كێ‌ تۆمەتباری دزینی شوێنەواری كەنیسەكانی مووسڵە؟

:: PM:07:23:19/01/2019 ‌

دوای گەڕان بە دوای شوێنەوار و دەستنووسەكان و بەڵگەنامەكانی ناو كەنیسەكانی مووسڵ پاش لابردنی پاشماوەی رووخانیان، رێكخراوێك و كۆمپانیایەكی بەریتانی بە دزینی تۆمەتبار دەكرێت. ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەمدانیەیش داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك بهێنن، نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە.

نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و دەسەڵاتی خۆجێی مووسڵ و رێكخراوی حەموڕابی بۆ مافەكانی مرۆڤ و نوێنەرانی مەترانی سریانی كاسۆلیك لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ لێكۆڵینەوە لە دیار نەمانی شوێنەوار و دەستنووس و بەڵگەنامە و كتێبە مێژووییەكانی كەنیسەكانی شاری مووسڵی كۆن، رێكخراوێك و كۆمپانیایەكی بەریتانی بە دزینی تۆمەتبار دەكەن كە ئەوان بەرپرس بوونە لە لابردنی پاشماوەی رووخانی كەنیسەكان.

 لە راپۆرتێكی فراواندا كە ئەمڕۆ شەموو 19ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، رێكخراوی حەموڕابی بڵاوی كردووەتەوە، فەرمانگەی هەڵگرتنەوەی مینی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمپانیای "G4S"ی بەریتانی تۆمەتبار دەكات بە دزینی شوێنەوارەكانی ناو كەنیسیەكانی مووسڵ.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە دوو كەنیسە دەكات لە حوشخان لە ناوچەی مەیدان لە شاری مووسڵ، نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەڵێنی بەدواداچوون و گەڕانی زیاتر دەكات و داوا لە رێكخراوی حاموڕابی و نوێنەرانی مەترانی سریانی كاسۆلیك لە دەشتی نەینەوا و دەسەڵاتدارانی عێراق دەكات كە رووبەڕوو كۆ ببنەوە لەسەر ئەو پرسە و بەدواداچوون بكەن.
 
نەتەوەیەكگرتووەكان پێداگیری لەسەر پاراستنی شوێنەواری هەموو ناوچە شوێنەوارییەكان و ئاینییەكان و مێژووییەكان دەكات، دەڵێ رێگە نادەن هیچ زیانێك بەو ناوچانە بكەوێت، گوتی "كۆمپانیا بەریتانییەكە تا ئێستە توانیویەتی 53 بۆمبی چێنراو لەناو كەنیسەكان پووچەڵ بكاتەوە، هاوكات 74 جۆری جیاوازی پاشماوە لابدات لەگەڵ حەوت بۆمبی چێنراوی تر و كەلوپەلی تریش بێ ئەوەی زیان بە كەنیسەكە بگەیەنێت، بەڵام پێویست دەكات كاری زیاتر بكرێت". 

بەڵام رێكخراوی حەموڕابی دەڵێ، ئەوەی كراوە لە پاك كردنەوەی كەنیسەكان و دێرەكان یەك ناگرێتەوە لەگەڵ هیچ بنەمایەكی پاراستنی كەلوپەلەكانی ناو كەنیسەكان ، گوتی "دەبووایە بەرپرسانی كۆمپانیایەكە پێش دەستبەكار بوونیان پەیوەندییان بە مەترانی مووسڵ بكردبایە بۆ ئەوەی ئاگادار بووایە لەوەی فڕێ دەدرێت، بۆیە ئەوەی ئەوان كردوویانە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوەی داعش كردوویەتی، بەڵكو تەواوكردنی كارەكانی داعش بووە، جا ئەوەی كراوە بە مەبەست بوو بێت یان نا".

زیاتر گوتی "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یوحەنا بترس موشی مەترانی مووسڵ دەستیان كەوتووە و شارەزایانی بیانیش پشتڕاستیان كردووەتەوە بە تایبەت لای بەشی راستی مووسڵ، چونكە بەپێی بەدواداچوونێكی تیمێكی ئێمە، ئەوەی بەسەر كەنیسەكان هاتووە لەناوبردن و رووخاندن بووە".

پێوەند بەو پرسە مەترانی سریانی كاسۆلیك لە مووسڵ دەڵێ، ئەوەی بەسەر كەنیسەكان هاتووە بەگوێرەی بەدواداچوونی كۆمەڵێك شارەزای بیانی، كارێكی تاوانكاری بووە لەلایەن كۆمپانیایەك كە كاری پاك كردنەوەی پاشماوەی رووخانی كەنیسەكانی ناوچە حوش خان لە ناوچەی مەیدانی مووسڵی پێ سپێردراوە، لەوانەش كەنیسەی مەریەمی عەزرا كە ساڵی 1858 دروستكراوە.

ئەو گوتی "ئەوان بەشێوەیەكی زۆر هەڕەمەكی كاری پاك كردنەوەی و لابردنی پاشماوەكانیان كردووە، ئەمەش وایكردووە زیانێكی زۆر بە كەنیسەكان بكەوێت، تەنانەت زیانی لە كەنیسەیەكی تەنیشتی داوە كە مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 16ی زایینی". زیاتر گوتی "سكاڵا دژی كۆمپانیایەكە تۆمار كراوە بەو پێیەی ئەو دەبووایە پارێزگاری لێ بكات نەك وێرانی بكات". 


بەپرسێكی خۆجێی مووسڵ ئاشكرای دەكات كە كردەی دزی و ساختەكاری بە شوێنەوار و دەستنووس و بەڵگەنامە و كتێبە مێژووییەكان كراوە لە كاتی پاك كردنەوەی كەنیسەكان، لەمەیشدا كۆمپانیا بەریتانییەكە بەرپرسە.

لویس مرقس ئەیوب ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەڵێ، رێكخراوەكەی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمپانیا بەریتانیەكە تۆمەتبارن بە دزینی شوێنەوارە مێژووییەكانی چوار كەنیسەی مێژوویی لە مووسڵ، بەتایبەت هەردوو كەنیسەی قەڵا و تاهیرە، داوایشی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كرد كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو رووداوە بكاتەوە، چونكە ئەوە بەرانبەر بە مزگەوتێكیش كراوە كە لە سەردەمی عوسمانییەكان دروست كراوە.

جێی باسە مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن داعش داگیركرا، لە كۆتایی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن سوپای عێراق و هاوپەیمانان لە دەستی داعش رزگار كرا، لەم ماوەیەشدا دەیان شوێنەوار و ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی و كتێب و دەستنووس و بەڵگەنامە دزران و تەقێنراوە و لەناو چوون، لەوانە مۆزەخانەی مووسڵ و نەبی یونس و چەندان شاری شوێنەواری.
 



وشە - فه‌رمان سادق