مێردەکەی ناپاکیی بەرانبەر کرد ئەویش تۆڵەی لێ کردەوە

:: PM:01:53:17/01/2019 ‌
سۆزە ژنێکی کوردە، دوای ئەوەی زانی مێردەکەی ناپاکیی بەرانبەر دەکات و بەردەوام وێنەی خۆی و کچ و ژنەکانی تریشی پیشان دەدا، پێوەندی لەگەڵ پورزاکەی بەست و بە هۆیەوە سێ ساڵ زیندانیی کرا.

سێ ساڵ دوای ئەوەی سۆزە لە زیندان ڕزگاری بوو، ئێستە هەوڵ دەدات کچەکەی لە مێردەکەی بسەنێتەوە، بەڵام یاسا ڕێگەی پێ نادات، سۆزەش دەڵێ: هەتا منداڵەکەم وەرنەگرمەوە کۆڵ نادەم و ناوەستم.

سۆزە لە داخی پێوەندییە دەرەکییەکانی مێردەکەی لەگەڵ کچان و ژنانی تر، بڕیاری داوە تۆڵەی لێ بکاتەوە، هەر بۆیە پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە نزیکترین هاوڕێ و پورزای مێردەکەی بەستووە، کە کوڕێک بووە بە ناوی میران، بەڵام پێوەندییەکەیان ئاشکرا بووە و بە هۆیەوە سۆزە سێ ساڵ زیندانیی کراوە و منداڵەکەیشی لێ سەندراوەتەوە.

"وشە" لەپێناو وەرگرتنەوەی ئەو منداڵەی سۆزە، زانیاری لە "غازی حەمید" پارێزەر وەرگرت و گوتی: لەبەر ئەوەی ئەو ژنە بە ماددەی 377 گیراوە، بە هیچ جۆرێک مافی وەرگرتنەوەی نییە، چونکە دادگە بە مەرجەکانی "کەسی ئاقڵ لە ڕووی دەروونییەوە، سەرووی تەمەنی 18 ساڵ و کەسێکی پاک و ڕاستگۆ" منداڵ بە دایک دەداتەوە، بەڵام بە پێی یاسا سۆزە مەرجی سێیەمی نییە، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت منداڵەکەی وەرگرێتەوە، مەگەر بە ڕێککەوتنی عەشایەریی.

سۆزە چیرۆکەکەی بەم شێەوەیە بۆ "وشە" گێڕایەوە: من ناوم سۆزەیە و تەمەنم 27 ساڵە و هاوسەرگیریم کردووە، دوای ئەوەی بوومە خاوەنی کچێک، وردە وردە مێردەکەم لەبەرچاوم گۆڕا، بەردەوام وەک دوژمنێک مامەڵەی لەگەڵ دەکردم، تەنانەت وام لێ هاتبوو ژنبوونم لەبەرچاو کەوتبوو، چونکە وەک کاڵایەک مامەڵەم لەگەڵ دەکرا و بەوپەڕی بێ منەتییەوە ناپاکیی بەرانبەرم دەکرد.

ناپاکییەکانی دلێری مێردم بە ئاشکرا بوون، چونکە هەمیشە وێنەی ئەو کچانەی پشان دەدام کە پێوەندیی لەگەڵیان هەیە و چوونەتە دەرەوە و وێنەیان بە یەکەوە گرتووە، لەبەردەم من دادەنیشت و بە سەعات سەیری وێنەکانیانی دەکرد، من و کچەکەشم هەمیشە تەنیایی بەسەرماندا زاڵ بوو و هەستمان نەدەکرد مێرد یان باوکێک لە ماڵەکەدا هەیە.

سۆزە بەوپەڕی خەمباری و بێ ئومێدییەوە بەردەوامیی و درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: من لەتاو نەبوونی پیاوێک کە بە هەموو ماناکان پیاوەتیم بەرانبەر بسەلمێنێت، هەروەها بۆ تۆڵەکردنەوە لە دلێر، پێوەندیم لەگەڵ میرانی پورزای دانا، ئەگەرچی ئەوە شتیک نەبوو پلانم بۆی داڕشتبێت، چونکە میران هەمیشە ئاگای لە کێشەکانمان بووە و هاوڕێیەتیمان هەبووە، ئیتر دوای ئەوەی دلێر بە تەواوی ناپیاوی خۆی سەلماندبوو، منیش هەموو هانایەکم بۆ میران برد و پێوەندیی خۆشەویستیش لە نێوانمان دروست بوو.

پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر پێوەندییان بە یەکەوە هەبووە، ڕۆژێک سۆزە و میران لە ماڵی سۆزە بەیەکەوە بوون، لەو کاتەشدا دایکی دلێر هاتووە سەر لە ماڵی کوڕەکەی بدات و ئەو ناپاکییەی بینیوە، ئیتر لەوەوە شتەکان ئاشکرا بوون، سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی میران خزمیان بوو، سکاڵاکەیان کشاندەوە و تەنیا سۆزە گیراوە.

سۆزە ئێستە لەگەڵ دایکی وخوشک و براکەی دەژی، دەڵێ: ئێستە نزیکەی سێ مانگە سزاکەم تەواو بووە، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا نە توانیومە داوای بینینی کچەکەم بکەم، نە بۆم دەهێننەوە، ئازاری دووری کچەکەم خەریکە دەمکوژێت، بەڵام من دەمەوێت بەسەر خۆمدا زاڵ بم، پشانی بدەم کە ژن مرۆڤە و دەتوانێت تۆڵەی ناپاکیی مێردەکەی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بە چەشتنی ئازارێکی زۆر قوڕسیش بێت.

میران داوای هاوسەرگیری لە سۆزە کردووە، بەڵێنیشی پێی داوە، کە دژی هەموو ئەو کەسانە بوەستێتەوە کە ڕێگری لە هاوسەرگیرییەکەی دەکەن، بەڵام سۆزە بە ئومێدی گەڕانەوەی کچەکەی، هەموو شتێکی وەلا ناوە و دەڵێت: هەتا کچەکەم بەدەست نەهێنمەوە بیر لە هیچ شتێکی تر ناکەمەوە.

وشە/ ئیڤان عەبدولڕە‌مان


وشە - ڕێناس شابان