هەولێر.. ئەو ژنانەی لە كافتریایەك نمایشیان دەكرد گیران

:: AM:10:19:17/01/2019 ‌
بەرپرسێكی شاری هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو كرایەوە كە كۆمەڵێك ژن نمایشیان دەكرد بۆ سەرنجڕاكێشانی كڕیار شوێنەكە داخراوە و كارمەندەكانیش لەژێر لێكۆڵینەوەدان بۆ هۆكاری زانینی ئەو كارە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی كانوونی دووەم، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە كە كۆمەڵێك ژن لە بەردەم شوێنی كافتریایەك نمایش دەكەن، دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتی، بەدواداچوونمان بۆ شوێنەكە كرد و ئەو شوێنە ئێستە داخراوە و كارمەندەكانیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو كارەیان بۆ كردووە و لە هەموو كەموكوڕییەكیش سزا دەدرێن بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆ بڵاو بووەوە لە یەكێك لە كافتریاكانی شاری هەولێر كە چەند كچێك لە بەردەم شووشەیی كافتریایەك نمایشی جەستەیی ئەنجام دەدەن، ئەو گرتە ڤیدیۆییە دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەكی زۆری لێ كەوتەوە و هاووڵاتییان داوای لێكۆڵینەوەیان كردووە.
 



وشە - رامیار جەواد