نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:56:16/01/2019 ‌

لە دوێنێ سێشەمەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لەو كاتەوە دۆلار و نیوێك لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بەرز بووەتەوە.

كاتێك دوێنێ بازاڕەكە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 59 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرا و تا كۆتایی رۆژەكە بۆ 60 دۆلار و 60 سەنت بەرز بووەوە. بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ چوارشەمیش سەرووی 20 سەنت لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 60 دۆلار و 82 سەنت دەفرۆشرێت. هاوكات نرخی نەوتی تەكساسیش لە 50 دۆلار و 70 سەنتەوە بۆ 52 دۆلار و 17 سەنت هەڵكشاوە.

پێویستە بگوترێت لە نیوەی دووەمی مانگی رابردووی زاینی نرخی هەر بەمیلێك لە نەوتی برێنت تا خوارووی 50 دۆلار دابەزی، بەڵام لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە نرخەكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی رابردوو جگە لە سێ رۆژ كە نرخی نەوت دابەزی، هەموو رۆژێك لە نرخی نەوت هەڵكشاوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سووربوونی ئەمەریكا لە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران دەگەڕێتەوە و ئەو شەش وڵاتەی كە ئەمەریكا رێی پێ دابوون نەوتی ئێران بكڕن، چیتر بۆیان نییە لە كڕینی نەوت بەردەوام بن.

جگە لەمە لە سەرەتای ئەمساڵەوە وڵاتانی ئۆپێكیش بەرهەمهێنانی نەوتیان تا ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم كردووەتەوە. ئەوان لە كۆتایی ساڵی رابردوو لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ رێگرتن لە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت رێككەوتبوون.



وشە - سلێمان تاشان