ڕۆژنامه‌ی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست" یه‌كێك بوو له ڕۆژنامه بڕواپێكراو و ناوداره‌كانی چین كه خاوه‌نی مێژوویه‌كی درێژ و پاكی هه‌یه، به‌ڵام له‌م دواییه بووه‌ته سه‌كۆیه‌ك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست، ئه‌مه په‌تایه هه‌ر ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ی نه‌گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو میدیاكانی دنیا و سۆشیال میدیا به تایبه‌تی بوونه‌ته سه‌كۆیه‌كی گه‌وره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ و به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵك و سه‌رلێشێواندن و ونكردنی ڕاستییه‌كان و شێواندنی حه‌قیقه‌ته‌كان.
خوێنه‌رانی ئه‌و ڕۆژنامه چینییه ڕه‌خنه‌ی توندی ئاراسته ده‌كه‌ن و تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته ده‌ست حكوومه‌تی په‌كین و پروپاگندا بۆ حكوومه‌ت بڵاو ده‌كاته‌وه، بۆیه ڕۆژ دوای ڕۆژ خوێنه‌ر و فرۆشی كه‌متر ده‌بێته‌وه و خه‌ڵكی به جۆرێك له جۆره‌كان بایكۆتیان كردووه، چونكه بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست.
مرۆڤه‌كان نقوومبوون له زانیاری ناڕاست و هه‌واڵی درۆ، ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه و باوه‌ڕكردنیان به ته‌واوی قورس و ئه‌سته‌م بووه، ئه‌مه وایكردووه له ژیان و واقیعیش دا هه‌مان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بڕوا به به‌رانبه‌ر و هاوسه‌ر و دۆسته‌كانیان نه‌كه‌ن، ئه‌و زه‌حمه‌ت بڕواپێ نه‌كردنه له میدیا و ڕۆژنامه‌كانه‌وه بۆ خه‌ڵكی ئاسایی و مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان شۆڕبووه‌ته‌وه.
لێشاوی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییه نادروستانه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ڕووی ده‌روونییه‌وه ناهاوسه‌نگ و ناجێگیر بێ و به‌رده‌وام له حاڵه‌تی دوودڵی و نیگه‌رانیدا بێ، چونكه زۆرینه‌ی ڕه‌های هه‌واڵه درۆكانیش به ترس و گومان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و ده‌روونی خه‌ڵك به ته‌واوی ده‌شێوێنن، جاران ڕاپۆرت و زانیاری و هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان به سه‌رچاوه‌ی ڕاست و دروسته‌وه بوو، به‌ڵام ئێسته كه‌مترین سه‌رچاوه به‌كاردێت، جاران سه‌رچاوه‌كان كه به‌رپرس و فه‌رمانگه حكوومییه‌كان و كه‌رته‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ژیان بوو له كه‌رتی گشتی و تایبه‌ته‌وه، ئێسته به‌رپرسانی ئه‌و بوارانه‌یش بۆ ناشرینكردنی وێنای هرزی به‌رانبه‌ره‌كانیان به جۆرێكی تر زانیاری ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆكارێك كه دڵنیایی له هیچ هه‌واڵ و زانیارییه‌ك نه‌بێ و تۆزێك گومان لای خه‌ڵك هه‌ر بمێنێته‌وه.
ئه‌و ڕۆژنامه چینییه‌ی وه‌ك نموونه خراوه‌ته ژێر باس، یه‌كێكه له كۆنترین ڕۆژنامه‌كان و به‌م دواییه ملیاردێری چینی جاك خاوه‌نی گرووپی عه‌لی بابا كڕیویه‌تی و دواتریش بووه‌ته ئه‌ندامێكی حزبی شیوعی چین كه ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، دوای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی عه‌لی بابا ڕۆژنامه‌كه‌ی گرته ده‌ست، زۆر وتار و هه‌واڵ و زانیاری ناڕاستی لێ بڵاو ده‌كرێته‌وه، كه پروپاگنده‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتی چین، یه‌كێك له‌و
پروپاگنده گه‌ورانه ئه‌وه‌یه كه چین چه‌كی لیزه‌ری بچووكی دروست كردووه، كه ده‌توانی له مه‌ودای یه‌كجار دووره‌وه مرۆڤ بسووتێنێت و سه‌ربازانی چین ئه‌و چه‌كه لیزه‌ریانه‌یان له داهاتوو پێ ده‌درێت، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی زانایانی بواری فیزیا دووپاتیان كرده‌وه، كه ئه‌و جۆره چه‌كه له‌گه‌ڵ یاسا و بنه‌ماكانی فیزیا و زانستی ته‌كنه‌لۆجیا یه‌كناگرێته‌وه و دروستكردنی مه‌حاڵه.
له هه‌واڵێكی تری ئه‌و ڕۆژنامه‌یه هاتووه، كه چینییه‌كان توانیویانه به ئامێرێكی پێشكه‌وتوو كانزای مس بۆ زێڕ بگۆڕن و پرۆژه‌كه‌یش به سه‌رپه‌رشتی حكوومه‌ت ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه زانایانی بواری كیمیا ئه‌وه به ته‌واوی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، كێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه‌یه سیاسییه‌كان بۆ ناكۆكی نێوان وڵاتان و وه‌ك به‌شێك له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی سارد ئه‌و هه‌واڵانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزی خۆیان پێشانی وڵاتانی تری دنیا بده‌ن.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه و پیاهه‌ڵدان به حكوومه‌تی چین له كاتێكدایه، پێشتر ئه‌و ڕۆژنامه‌یه كۆسپی گه‌وره‌ی بۆ حكوومه‌ت دروست ده‌كرد و ڕاپۆرتی زۆر وردی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكوومه‌ت بڵاو ده‌كرده‌وه، له 2017 پێوه‌ندی نێوان شی جین بینگی سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی به وردی خسته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركرا، توانی له دادگا سكاڵاكه‌یش بباته‌وه، به‌ڵام دوای كڕینه‌وه‌ی له‌لایه‌ن جاك ما زۆرێك له ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه كاره‌كانیان به‌جێهیشت و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، كه ده‌زگا ڕۆژنامه‌وانییه‌كه كه‌وتووه‌ته ده‌ست په‌كین و حكوومه‌تی چینیش له‌م دواییه سیاسه‌تی "گه‌مژه‌ی به‌سوود"ی گرتووه‌ته‌به‌ر و به كڕینه‌ی میدیاكان له ڕێی كه‌سانی سه‌ر به حزبی شیوعی، هه‌وڵده‌دا خه‌ڵك بكاته گه‌مژه و سوودیشیان لێ وه‌ربگرێت.
وڵاتان به وردی ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ی پروپاگنده كردن كردووه، بۆ به‌هێزی سوپا و توانا ئابورییه‌كانیان و چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كانیان، به‌ڵام زانایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به‌شێكی زۆری ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌وڵه‌تان له‌باره‌ی پێشكه‌وتنه‌كانیان ته‌نیا به‌رهه‌می خه‌یاڵن و له واقیع دا هیچ شتێكی له‌مشێوه‌یان له‌به‌رده‌ست نییه، ته‌نیا خۆیان گه‌وره ده‌كه‌ن و ئه‌مه سه‌ره‌تای جه‌نگێكی نوێی سارده كه له نێوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ده‌ستی پێكردووه و سه‌ره‌تاكانیشی به ڕوونی ده‌ركه‌وتوون.