خولی ئیسپانیا.. ئەمڕۆ بەرشەلۆنە و ریال مەدرید یارییان هەیە

:: AM:09:37:13/01/2019 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیادا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید یارییان هەیە.

یانەی بەرشەلۆنە سەعات 8:30ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیبار دەكات.

پێشبینی دەكرێ یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەدا سەركەوتن بەدەستبێنێ و 3 خاڵی تریش بخاتە سەر ژمارەی خاڵەكانی بۆ ئەوەی هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا بمێنێتەوە كە ئێستا 40 خاڵی هەیە، یانەی ئیباریش بە 22 خاڵ لە ریزبەندی 13ی یانەكان دێت.

یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی 2014=2015وە تا ئێستا 8 جار رووبەڕووی یانەی ئیبار بۆتەوە و لەسەرجەم یارییەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

پێش ئەنجامدانی یارییەكەی بەرشەلۆنەش، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كە ئێستا بە 35 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكان دێت، سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ لەنێو یاریگەی واندامیترۆ پۆلیتانۆ مێوانداریی یانەی لیڤانتی دەكات.

دواتریش لە سەعات 6:15ی شەویش یارییەكی بەهێز لەنێوان هەردوو یانەی ئەتلەتیك بیلبا و سڤیلییە لەنێو یاریگەی سان مامیس بەڕێوەدەچێت.

دوایین یاریش لە سەعات 10:45ی شەو یانەی ریال مەدرید لە یارییەكی زەحمەتدا دەبێتە مێوانی یانەی ریال بیتیس.

یانەی ریال مەدرید لە دوو یاریی رابردوویدا لە خولی ئیسپانیا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەستبێنێ و بەرامبەر یانەی ڤیاڕیال بە ئەنجامی 2-2 یەكسان ببوو و هەفتەی رابردووش بە 2 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد دۆڕا بوو.

یانەی شاهانە ئێستا بەكۆكردنەوەی 30 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی یانەكان دێت و یانەی ریال بیتیسیش بە 26 لە ریزبەندی حەوتەمی یانەكاندایە،



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م