پەرلەمان: حكوومەت هیچ پنلاێكی پێدانی كارەبای بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو نییە


لە كاتێكدا عێراق كارەبا لە ئێران هاوردە دەكات و گوشارەكانی ئەمەریكایش بۆ پێوەست بە سزاكانی سەر ئێران لەسەر بەغدا زیاتر دەبێت، پەرلەمانتارێك دەڵێ، حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی هیچ پلانێكی بۆ دابینكردنی كارەبا لە وەزری هاوین نییە.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، عودەی عەواد پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بەسڕە، رای گەیاند حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی هیچ پلانێكی نییە بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ وەزری هاوینی داهاتوو.

عەواد، ئاماژەی بەوەدا كە بەدواداچوونیان كردووە لەسەر كارەكانی وەزارەتی كارەبا، بۆیان دەركەوتووە كە حكوومەت هیچ پلانێكی نییە تا كارەبا لە مانگی هاوینی داهاتوو بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، تەنانەت تا ئێستە هیچ گرێبەستێك بۆ دابینكردنی كارەبا نەكراوە و رۆژانەیش ئەو وەزارەتە هیچ رێوشوێنێك ناگرێتەبەر بۆ دابینكردنی كارەبای زیاتر.
 
ئەو قسانەی عەواد لە كاتێكدایە عێراق هەم كارەبا و هەمیش غاز لە ئێران هاوردە دەكات بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ بەسڕە و زۆرێك لە پارێزگاكانی باشوو، ئەمەریكاش ماوەی 90 رۆژی لێبووردن بۆ عێراق درێژ كردووەتەوە بۆ دەستخستنی سەرچاوەی جێگرەوە بۆ كارەبا و غازی ئێرانی، كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، عێراق هاوشانی وڵاتانی تر دەبێت بە بڕیارەكانی ئەمەریكا پابەند بێت ئەگەرنا لەلایەن كۆشكی سپی هاوشانی ئێران سزای دەخرێتە سەر.

عەواد هۆشداری لە گەڕانەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەسڕە و پارێزگاكانی باشوور دا ئەگەر هەرچی زووە رێوشوێن نەگیردرێتەبەر بۆ دابینكردنی كارەبا، هەروەك لە هاوینی رابروود روویدا.
 
ئەو پەرلەمانتارە داوای كرد هەرچی زووە پلان دابنرێت بۆ ئەوەی دەستنیشانی پێدانی كارەبا لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بكرێت و هەوڵی ئەنجامدانی گرێبەست بدرێت، گوتی "وەك ئەندامێكی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسایی و چاودێری خۆمان بەكار دەهێنین بۆ بەرگری كردن لە مافەكانی هاووڵاتییان".



وشە - فه‌رمان سادق


PM:05:22:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌