بەغدا بەڵێنی ناردنی سێ مووچەی 2018 دەدات و مانگانە 522 ملیار دینار دابین دەكات

:: PM:07:00:16/01/2019 ‌
هەولێر و بەغدا نزیكن لەسەر بودجە رێككەوتن بكەن، لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرێت لەم مانگەدا بودجە پەسند بكرێت و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش پشكی كوردستان دەكەنە هێڵی سوور و هەڕەشەی دەنگ نەدان بە بودجە دەكەن. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی كوردستانیش دەڵێ بەغدا بەڵێنی مووچەی سێ مانگی 2018ی داوە.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا تا ئێستە چەند جارێك لیژنەی باڵای دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كردووە بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكوومەتی عێراق لەسەر پرسی بودجەی 2019 و پشكی كوردستان لە بودجەدا.

وەك بەشێك لە هەوڵەكانی  گەیشتن بە رێككەوتن، لە سەردانی ئەمڕۆی شاندەكە بۆ بەغدا لەسەر پرسی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێككەوتن، پێشتریش رێباز حەملان لە وەڵامی رۆژنامەنووسان لە بارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی 2018، دووپاتی لە بەردەوامی مووچەی فەرمانبەران كرد كە پاشەكەوت ناكرێت.

بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبووایە حكوومەتی عێراق لە 2018 مانگانە 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا بەغدا لە مانگی نیسانی 2018 دەستی كردووە بە ناردنی 317 ملیار دینارەكە، بەو پێیەش بێت مووچەی سێَ مانگی لەلا ماوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی "بە نووسراوی فەرمی دەمێكە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە بەغدا كردووە بۆ خەرج كردنی ئەو سێ مووچەیە، هێشتا بە فەرمی وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام بە زارەكی بەڵێنیان داوە لە 2019، واتە لەمساڵ، قەرەبووی دەكەنەوە و سێ مووچەكە كە دەكاتە 951 ملیار دینار، بداتە هەرێمی كوردستان".

پێوەند بەو پرسە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی، ئاماژەی بەوەدا كە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان هیچ زانیارییەكی لەسەر سێ مووچەكە بە پەرلەمانتاران نەداوە، بەڵام كۆمەڵێك بابەت هەن لە وردەكاریدا لە بودجەی گشتی باس ناكرێن، ئەوانە كە لە ساڵی 2018 كۆتاییان نەهاتووە، ئەوا دەپەڕێندرێنەوە بۆ ساڵی 2019 و بەردەوامیان پێ دەدرێت، رەنگە ئەو سێ مووچەیەش بەپێی رێككەوتنەكە بپەڕێندرێتەوە ساڵی نوێ هاوشانی زۆر پرسی تری پێوەندار بە بودجەی 2018.
بەپێ زانیارییەكان دوای هەموواری بودجە، ئێستە بودجەی خەملێنراوی عێراق 128 ترلیۆن و 4000 ملیار دینارە، لەم بڕەش 22 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری كورت هێنانە، هێشتا حكوومەت و لیژنەی دارایی لەسەر نرخی بەرمیلێك نەوت بە تەواوەتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن ئەگەرچی پێشتر 57 دۆلار خەملێنرا بوو، بەڵام بەهۆی نا سەقامگیری بازاڕی نەوت، رەنگە نرخەكە بۆ 55 دۆلار كەم بكرێتەوە. بودجەی عێراق 75%ی بۆ خەرجی و مووچە تەرخان كراوە و 23%یش بۆ وەبەرهێنان.

پێوەند بە هەرێمی كوردستان و پرسی مووچەی فەرمانبەران، بەگوێرەی زانیارییەكان جیا لە رێككەوتنەكانی پێشتر لەگەڵ بەغدا كراوە، ئەمجارە پشكی كوردستان نەبەستراوەتەوە بە رێككەوتنی هەناردە كردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە 12.67%ی پشكی كوردستان لە بودجەی 2019، بەڵكو مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و شەهیدان و ئەنفال و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەناو بودجەی سەروەری جێی بۆ كراوەتەوە، بەڵام ئەم پرسە لەلایەن پەرلەمانتارانی لیستەكانی تر، بەتایبەت ئەوانەی باشووری عێراق زۆر بە توندی دژایەتی دەكرێت، وەك پەرلەمانتارێكی كوردی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ دەكات.

جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بۆ "وشە" روونی كردەوە، بەپێی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بێت كە لەناو بودجە جێی كراوەتەوە، مانگانە حكوومەتی عێراق 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، بەمەش 137 ملیار دینار لەو بڕەی ئێستە دەینێرێت، زیاتر دەبێت.

هێمای بۆ مووچەی پێشمەرگەش كرد كە لە بودجەی خەملێنراودا 68 ملیار دیناری مانگانەیان بۆ تەرخان كراوە، هاوكات 109 ملیار دیناریش بۆ مووچەی شەهیدان و زیندانە سیاسییەكان و ئەنفال و كیمیارباران تەرخان كراوە، لەگەڵ ئەمەیشدا بڕێك پارە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان كراوە، كە هەموویان بەیەكەوە 631 ملیار دینار.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، گوتی "ئەوانەی تەرخان كراون بۆ مووچە، هیچ پێوەندی بە بودجەی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرانبەر بە 12.67% نییە، ئەوە خراوەتە سەر بودجەی سەروەری، بەو مانایەی رێككەوتنەكە بكرێت یان نا، ئەوا بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە كە بەیەكەوە 522 ملیار دینار دەكات، رەوانەی كوردستان دەكرێت، بەڵام ئەم خاڵە لە لیژنەی دارایی و ناو پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی شارەكانی تر بە تایبەت باشووری عێراق، رەخنە و تێبینی زۆری لەسەر هەیە كە چۆن حكوومەتی عێراق رێككەوتنی كردووە مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی كوردستان بكات بێ بەرانبەر كە ساڵانە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار دەكات".

فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆكن و پێداگیری دەكەن لەسەر زیاد كردنی پشكی كوردستان لە 12.67% بۆ 13.92% یانیش 17%، ئێستە جگە لە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و شەهیدان و ئەنفال و كیمیاباران و زیندانە سیاسییەكان كە هەموویان بەیەكەوە 631 ملیار دینار دەكات، ئەوا پشكی كوردستان بەگوێرەی رێژەی 12.67% دەكاتە نۆ ترلیۆن دینار، خۆ ئەگەر بكرێتە 13.92%، ئەوا بۆ 10 ترلیۆن و 500 ملیار تا 11 ترلیۆن دینار زیاد دەبێت.

جەمال كۆچەر بۆ "وشە" كرد، ئاماژەی بەوەدا وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان هێڵی سووریان لەسەر بودجە هەیە، بەوەی رازی نین پشكی كوردستان 12.67% بێت، بەڵكو تا سەرژمێری بكرێتەوە بە 17%، یانیش پشت بە 13.92% ببەستن كە ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقییە، گوتی "ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەوا فراكسیۆنە كوردستانییەكان ناچنە دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت ئەگەر لە كوردستانەوە داوا بكرێت بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكەن".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە 22 ئەندام پێك دێت، پێنج كورد لە لیژنەكە هەن كە نوێنەرایەتی پێنج فراكسیۆن دەكەن جگە لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ.

لە بارەی مەترسییەكانی رێگری كردن لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئەگەر بەغدا و هەولێر نەگەیشتن بە رێككەوتن، جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەدا كە راستە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارانی عەرەبی دژی ناردنی ئەو بڕیە پارەیەن ئەگەر رێككەوتنیش نەكرێت، بەڵام ناتوانن لەناو لیژنەی دارایی بۆچوونی خۆیان زاڵ بكەن و كورد دەتوانێت رێگری بكات لەوەی لە لیژنەی دارایی ئەو پرسە سەر نەگرێت.



وشە - فه‌رمان سادق