ریال مەدرید گەڕایەوە سەر رێچكەی سەركەوتنەكان

:: AM:09:30:10/01/2019 ‌

یانەی ریال مەدرید گەڕایەوە سەر رێچكەی سەركەوتنەكان دوای لە دوو یاریی رابردوویدا لە ساڵی نوێی 2019 لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەكانی ڤیاڕیال و ریال سۆسیداد نەیتوانیبوو سەركەوتن بەدەستبێنێ.

درەنگانی شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداریی یانەی لیگانیسی كرد و یارییەكەشی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانان سێرجیۆ رامۆس بە رێگەی لێدانی سزا لە خولەكی 44، لوكاس ڤاسكێز لە خولەكی 68 و ڤینسیوس جۆنیۆر لە خولەكی 77 تۆمار كران.

رامۆس بەم گۆڵەی لە یارییەكەدا تۆماری كرد ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا كردە 100 گۆڵ.

لە یارییەكەدا بۆ یەكەمجار یاریزانە نوێیەكەی یانەی ریال مەدرید براهیم دیاز بەشێوەی یەدەگ لە خولەكی 78 هاتە ناو یاریگە كە هەفتەی رابردوو لە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی كڕی بووی.

بڕیارە یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانەكەش رۆژی چوارەشەمی هەفتەی داهاتوو لەنێو یاریگەی لیگانیس بێتە ئەنجامدان.

جێی باسە دوێنێ چوارشەم هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

گیرۆنا 1-1 ئەتلەتیكۆ مەدرید

خیتافی 1-0 بەلەد وەلید

ڤیاڕیال 2-2 ئیسپانیۆڵ





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م