خەڵكی كوردستان و عێراق زۆرترین خانوویان لە توركیا كڕیوە

:: PM:12:31:17/01/2019 ‌

لە ساڵی 2018دا رێژەی فرۆشتنی خانوو لە توركیا بە خەڵكی بیانی بە رێژەی 78% هەڵكشاوە و خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە كڕیاری سەرەكی خانوو لەو وڵاتە هەژمار دەكرێن.

ژمارەی ئەو خانووانەی لە لایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە توركیا كڕاون، دەگاتە هەشت هەزار و 205 خانوو و بە گشتی 20%ی هەموو ئەو خانووانەی لە ساڵی 2018 لە توركیا لە لایەن خەڵكی دەرەوە كڕاون، عێراقی یان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.

لە دوای عێراق، ئێران لە پلەی دووەم هەڵكەوتووە و لە دوای ئەویش سعوودیە دێت كە دوو هەزار و 718 خانوویان كڕیوە و رووسەكانیش دوو هەزار و 297 خانوویان كڕیوە و لە پلەی چوارەمی كڕیارانی خانووی توركیا دێت.

لە ساڵی 2018دا ئێرانییەكان زیاتر لە ساڵانی پێشتر روویان لە كڕینی خانوو لە توركیا كردووە . لەو ساڵەدا سێ هەزار و 652 خانوو لە توركیا لە لایەن ئێرانییەكانەوە كڕاون و لە دوای عێراق بە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت كە زۆرترین ژمارەی خانوویان لە توركیا كڕیوە.

دوای ئەو ئاسانكارییانەی حكوومەتی توركیا بۆ فرۆشتنی خانوو بە بیانییەكان و پێدانی رەگەزنامە كردی، فرۆشتنی خانوو بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و دەگوترێت ئەو رێژەیە سەرووی 78% بووە.

بەگوێرەی "ئێران ئۆنلاین" بە گشتی لە ساڵی 2018دا 39 هەزار و 663 خانووی توركیا بە بیانییەكان فرۆشراون، لە كاتێكدا ژمارەكە لە ساڵی 2017دا بریتی بوو لە 22 هەزار و 234 خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون.

لە سێ مانگی یەكەمی ساڵەكە پێنج هەزار و 298 خانوو بە بیانییەكان فرۆشرا، بەڵام لە سێ مانگی دووەم ئەو ژمارەیە بۆ شەش هەزار و 158 خانوو هەڵكشا. لە سێ مانگی سێیەمی ساڵەكە ژمارەی خانووە فرۆشراوەكان بریتی بوو لە سەرووی 12 هەزار خانوو و لە سێ مانگی كۆتاییش سەرووی 15 هەزار خانوو. زۆرترین خانوو لە ئیستانبوڵ كڕاون و لە دوای ئەو شارەش ئەنتالیا، بۆرسا، ئەنكەرە دێت.



وشە - سلێمان تاشان