پەرلەمانتارانی كوردستان كارێكی نایاساییان كردووە

:: AM:09:34:13/01/2019 ‌
سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەو پەرلەمانتارانەی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم پەرلەمانتار بوون و ئێستە بوونەتەوە بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان یا پەرلەمانی عێراق، مووچەی شەش مانگ خانەنشینییان وەرگرتووە، جگە لە پێشێلكردنی یاسا و هەڵەیەكی گەورە كارێكی "نائەخلاقی وەزیفییە" چونكە ئەوان هێشتا لە ئەركدان ئیتر مووچەی خانەنشینی چی.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی كانوونی دووەم،  نیعمەت عەبدوڵا سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، ئەو پەرلەمانتارانەی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێم پەرلەمانتار بوون و ئێستە بوونەتەوە بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان یا پەرلەمانی عێراق كە مووچەی شەش مانگ خانەنشینییان وەرگرتووە، جگە لە پێشێلكردنی یاسا و هەڵەیەكی گەورە كارێكی "نائەخلاقی وەزیفییە" چونكە ئەوان هێشتا لە ئەركدان ئیتر مووچەی خانەنشینی چی.

سەرۆكی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتی، دوای چوار ساڵی تر دووبارە خانەنشینی وەردەگرنەوە، هەروەها هەر قسەیەك دەكەن گوایە داویانە بە فڵانە دەزگا یا نەخۆشخانە و منداڵانی بێ سەرپەرشتیار، ئەوە پاساوێكی نالۆجیكی و نایاسایی و چەواشەكارییە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە، چونكە وەرگرتنی پارەكە نایاساییە، ئەگەر دەیانەوێت بچن لە گیرفانی خۆیان خێر بكەن نەك بە پارەی نایاسایی.

ئاشكرای كردووە، نووسراو دەكەین بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە چۆن ئەو پەرلەمانتارانە بەو جۆرە یاسایان پێشێل كردووە، چونكە ئەوە شتێكی زۆر سەرەتاییە لە یاسا، هەموو كەس دەزانێت نایاساییە، بۆیە پێویستە بەزووترین كات پارەكانیان بگێڕنەوە ئەگەر هەر لەپەرلەمانتارێك ئامادە نەبوو پارەكە بیگێڕێتەوە، ئەوا دەبێت دادگایی بكرێت.

ئاماژەی داوە، پەرلەمانتار لە خولی چوارەم دووبارە بووەتەوە پەرلەمانتاری خولی پێنجەم بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە ئەو خانەنشینییە وەربگرێت لەژێر هەر ناو و پاساوێكدا، چونكە ئەوان تا ئێستە لە ئەركەكانیان بەردەوامن و خانەنشین نەبوون، دوای چوار ساڵی تر جارێكی تر خانەنشینی وەردەگرنەوە.



وشە - رامیار جەواد