بەرشەلۆنە گرێبەستێكی نوێ رادەگەیەنێ و یانەی توڵوزیش وەڵامی دەداتەوە

:: PM:12:28:09/01/2019 ‌

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ گیان كلێر تۆدیبۆی بەرگریكاری یانەی توڵوزی فڕەنسی راگەیاند و یانەكەش وەڵامی دایەوە.

یانەی بەرشەلۆنە جەختی كردبووەوە كە توانیویانە رێككەوتن لەگەڵ تۆدیبۆ بكەن و لە هاوینی داهاتووشدا بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی توڵوز دەیكەن بە یاریزانی تیپەكەیان.

لای خۆشییەوە ئۆلیڤێ سادران سەرۆكی یانەی توڵوز رەخنەی توندی ئاراستەی یانەی بەرشەلۆنە كرد بەهۆی شێوازی گرێبەستكردنی لەگەڵ بەرگریكاری تیپەكەی.

سادران جەختی كردەوە كە تا ئێستاش وەك یانەی توڵوز رۆیشتنی تۆدیبۆ رەت دەكەنەوە و راشی گەیاند كە تا كۆتایی ئەم وەرزە بەرگریكارە فڕەنسییەكە لە ریزی یانەكەیان دەمێنێتەوە و ناشزانن لە كۆتاییدا چی بەسەر دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م