بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو شاخەوانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە هەمیشە خزمەتی سروشتی كوردستانی دەكرد، بە نەخۆشیی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی كانوونی دووەم، گرووپی شاخەوانی قەڵای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵگوردی شاخەوان كۆچی دوایی كرد.
ئاماژەیان داوە، هەڵگورد نووری عەزیز پێنجوێنی سەرۆكی گرووپی شاخەوانی بلكیان پێنجوێن كۆچی دوایی كرد.
هەڵگورد ماوەیەك بوو بە دەست نەخۆشیی شێرپەنجە دەیناڵاند و لە كۆتاییەكانی ژیانیدا لە ماڵەوە كەوتبوو، لە تەمەنیدا زۆر هەوڵی دا وەك سەربازێكی ون خزمەت بە سروشتی كوردستان بكات و شوێنە مێژوویی و دڵگیرەكان پێشانی هاووڵاتییان بدات.
هەڵگورد نووری سەرۆكی گرووپی شاخەوانی بلكیانە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانە، ماوەی ساڵێكە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و دڕكەپەتك و جگەر بووە، لەماوەی تەمەنیدا كارێكی زۆری بۆ سروشتی كوردستان كردووە و هەمیشە وەكو هەڵۆییەك بوو بەسەر شاخەكانی كوردستان.