شه‌ش هەزار و 100 سەربازی ئه‌مه‌ریكى گه‌یشتنه‌ كەركووك

:: PM:02:25:11/01/2019 ‌
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ دژه‌تیرۆرى عێراقى بۆ "وشه‌" ئاشكرای دەكات، كە ئەمه‌ریكا له‌ دوێنێ  شه‌وه‌وه‌ به‌ نهێنێ شه‌ش هەزار و 100 سەربازی گەیاندووه‌تە بنكەی كەی وەن لە كەركووك و ئێسته‌ ئەو بنكە سەربازیە وەك بنكەی عەین ئەسەدی ئەنباڕی لێ‌ هاتووە، زۆرترین سه‌ربازى له‌ خۆى گرتووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11ى كانوونى دووه‌م، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ناو هێزه‌كانى دژه‌تیرۆرى عێراقى، بۆ "وشه‌" ئاشكراى كرد، كه‌وا هێزێكی گەورەی ئەمه‌ریكا براوەتە بنكەی سەربازی كەی وەن لە كەركووك و ژمارەیان له‌ سه‌رووى شه‌ش هەزار و 100 سەربازە.

زیاتر گوتى، لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرە سەربازە، ژمارەیەكی زۆری ئامێر و ئۆتۆمبێڵی سەربازی و فڕۆكەی جەنگی و چەك و جبەخانە براوەتە ئەو بنكە سەربازیانە، به‌ جۆرێك خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ هێرشێكى گه‌وره‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌یشى دركاند، سووپای ئەمه‌ریكا لە ڕێی هەولێرەوە هاتووه‌تە ناو شارى كەركووك، دواى گه‌یشتنیشیان ڕاسته‌وخۆ چەندان مەفەرەزەی گەڕانیان دەركردووە بە دەوری كەركووك و به‌ تایبه‌ت لە ناوچەكانی حەویجە و ڕیاز.

"ئێسته‌ بنكەی كەی وەن، وەك بنكەی عەین ئەسەدی لێ‌ هاتووە، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سووپایەكی زۆری لێ‌ كۆكراوەتەوە، سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى كه‌وتوونه‌ته‌ حاڵه‌تى دڵه‌ڕاوكێیه‌كى زۆر، ترسێكی زۆریان هەیە لەوەی هاتنی ئەو هێزە بۆ سەپاندنی ئیرادەی كورد بێت جارێكی تر بەسەر پارێزگاكە"، سه‌رچاوه‌كه‌ واى گوت.


وشە - محەمەد میران