پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ یاسای تاوانەكان دەكات

:: PM:07:44:12/01/2019 ‌
لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای تاوانەكانی زانیارییەكان كرد، هاوكات خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكانی كارگێڕی دارایی و هەموواری یەكەمی یاسای كۆمەڵگەی زانستی كرد.

لە دانیشتنی ژمارەی 25ی وەرزی یەكەمی ساڵی یەكەمی پەرلەماندا كە 166 ئەندام ئامادەی بوون و حەسەن كەعبی سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، وێڕای خوێندنەوەی یەكەم بۆ سێ پڕۆژە یاسا، لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بارەی سووتاندنی خانەی بڵاوكراوەكان لە ئەعزەمیە لە بەغدا پێكهێنا، هاوكات لەسەر پرسی سەردانی سێ شاندی عێراقیش بۆ ئیسڕائیل بە واژووی 76 ئەندامی پەرلەمان، محەمەد عەلی ئەلحەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان كرا.

یاسای تاوانەكانی زانیارییەكان لە 31 مادە پێكدێ، ئامانج لێی رێكخستن و  بە یاسایی كردنی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و شۆڕی تەكنەلۆجیای زانیاری كە لە نەبوونی وەها یاسایەكدا زیانی زۆری لە تاك و كۆمەڵگە داوە لە بەكارهێنانی زانیارییە كەسییەكان كە بەهۆیەوە دەبێتە هەڕەشە بەسەر ژیانی تاك و زیانیش لە ئاسایشی نیشتمانی وڵات دەدات، بۆیە دەكردنی ئەو یاسایە هەوڵێكە بۆ پاراستنی زانیارییەكان و دابینكردنی پارێزبەندییەكی یاسایی.



وشە - فه‌رمان سادق