لە كۆتاییدا ئامانجەكەی بەرشەلۆنە بێ دەنگی شكاند

:: AM:11:59:17/01/2019 ‌

فڕانكی دی یۆنگ ئەستێرەی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی كە ئامانجی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و چەندان یانەی گەورەی تری ئەوروپایە، بێ دەنگی شكاند.

ئەم ئەستێرە لاوەی هۆڵەندا ماوەیەكە لەلایەن یانەكانی بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و مانچستەر سیتیی ئینگلیزی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و چەند یانەیەكی ترەوە داوا دەكرێ.

دی یۆنگ بە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی راگەیاند: بۆ دیاریكردنی چارەنووسی داهاتووم پەلە ناكەم و چاوەڕێ دەكەم، چونكە نامەوێ وێستگەی داهاتووم تەنیا بەمەبەستی گەیشتكردن بێت بۆ ئەوروپا.

زیاتر گوتی: راستییەكەی تا ئێستا خۆشم نازانم لە وەرزی داهاتوودا لە كامە یانە یاری دەكەم، بێگومان شاردنەوەی ئەم نهێنییەش زەحمەتە.

دی یۆنگ هەروەها رایگەیاند: ئاواتەخوازم هەموو شتێك بە باشی تێپەڕێ، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە بڕیاردان پەلە ناكەم، هەر لەبەر ئەمەشە تا ئێستا وێستگەی داهاتووم دیار نییە.

لەبارەی پەیوەندیكردنیشی بە یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: بەرشەلۆنە یانەیەكی گەورەیە و یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان و مێژوویەكی گەورە و زێڕینیشی هەیە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتاییم نەداوە.

جێی باسە ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ دی یۆنگ رێككەوتووە و لە هاوینی داهاتوودا بە بەهای 75 ملیۆن یۆرۆ دەیباتە یانەكەیەوە، بەڵام تا ئێستا ئەمە بە فەرمی رانەگەیەنراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م