كچێكی تەمەن 18 ساڵ ڕزگار كرا

:: AM:11:24:17/01/2019 ‌
بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە سووریا توانیوویانە كچێكی تەمەن 18 ساڵ لەژێر دەستی داعش ڕزگار بكەن و بیگەڕێننەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی كانوونی دووەم، حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەی هێنانەوە و ڕزگاركردنی كچانی ئێزیدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە هەوڵێكی زۆر توانیمان كچێكی تری ئێزیدی ڕزگار بكەین و بیگەڕێنینەوە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی نووسینگەی هێناوەی كچانی ئێزیدی گوتی، ئەو كچە تەمەنی 18 ساڵە و لە سووریا بووە چەكدارانی داعش ڕفاندوویانە دوای هێرشەكەی ساڵی 2014 بۆ سەر شارۆكەی شنگال و دەوروبەری.

قائیدی ئاشكرای كرد، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامین لە هەوڵەكانمان تا چارەنووسی سەرجەم ئەو كەسانە بزانین و بیانگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆیان كە چەكدارانی داعش پەلاماریان داون و كڕین و فڕۆشتنیان پێوە كردوون، هەروەها كچكێی تریش لەگەڵ ئەو كچە ئازاد كراوە.

بەپێی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئێزییدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف، تا ئێستە نزیكەی سێ‌ هەزار هاووڵاتیی ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە و بەدواداچوون بۆیان بەردەوامە.

چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 هێرشیان كردە سەر هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی ئێزیدی بوونە قوربانی و ژمارەیەكی زۆریشیان تا ئێستە ئاوارەن.



وشە - رامیار جەواد