پێنج دیدارە نهێنیەكە.. ترەمپ بۆچی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ پوتین ئاشكرا ناكات؟

:: PM:06:51:17/01/2019 ‌
 لە كاتێكدا دۆسیەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، بووەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر داهاتووی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا چ لە تەواوكردنی خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا یان خۆكاندیدكردنەوەی بۆ خولی دووەم، بەڵام ترەمپ لە پێنج دیداری تایبەتی لەگەڵ پوتین هیچ زانیارییەكی لەسەر ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا نەكردووە.

ئەگەرچی دۆناڵد ترەمپ لە هەوڵی یەكەمی تۆمەتباركردنی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا رزگاری بوو، دوای ئەوەی جیمس كومی بەڕێوەبەری "FBI" بووە قوربانی و لە پۆستەكەی دوور خرایەوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكانی رۆبەرت مۆلەر هێشتا مۆتەكەیە بەسەر چارەنووسی ترەمپ كە چاوەڕوان دەكرێت لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ بڵاو ببێتەوە، لەوێدا چارەنووسی ترەمپ یەكلا دەبێتەوە كە تۆمەتبار دەكرێت بە هەبوونی پێوەندی لەگەڵ رووسیا یان نا.

هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆڕك تایمزی ئەمەریكی پەردەی لەسەر تیمێكی بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی سەر بە "FBI" ئاشكرا كرد كە دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لەوەی ترەمپ بە نهێنی بۆ بەرژەوەندی رووسیا كار دەكات دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، ئەمەش وایكرد كۆنگرێسی ئەمەریكی ئامادەكاری بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو تۆمەتانە.

ئەگەرچی ترەمپ لە تویتێكدا زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر رۆژنامەكە و تەواوی زانیارییەكانی رەت كردەوە، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، رۆژنامەكە لە راپۆرتێكی تردا، ئاماژە بە پێنج دیداری نێوان ترەمپ و پوتین كردووە كە سەرۆكی ئەمەریكا هیچ زانیاریەكی لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكردووە، تەنانەت بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی ئەمەریكیش هیچ زانیاریەكیان لە بتارەی كۆبوونەوەكان ئاشكرا نەكردووە و ئەمەش نیشانەی پرسیار لەسەر هۆكاری ئاشكرا نەكردنی زانیارییەكان دادەنێ كە تێیدا باسی چی كراوە، وایكردووە مەزەندەی تۆمەتبار كردنی ترەمپ زیاتر بكات. بەڵام دیمیتری بیسكۆڤ گوتەبێژی سەرۆكایەتی رووسیا ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە و رای گەیاند ئەمەریكا لە دۆخێكی سەیر دایە و حكوومەت و كۆمەڵگەی ئەمەریكی دابەش بوونە، ئەمە وایكردووە ترەمپ لە دۆخێكی زۆر دژواردا كارەكانی بكات.

پێنج دیدارەكە چی تێدا باس كراوە؟
لە ماوەی 20ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، تا ئێستە كە نزیكە لە دوو ساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا پێنج جار دیداری تایبەتیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە دیدارەكان باس كراوە بە نهێنی ماوەتەوە و هیچ لایەكیان ئاشكرایان نەكردووە، تەنانەت میدیای ئەمەریكی زۆر هەوڵیداوە زانیاری لە بارەوە كۆ بكاتەوە بەڵام هەوڵەكان بێ سوود بوونە.

لە حەوتی تەمووز/ یۆلیۆی 2017، یەكەم دیداری نێوان ترەمپ و پوتین لە پەراوێزی لوتكەی جی 20 لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا روویدا، دیدارەكە نزیكەی دوو سەعاتی خایاند و هەردوولا بە ئەرێنی باسی دیدارەكەیان كرد.

ترەمپ پێش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە بە وەرگێڕەكە تایبەتەكەی خۆی گوت، كە هیچ شتێك لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكات، بەڵام ریكس تیلرسن وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەردوو سەرۆك باسی هەموو شتێكیان كردووە، لەوانە پرسی سووریا، ئۆكڕانیا، گوتی "گفتوگۆكان بەهێز و فراوان بوون", لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە یەكەم نیشانەی پرسیار لەسەر دیدارەكە.

هەمان رۆژ، ئێوارەكەی لە كاتی نانخواردن، جارێكی تر چاویان بەیەك كەوتەوە و لەو دیدارە كورتەدا هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی ئامادەی نەبوون، كۆشكی سپی ئەمەریكاش دوای 10 رۆژ ئینجا پشتڕاستی وەها دیدارێكی كرد كە میلانیای ژنی ترەمپیش ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە و بە تەنیشت پوتین دانیشتووە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری دووەمی لەسەر دیدارەكە دروست كرد.
 
لە 11ی نۆڤێمبەری 2017، بۆ جاری سێیەم پوتین و ترەمپ لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن كە لە ڤێتنام بەڕێوە چوو، چاویان بەیەكتری كەوت، هاوشانی دوو دیدارەكەی پێشتر هیچ زانیارییەك لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بە راگەیاندن نەدرا. ترەمپ لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ئەمەریكا دووپاتی لە دەستوەرنەدانی رووسیا لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا كردەوە، لەو كاتەی كە بووەتە سەرۆك هەمیشە ئەو تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ.

بە بۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆك، ترەمپ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە پوتین كرد، بەڵام كۆشكی سپی رەتی كردەوە ترەمپ و پوتین لە ڤێتنام چاویان بەیەك كەوت بێت، ئەمەش نیشانەی پرسیاری سێیەمی لەسەر پەیوەندییەكانی ترەمپ و پوتین دانا كە چیان باس كردووە.

بەردەوام تۆمەتبار كردنی ترەمپ بە هەبوونی پێوەندی نهێنی لەگەڵ پوتین و رووسیا، سەرۆكی ئەمەریكای ناچار كرد هەموو دیدارەكانی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی ئاشكرا بكات، تەنیا دیدارەكانی نەبێت لەگەڵ پوتین، ئەمەش زیاتر گومانەكان تۆختر دەكاتەوە.


رۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لە راپۆرتەكەی ئەمجارەیدا، باس لە دیدارێكی تری نێوان ترەمپ و پوتین دەكات لە 16ی تەمووزی رابردوو لە لووتكەی هێڵسنكی لە بەڵجیكا.

دیدارەكەی بەلجیكا بە بەناوبانگترین دیداری نێوان ترەمپ و پوتین هەژمار دەكرێت كە زیاتر لە دوو سەعات گفتوگۆیان كردووە كە تەنیا وەرگێڕەكەی ترەمپ لەوێ بوونی هەبووە بێ ئەوەی هیچ بەرپرسێك لە هەردوو وڵات ئامادەی دیدارەكە ببن. لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی نێوانیان، ترەمپ بە تەواوەتی باوەڕی بەوە كرد كە پوتین گوتی رووسیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا نەكردووە.

دوای چەند مانگێك لە دیدارەكەی بەلجیكا، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری دیدارێكی تر كرد لەگەڵ پوتین، یان لە واشنتن یانیش لە پاریس.

بەڵام لە دووی دیسێمبەری رابردوو لە پەراوێزی لووتكەی جی 20 لە ئەرجەنتین دیداریان ئەنجام دا، كەس هیچی لە بارەی ناوەڕۆكی دیدارەكە نەزانی تەنیا ئەوە نەبێت كە پوتین ئاشكرای كرد لە بارەی رووداوەكەی دەریای سپی ناوەڕاست پەیوەندی بە دۆخی ئۆكڕانیا و دەستگرتن بەسەر سێ كەشتیگەلی ئۆكڕانی لەلایەن رووسیا.

دیدارەكەی ئەرجەنتین، لە كاتێكدا بوو بڕیار بوو لە پاریس یەكتر ببینن بەڵام ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لە یادی وەستاندنی جەنگی جیهانی یەكەم، رێگەی نەدا هیچ دیدارێكی دوو قۆڵی لە پەراوێزی مەراسیمەكە ئەنجام بدرێت، بۆیە دیدارەكە گواسترایەوە بۆ ئەرجەنتین.

 نهێنییەكان نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە
بەنهێنی مانەوەی دیدارەكانی نێوان ترەمپ و پوتین پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هەڵگرتووە و هەندێك لایەنیشی نیگەران كردووە. ئەندرۆ فایس راوێژكاری پێشتری بێڵ كلنتن سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بۆ كاروباری رووسیا دەڵێ، ئەوەی زیاتر مەترسییە، ئەو ویستەیە لەلایەن تیمەكەی كۆشكی سپی لە شاردنەوەی زانیارییەكان، ئەوە جگە لەوەی خودی دۆناڵد ترەمپیش نەیدەویست تیمەكەی هیچ لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بزانن.
 
بەڵام فەرمانبەرانی پێشتری كۆشكی سپی، ئاماژە بەوە دەكەن ئەوەی ترەمپ كردوویەتی پێشتر هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا نەیكردووە، چونكە هەر كاتێك سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ لایەنی ركابەر دانیشتنی كردبێت جگە لە وەرگێڕەكەی هەمیشە كەسێك وەك یارمەتیدەر لەگەڵی بووە و لە دانیشتنەكە ئامادەیی هەبووە.

ڤیكتۆریا نولاند یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئەوروپا و ئۆراسیا دەڵێ، هەر پێنج سەرۆك كە پێش ترەمپ كاری لەگەڵ كردووە لە كۆماری و دیموكراتەكان، هەمیشە پێداگیر بوونە لەوەی دەبێت دوو یاریدەدەر لە كۆبوونەوە زۆر تایبەتەكان ئامادەییان هەبێت، ئامانجیش لەمەدا لە پێناو یەك وشە بووە، بۆ ئەوەی هەموولا دڵنیابن لەوەی چی گوتراوە و باسی كراوە، بەڵام ترەمپ ئەوەی نەكردووە.

 هەموو ئەگەرەكانی دوورخستنەوەی ترەمپ تا دێت بەهێز تر دەبن، باشترین بەڵگەش دۆڕاندنی دێت لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان بەرانبەر بە دیموكراتەكان.

لەگەڵ هەموو ئەو ئاماژە و تۆمەتانەی دەخرێتە پاڵی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە پەیوەندییە پڕ لە گوماناوەكانی لەگەڵ رووسەكان.

 پێوەند بەو پرسە، دیموكراتەكان لە هەوڵدان بانگهێشتی وەرگێڕی ترەمپ بكەن بۆ كۆنگرێس تا بزانن لەو پێنج دیدارە باسی چی كراوە، تەنانەت ئەگەری زۆرە بانگهێشتی خودی دۆناڵد ترەمپیش بكەن. بەڵام ئەوانەی پشتگیری لە هەڵوێستی ترەمپ دەكەن لە هێشتنەوەی بە نهێنی پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا بە تایبەت، پاساوی ئاشكرا كردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی ترەمپ دەهێننەوە لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی مەكسیك و ئوسترالیا كە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە كاتی خۆیدا بڵاوی كردەوە.



وشە - فه‌رمان سادق