بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە حكوومەت مەرجی خۆی ڕاگەیاند

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان مەرجی سەرەكی حزبەكەی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بڕیاردان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن ڕێژەی %50 دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێی میدیای حزبەكەی شێوازی بەشداریكردنی حزبەكەی بۆ بەشداری لە حكوومەت ئاشكرا كردووە و نووسیویەتی، بزووتنەوەی گۆڕان كاتێك بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی هەرێمدا دەكات كە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی كاری ئەو كابینەیە بۆ ئەوەی داكۆكی لێ بكات و كار بۆ جێبەجێكردنی بكات. 

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای كردووە، بەرنامەیەك كە پاكێجەكانی چاكسازی‌ و بەنیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێم‌ و هەنگاونان بۆ گێڕانەوەی كەركووك ‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانی تر بۆ سەر هەرێم‌ و باشكردنی بژێوی خەڵك‌ و خزمەتگوزارییەكان ‌و بنبڕكردنی گەندەڵی، بەپێی خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراو لەخۆ بگرێ، هەروەها كە پێگەی گۆڕان لەو كابینەیە وەك شەریكێكی راستەقینە مسۆگەر بكرێت.

ئاماژەی داوە، تا ئێستە شێوازی بەشداریی بزووتنەوەكە لە ڕێژەی %50 و بوون بە ئۆپۆزسیۆن %50یە، بۆیە بڕیاری كۆتایی نەدراوە.

ئەو گوتانەی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە كاتێكدایە تا ئێستە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پارتی 45 كورسی بەدەستهێناوە و یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی، بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتیش چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانە.





وشە - رامیار جەواد


AM:10:24:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 451 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌