سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی له پارێزگای نه‌ینه‌وا دۆزینه‌وه‌ی گۆڕێكی تری به كۆمه‌ڵی له باشووری پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕاگه‌یاند، كه ئێسك و پرووسكی 28 سه‌ربازی تێدایه و 18 له سه‌ربازه‌كان ئه‌فسه‌ربوون و له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه كوژراون.
نه‌قیب محه‌مه‌د جاسم ئه‌فسه‌ر له هێزه ته‌ناهییه‌كانی مووسڵ
ئاشكرای كرد، هێزێكی ته‌ناهی چوونه‌ته شوێنی گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه كه كه‌وتووه‌ته گوندی "قه‌بر عه‌بد"ی سه‌ر به شاره‌دێی شووری 40 كیلۆمه‌تر باشووری مووسڵ، له ئه‌نجامی پشكنینی گۆڕه‌كه ئێسك و پرووسكی 28 سه‌ربازیان دۆزیوه‌ته‌وه كه 18یان ئه‌فسه‌ربوون و له فیرقه‌ی دووی سوپای عێراق خزمه‌تیان كردووه، به‌ر له‌وه‌ی داعش هێرش بكاته سه‌ر مووسڵ و سوپا و هێزه‌كانی ناوخۆ ده‌ست به ڕاكرندن بكه‌ن.
ئاماژه‌ی دا، ته‌رمه‌كان به ته‌واوی ناسراونه‌ته‌وه، چونكه هه‌ر یه‌كێك له قوربانییه‌كانی ناو گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه ناسنامه‌یان له گیرفاندا بووه و بێ هیچ كێشه‌یه‌ك ناسنامه‌یان زانراوه و ئێسك و پرووسكهكانیشیان كۆ كراوه‌ته‌وه و ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری مووسڵ كراوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه هێزه‌كانی به‌رگری شارستانی مووسڵ له‌میانه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی خاشاك و پاشماوه‌ی باڵه‌خانه ڕووخاوه‌كان توانیان حه‌وت ته‌رم كه سێیان منداڵن له ناوچه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مووسڵی كۆن بدۆزنه‌وه و به‌هه‌مانشێوه ته‌رمه‌كانیان دراوه‌ته پزیشكی دادوه‌ری.
مووسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه و ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له سێ ملیۆن كه‌س ده‌بێ، له 10ی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2014 دوای هه‌ڵاتی 60 هه‌زار سه‌ربازی سوپا و هێزه‌كانی ناوخۆ، شاره‌كه كه‌وته ده‌ست تیرۆریستان، له 17 ئۆكتۆبه‌ری 2016 هه‌ڵمه‌تی ڕزگاركردنه‌وه‌ی ده‌ستی پێكرد و پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان به درێژایی 200 كیلۆمه‌تر و به قوڵایی 20 كیلۆمه‌تر هێلی پێشه‌وه و به‌رگری تیرۆریستانیان تێك‌شكاند و زه‌مینه‌یان بۆ هێزه‌كانی عێراق خۆش كرد، تا پێشڕه‌وی به‌ره‌و سه‌نته‌ری مووسڵ بكه‌ن.