وادەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران راگەیەنرا

:: PM:06:05:02/01/2019 ‌
بڕیارە دووشەمی داهاتوو حەوتی كانوونی دووەم/ یەنایەر، مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی 2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت. سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی رای گەیاند، بۆ  ساڵی 2018 پاشەكەوت لەسەر سێ مووچەی كۆتایی ساڵ هەڵگیردراوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی پشووی رۆژی شەموو و یەكشەمی داهاتوو، دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، ڕۆژێك دوا دەكەوێت و بۆ ڕۆژی دووشەم دەست بە دابەشكردنی دەكرێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە سەرەتا دیوانی وەزارەت و لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن و دواتر یەكەی حەفتا و هەشتا، ئینجا وەزارەتی پەروەردە، دواتریش وەزارەتی تەندروستی و دارایی مووچەكانیان دابەش دەكرێت.

سەرچاوەكە گوتی، وەك ئەوەی پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر داوە هەموو 30 رۆژ جارێك، واتە هەموو پێنجی هەر مانگێك دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، جارجار بەهۆی پشووی كاتەكان گۆڕانكارییان بەسەر دێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەیشی خستەڕوو كە پاشەكەوتی سێ مووچەی ساڵی 2018ی فەرمانبەران هەڵوەشاوەتەوە و بۆ  2018 هیچ مووچەیەكی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت، كە ساڵانی رابردوو سێ مووچەی كۆتایی ساڵ هەمووی بەیەكەوە پاشەكەوت دەكران، گوتی "دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 باشترین بەڵگەیە كە مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت".

لە 2018 بەشێوەیەكی رێكخراو حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو 30 رۆژ جارێك مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دابەش كردووە، دوای رێككەوتنیش لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەرگرتنی 317 ملیار دینار لە بەغدا، بەشێك لەو پاشەكەوت و بڕینەی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەبوو، كەم كرایەوە و رێكخرا.

چاوەڕوان دەكرێت لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە یەكجاری پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵگیردرێت، بەڵام هێشتا روون نەكراوەتەوە هەڵگرتنی پاشەكەوتەكە چۆن دەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق