سعوودیە لە ئەفریقای باشوور 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەكات

:: AM:11:56:19/01/2019 ‌


سعوودیە دەستی بە وەبەرهێنان لە ژمارەیەك وڵات كردووە و ئەمجارەش خۆی گەیاندووەتە ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكات.

خالید فالح وەزیری وزەی سعوودیە باسی لەوە كرد كە لە كەرتی پێترۆكیمیایی بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار لە ئەفریقای باشوور وەبەرهێنان دەكات.

پێویستە بگوترێت یەكەم هەنگاوی سعوودیە لەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان بریتییە لە دامەزراندنی پاڵاوگەیەكی نەوت و ناوچەیەكی پیشەسازی پێترۆكیمیایی و لە داهاتووشدا مادەی خاوی ئەو كارگانە هەر لە نەوتی سعوودیە دابین دەكرێن.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" ئەو زانیارییە دوای ئەوە دێت كە كۆتایی ساڵی رابردووش كۆمپانیای ئارامكۆ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان لە جەمسەری باكوری زەوی ئاشكرا كرد.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە سعوودیە بە یارمەتی سندووقی نیودەوڵەتیی دراو و كۆمپانیای میتسۆ ئاندكۆی ژاپۆنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی گازی شل لەو ناوچەیە جێبەجێ دەكات.

سعوودیە بە گەورەترین هەناردەكاری نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێك هەژمار دەكرێت و سیاسەتی ئابووری ئەو وڵاتە بۆ داهاتوو ئەوەیە لە جیاتی هەناردەكردن گرنگیی بە بەرهەمهێنانی بەرهەمەكانی نەوتیش بدات.



وشە - سلێمان تاشان