بۆ كوردستان 30% گۆشتی سوور هاوردە دەكرێ‌

:: PM:03:39:12/01/2019 ‌

ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بەزیاتر لە 80 هەزار تۆن‌ گۆشتی سوور هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش 30%ی ئەو پێویستییە ‌لە دەرەوە هاوردەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم، میقداد ئیبراهیم لە بەشی هاوردەی وەزارەتی كشتوكاڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی پێویستی ساڵانە هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بە گۆشتی سوور، ئاژەڵ لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاوردەی ناوخۆ دەكات. زیاتر گوتی، ئەو ئاژەڵەی هاوردە دەكرێت زیاتر لە سێ وڵاتەوە دەهێنرێت و مەرجی سەرەكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو وڵاتانە ئەوەیە كە نابێت نەخۆشی لەناو ئاژەڵەكانیان هەبێت و ئەو سێ وڵاتەش خۆیان دەزانن هەرێم چ ئاژەڵێكی دەوێت.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ روونی كردەوە كە ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 100 هەزار تۆن گۆشتی سوور هەیە، لەو بەشە 70%ی بە ناوخۆ پڕی دەكاتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە 30% لە دەرەوە لە هەریەكە لە وڵاتانی بەرازیل و جۆرجیا و ئۆكرانیا هاوردە دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد،  لەكاتی هاوردەكردنی ئەو ئاژەڵە بەپێی رێنوێنی ژمارە 2ی ساڵی 2010 لە وەزارەتی كشتوكاڵ، پێویستە ئەو ئاژەڵە بۆ ماوەی 21 رۆژ لە ژێر چاودێری كەرەنتینەی ئەو وڵاتە بێت بۆ پشكنین و نەبوونی نەخۆشی.

لای خۆیەوە سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوو نزیكەی 71 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردەی سلێمانی كراون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم