وەزیری دارایی: دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان باش بووە

:: AM:10:41:06/01/2019 ‌
ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان مژدە خۆشەكەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بەرەوباشی چووە.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی كانوونی دووەم، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، بناغەی بەرەوپێشچوونی ئابووری و باشبوونی دۆخی دارایی لە هەمو وڵات و حوكمڕانییەك بریتییە لە ئارامی و بوونی ئاسایش و نەبوونی شەڕ و ئاڵۆزی، دواتر ڕێكخستنی داهات و خەرجی و برەودانی وەبەرهێنان و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات.

ئاشكرای كردووە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابووری و بەهێزیی پێگەی هەرێم لە ناوچەكە، رەوشی دارایی بە بەراورد بە ساڵانی شەڕی داعش و نەناردنی بودجەی لە لایەن بەغداوە، بەرەوپێشتر چووە و هەموو پێشبینییەكانیش بۆ حكوومەتی داهاتووی هەرێم لەرووی ئابوورییەوە گەشبینانەیە، بۆیە پێكهێنانی كابینەی نوێ بە زووترین كات ئەركی سەر شانی هەموو ئەو هێز و لایەنانەیە كە دەیانەوێ بەشداری حكوومەت بكەن.

ئاماژەی داوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە زووترین كات دەست بكەنەوە بە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی (نۆ)، چونكە پشكی شێری بەرپرسیارێتییان بەردەكەوێ، پاشان بزووتنەوەی گۆڕان و هێزە سیاسییەكانی تر كە دەبێت كار بكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و هاوكات بە چاكبوونی دۆخی دارایی پاداشتی هاونیشتمانییانی هەرێم بدەنەوە كە دوای شەڕی داعش و هاتنی ئاوارە و بڕینی بودجە لە لایەن بەغداوە ئارامیان گرت بەرانبەر تەنگژەی دارایی و پاشەكەوتی مووچە.

حەملان ئەوەی ڕوون كردووەتەوە، میلەتەكەمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جارێكی تر دەنگ و باوەڕی خۆی دایەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان و كردیەوە هێزی یەكەم بە زیادبوونێكی بەرچاوی كورسییەكانیان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هێزی سێیەمەوە بووەوە بە هێزی دووەم، كە ئەمە چانسێكی گەورەیە و پێویستە بە خزمەتكردنی زیاتر و چاكبوونی دۆخی دارایی و بازاڕ و ژیانی هاونیشتمانیان وەڵام بدرێنەوە، دەرفەت نەدرێت لە ناوخۆ و دەرەوە درز بخرێتە نێوان ئەم هێزە سەرەكییانە و لە پێناو هەرێمی كوردستان و خەڵك و خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە.



وشە - رامیار جەواد