سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا.. عێراق و ئێران رێككەوتن لەسەر سێكتەری نەوت و وزە دەكەن

وەزیرانی نەوتی عێراق و ئێران، گفتوگۆ لەسەر گرنگی پێشخستنی بورەكانی نەوت و وزە لەنێوان تاران و بەغدا دەكەن. وەزیری نەوتی عێراقیش دەڵێ هەوڵی رژد دەدەن بۆ فراوان كردنی قەبارەی هاوئاهەنگی دوو لایەنە لە ئابووری و سێكتەری نەوت و وزە بە تایبەت.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، سامر غەسبان وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران كۆبوونەوە، هەردوولا باسیان لە گرنگی پێشخستنی سێكتەری نەوت و وزە لەنێوان هەردوو وڵات كرد.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی نەوت، كە كۆپیەكی دەست "وشە" كەوتووە، سامر غەسبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە لەگەڵ بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران كۆبووەتەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبای عێراقی.

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای دووپات كردنەوە لە هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا لەسەر تەواوی سێكتەرە ئابوورییەكان، نەوت و وزە بە تایبەت، بەغدا و ئێران رێككەوتنیان كردووە لەسەر دانانی لیژنەیەك بۆ كێڵگە سنوورییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات، هاوكات ئاڵوگۆڕی توانا مرۆییەكان بۆ پێشخستنی سێكتەری نەوت.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێرانی كۆمەڵێك دۆسیەیان تاوتوێ كردووە، لەوانە بەردەوامی هاوردە كردنی غازی سروشتی لە ئێران بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق. گوتی "هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی كۆبوونەوەكانی ئۆپیك یەكێكی تر بووە لەو تەوەرانەی تاوتوێ كراوە".

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە ئەمەریكا ماوەی 90 رۆژ لێخۆشبوونی بۆ عێراق درێژ كردووەتەوە بۆ دابینكردنی سەرچاوەی تری غازی سروشتی بۆ بەگەڕخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، وەك هەوڵێك بۆ پابەند كردنی عێراق بە سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران كە بەشێك لە لەلایەنە سیاسییە عێراقییەكان دژی بڕیارەكەی واشنتن وەستاونەتەوە.

بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران كە رۆژی پێنجشەمی رابردوو 10ی كانوونی دووەم سەردانی عێراقی كردووە، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەیزان و زۆرێك لە سەركردەكانی عێراق، لەگەڵ وەزیرانی نەوت و كارەبای عێراقیش ئەمڕۆ كۆ بووەوە.
زەنگەنە لە بارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ غەسبان ئاماژەی بەوەدا كە كۆبوونەوەكە بە سوود و بەرهەمدار بووە و كۆمەڵێك دۆسیە تاوتوێ كراوە كە جێی گرنگی هەردوو وڵاتن لە بواری نەوت و وزە.

ئەو گوتی "هەردوو وڵات رێككەوتین لەسەر هاوئاهەنگی بۆ پێشخستانی كێڵگە نەوتییەكانی سنووری هاوبەش دوای ئەنجامدانی دیراسەیەكی هونەری".



وشە - فه‌رمان سادق


PM:06:29:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌