ئیسڕائیل چ داواكارییەكی لە شاندە عێراقییەكان هەبووە؟

:: PM:03:14:07/01/2019 ‌
لە كاتێكدا ئیسڕائیل پشتڕاستی سەردانی سێ شاندی عێراقی دەكات، پەرلەمانی عێراق داوای لێكۆڵینەوە لە راستی سەردانەكە و ئاشكرا كردنی ناوەكانیان دەكات. كەسایەتییەكی سیاسی عێراقیش داوای ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل دەكات و نووسەرێكیش دەڵێ، 30 پەرلەمانتاری عێراقی داوایان كردووە بە نهێنی سەردانی ئیسڕائیل بكەن.

 تۆڕی هەواڵی دووەمی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكیدا كە شەوی رابردوو، یەكشەم شەشی كانوونی دووەم/ یەنایەر، بڵاوی كردەوە، پەردەی لەسەر پێوەندییەكانی عێراق و ئیسڕائیڵ هەڵدایەوە و ئاشكرای كرد لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا سێ شاندی عێراقی سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكانی ئیسڕائیلی، سێ شاندەكە لە 15 كەسایەتی عێراقی پێكهات بوون كە كەسایەتی ئایینی باڵا لە سوننە و شیعەش لەگەڵ شاندەكان بوونە و لە ئیسرٍائیل لەگەڵ بەرپرسیان فەرمی دەوڵەت كۆبوونەوەتەوە و سەردانی چەندان ناوچەیان كردووە، لەوانەی مۆزەخانەی قوربانیانی ئاگردانی سووتاندنی جووەكان لەلایەن نازییەكان "یاد فشیم" و دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ كەسایەتییە ئەكادیمیەكان كە بەشێك لە ئامادەبووانی ئەو جووانە بووینە پێشتر لە عێراقەوە دەركراون و بەرەو ئیسڕائیل كۆچیان كردووە.

میدیا ئیسڕائیلییەكان دەڵێن تەواوی سەردانەكان بە نهێنی ئەنجام دراوە بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی سێ شاندەكە بەهۆی هەبوونی هەژموونێكی گەورەی سەربازی ئێرانی لە عێراق، كۆكن لەسەر ئەوەی سێ شاندەكە بە ئەرێنی لە پێوەندی بەستن لەگەڵ ئیسڕائیل رووانیویانە، هێما بۆ ئەوەشكراوە كە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل بە گرنگەوە هانی وەها سەردانێك دەدات بەتایبەت شاندەكە لە عێراق یان وڵاتێكی عەرەبی بێت.

ئاشكرا بوونی سەردانی سێ شاندی عێراقی بۆ ئیسڕائیل، دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ستایشی رۆڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە رۆڵی هەبووە لە ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی و نزیك كردنەوە و پەیوەندی بەستن لەنێوانیان.

دوای لێدوانەكەی پۆمپیۆ، هەوڵێكی باڵوێزخانەی ئیسڕائیل لە فڕەنسا ئاشكرا بوو كە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، سەردانی بۆ ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی عەرەبی كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی لبنان، مەغریب، تونس، میسڕ بوونە و لە میدیا عەرەبییەكانیش كار دەكەن، بۆ سەردانی كردنی ئیسڕائیل.

 ئەم هەواڵەش لە كاتێكدایە پەردە لەسەر پێوەندییەكانی ئیسڕائیل و میسڕ بە تایبەت عەبدولفەتاح سیسی هەڵدرایەوە، جگە لە دیداری بەرپرسانی ئیسڕائیلی لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی.

لە ئاستی عێراق، ئاشكرا بوونی سەردانەكە مشتومڕ و لێكەوتەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە كاتێكدا داوا دەكرێت لە پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە سەردانەكە بكرێت، بەڵام هەندێك هەن پشتگیری لە سەردانەكە دەكەن و داوای ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی عێراق و ئیسڕائیل دەكەن.

میسال ئالوسی كەسایەتی سیاسی ناسراوی عێراقی داوا دەكات بە فەرمی كەناڵی پێوەندی لە نێوان عێراق و ئیسڕائیل بكرێتەوە. ئالوسی هێمای بۆ ئەوە كرد سەردانی ئەو شاندانە بە نهێنی نەبووە بەڵكو ئاشكرا نەكردنی بۆ پاراستنی گیانی ئەو كەسایەتییانە بووە لە دەست گرووپە چەكدارەكانی سەر بە قاعیدە و داعش و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، گوتی "لێرەوە دەردەكەوێت كە ئازادییەكان لە عێراق پاشەكشەیان كردووە و خەڵك ترسی لە كوشتنی رێكخراو هەیە كە لەسەر شەقامەكان ئەنجام دەدرێت".

ئالووسی لەو سیاسیە عێراقیانەیە پێشتر بە ئاشكرا رای گەیاند بوو كە سەردانی ئیسرٍائیلی كردووە، ئەو دەڵێ مەترسی گەورە لێرە ئەوەیە دەگوترێ كەسانێك لە نوێنەرانی حزبە ئیسلامییەكان سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە، ئەمەش دوو رووی ئەو حزبە ئیسلامییانە نیشان دەدات".

ئەوەی لە رووكەش ئاشكرایە پەیوەندی نێوان عێراق و تەلئەبیب لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی 1948 پچڕاوە، ئەو ساڵەی كە عێراق هێزی رەوانەی فەڵەستین كرد بۆ لە ناوبردنی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، هاوكات لە ساڵی 1973 بەشداری لە جەنگی دژ بە ئیسڕائیل كرد هاوشانی میسڕ و سووریا.

 بەڵام ئیدی كوهین نووسەر و رۆژنامەنووسی ئیسڕائیلی لە راپۆرتێكیدا سەردانی سێ شاندی عێراقی بۆ ئیسڕائیل ئاشكرا كرد، هێمای بۆ ئەوەشكردووە سێ شاندەكە باسیان لە پاشەكشێی ئێران لە باشووری سووریا كردووە بەرانبەر بە وەستاندنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسڕائیل و هەڵوەشاندنەوەی حزبە شیعە عێراقییەكان و راگەیاندنی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و سووریا و لبنان و وڵاتانی كەنداو لەگەڵ ئیسڕائیل.

كوهین كە نووسەر و رۆژنامەنووسێكی ناوداری جووە و بە بەردەوام لە میدیا عەرەبییەكان وەك شڕۆڤەكار دەردەكەوێ و لە زۆرێك لە رۆژنامە عەرەبییەكانیش وتاری بڵاو دەكرێتەوە، لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی، ئاشكرای دەكات 30 پەرلەمانتاری تری عێراقی ویستی سەردانی ئیسڕائیلیان بە نهێنی هەیە، ئەو سێ شاندەی سەردانەكەشیان كردووە هیچیان لە كوردستانەوە نەبووە بەڵكو هەموویان عێراقی بووینە و كەسانی نزیك لە حەنان فەتلاویشیان لەگەڵ بووە.

كوهین ناوی هەندێك لەوانەی سەردانیان كردووە بڵاو كردووەتەوە لەوانە ئەحمەد جبووری و ئەحمەد جەربا و عەبدولرەحمان لوێزی و عەبدولرەحمان شەمەڕی لەسەر پارێزگای نەینەوا، خالد مەفرەجی لە كەركوك و عالیە نسەیف لە بەغدا، دەڵێ تەواوی ناوی ئەندامانی شاندەكانی سەردانیان كردووە لایەتی، بەڵام لەبەر پاراستنی گیانی ئەوان ناوەكانیان بڵاو ناكاتەوە.
 
پێوەند بەو پرسە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان داوای لە وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان كرد لەسەر پرسی سەردانی سێ شاندەكەی عێراق بۆ ئیسڕائیل، لێكۆڵینەوە بكەن.

حەسەن كەعبی جێگیری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر هاوپەیمانی سائیروون، داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەكات لێكۆڵینەوە لە پرسی سەردانی سێ شاندەكە بۆ ئیسڕائیل بكات، هاوكات داوایشی لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان كرد لێكۆڵینەوە بكەن كە سەردانەكە چەندە راستە و ناوی ئەو كەسانەش ئاشكرا بكەن كە سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە. كەعبی دەڵێ سەردانی خاكی "داگیر كراو" هێڵی سوورە و پرسێكی زۆر هەستیارە بۆ موسڵمانان لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوای دنیا.

ئاشكرا بوونی سەردانی سێ شاندی عێراقی بۆ ئیسڕائیل و ئاشكرا بوونی پێوەندییەكانی ئیسڕائیل لەگەڵ میسڕ و وڵاتانی تری عەرەبی لە كاتێكدایە لە میدیای عەرەبی و بەغدا هەمیشە كورد بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل هەیە، ئەمەشیان وەك پرسیار لە چەندان بۆنەدا لە سەركردە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كردووە.



وشە - فه‌رمان سادق