌ى به‌سه‌ر كه‌ركووك هاتووه، سه‌رۆكى پێشتری "سی ئای ئه‌ى" ده‌ڵێ له كه‌ركووك زیانمان كردووه، ته‌نانه‌ت زۆر له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانیان كه له‌گه‌ڵ ئێمه داده‌نیشن، ده‌ڵێن هه‌ڵه‌مان كردووه. ئه‌وانه هه‌ڵه نین، به‌ڵكو تاوان كراوه و خه‌ڵك كوژراوه و ئاواره كراوه.
یه‌كێتی له ماوه‌ى رابردوودا هه‌وڵی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و توركمانی شاره‌كه دابوو، به‌ڵام له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دووجار له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كانی كه‌ركووك بێ به‌شداری پارتى كۆبوونه‌وه‌ی كردووه. پێت وایه یه‌كێتی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌و هه‌وڵه؟
من یه‌كێتیم لا گرنگ نییه چی ده‌كات، به‌ڵام پارتى هێزێكی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئاستى عێراق له‌سه‌ر ئاستى حزبه‌كان زۆرترین ده‌نگی هێناوه، بۆچوونی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر به رێككه‌وتن پارێزگارێكی بێلایه‌ن دابنرێت، پارتى بێ ئاڵاى كوردستان و كه‌رامه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه. ئه‌و هه‌وڵه‌ى ئێسته‌ی یه‌كێتیش بۆ داپۆشینی ئه‌و خیانه‌ته‌یه كه له رابردوو كردوویانه. له‌لایه‌ك پاره وه‌رده‌گرێت و كه‌ركووك ده‌فرۆشێت، ئێسته‌ش داوا ده‌كات كه‌ركووكی له‌گه‌ڵ چاك بكه‌ینه‌وه، خۆیان شه‌رم ناكه‌ن ده‌ڵێن رێككه‌وتنمان كردووه و له‌گه‌ڵ شاندێك دانیشتووین كه 10 كه‌سایه‌تى بوونه و نۆیان هی وڵاتێكی ده‌ره‌كی بووه، بۆ خاتری به قاچاخبردنى نه‌وتى كه‌ركووك، ئه‌و كاره‌ساته‌ت به‌سه‌ر مێژووی حزبه‌كه‌ت و حزبه‌كانی تریشت هێناوه.
ده‌ڵێی وه‌ك پارتى گوێ له یه‌كێتیی ناگرین، به‌ڵام ئه‌وان زۆرینه‌ن له شاره‌كه‌دا. ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سێك وه‌ك پارتى ده‌ڵێن خیانه‌تیان كردووه، بۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر له‌ناو یه‌كێتی رێككه‌وتن ناكه‌ن؟ ئایا ئه‌وانی تر ده‌سه‌ڵاتیان نییه له ناو یه‌كێتی؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر یه‌كتر ده‌بینین، بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه كه‌ركووك داگیر كراوه و ده‌بێ ئه‌و داگیركارییه نه‌مێنێت، بۆ ئه‌م قۆناغه تا هه‌ڵبژاردن پارێزگارێكی بێلایه‌ن دابنرێت. ئه‌وانه‌ى خیانه‌تیان كرد ده‌بێ یه‌كێتی به‌رانبه‌ریان هه‌ڵوێستێكی هه‌بێت، نابێ وای نیشان بده‌ن كه هیچ نه‌بووه، چونكه رۆژێك دێت ئه‌وان به سزای خۆیان بگه‌ن.
هه‌ست ده‌كرێ پارتى ده‌سته‌پاچه‌یه به‌رانبه‌ر به‌وه‌ى له كه‌ركووك ده‌كرێت، هه‌وڵه‌كانی پارتى چییه؟
پارتى ده‌سته‌پاچه نییه و له‌سه‌ر خه‌ته، له به‌غدا له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك ئه‌و پرسه باس كراوه، به‌ڵام ته‌پڵ و زوڕنای بۆ لێ ناده‌ین.