ئەمساڵ سەرۆكی زۆربەی وڵاتە پیشەسازییەكان بەشداری داڤۆس ناكەن

:: PM:01:44:19/01/2019 ‌

ئەمساڵ كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە 22ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و تا 25ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام دەگوترێت رێبەرانی زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی  بەشداری لەم كۆڕبەندەدا ناكەن.

ئەمساڵ سێ هەزار كەس لە بەرپرسانی حكوومی، بەڕێوەبەرانی كۆمپانیاكان و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەچن بۆ ئەو گوندە كوێستانییەی سویسرا بۆ ئەوەی لە كۆڕبەندەكەدا بەشداری بكەن. 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە ساڵی رابردوو یەكێك بوو لە میوانە دیارەكانی كۆڕبەندەكە ئەمساڵ بەشداری ناكات.

جگە لە سەرۆكی ئەمەریكا هەریەك لە سەرۆكی وڵاتانی فڕەنسا، چین و رووسیا و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و هیندیش بەشداری ناكەن.

هەر ئێستە حكوومەتی ئەمەریكا لە پشوودایە كە یەكێك لە گرنگترین تەنگژە ناوخۆییەكانی ئەمەریكایە و جگە لەمە دۆناڵد ترەمپ پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ زۆر لە وڵاتان سست كردووە و ئەمانەش كاریگەریی خراپیان خستووەتە سەر داهاتووی ئابووری ئەمەریكا.

لە لایەكی ترەوە سەرۆكی فڕەنساش سەرووی دوو مانگە دەیەوێت كۆتایی بە خۆپیشاندانی هێلەگ زەرەدەكان بێنێت، بەڵام هێشتا خۆپێشاندانەكان بەردەوامن و فڕەنسای تووشی دۆخێكی ناجێگیر كردووتەوە.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش كە پێیەكی لە بەریتانیا و پێیەكەی تری لە یەكێتی ئەوروپایە، پرسی كاریگەرییە ئابوورییەكانی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا پەرێشانی كردووە.

بەگوێرەی "رادیۆ فڕەنسا" پوتینیش كە وڵاتەكەی لە گرووپی وڵاتە پیشەسازییەكانی دنیا هێنراوەتە دەرەوە، كەمتر دەرفەتی ئەوەی هەبووە لەگەڵ رێبەرانی وڵاتانی تری دنیا كۆ ببێتەوە.

سەرۆك وەزیرانی هندستانیش بەشداری داڤۆس ناكات لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكەی یەك لەسەر پێنجی هەموو دانیشتووانی گۆی زەوی پێكدێنن و ئەمەش لە بایەخی داڤۆس كەم دەكاتەوە.

لە نێو حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی دنیا، ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بەشداری دەكەن.



وشە - سلێمان تاشان