زیانەكانی بەپەلە خواردن چییە؟

:: PM:08:02:19/01/2019 ‌

چەند توێژینەوەیەكی زانستی باسی مەترسییەكانی بەپەلە خواردن دەكەن و دووپاتی دەكەنەوە كە پێویستە خواردن لەسەرخۆ بخورێت و بە جوانی لە دەمتەوەی بیجویت، ئەگینا تووشی چەندان نەخۆشی مەترسیدار دەبیتەوە. 

وەك توێژەر و پزیشك و شارەزایانی تەندروستی دووپاتی دەكەنەوە كە لە ئەنجامی پەلەخواردن ئەو نەخۆشیانە چاوەڕوانت دەكەن:

*تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، بەپەلە خواردن یەكێكە لە هۆكارە یاریدەرەكان بۆ تووشبون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە، چونكە بەپەلە خواردن هەستێكت لا دروست دەكات كە تێر نەبوویت و پێویستە زیاتر بخۆیت و گۆڕانی رێژەی گلوكۆزی خوێن و بەرگری ئەنسۆلین، وەك ماڵەڕی "میدیكال دەیلی"ی پزیشكی باسی لێوە دەكات. 

*كێشەی دڵ، لە توێژینەوەیەكی پزیشكی لە زانكۆی هیڕۆشیمای ژاپۆنی، زانایان كاریگەری بەپەلە خواردنیان بەسەر تەندروستی لەش تاقی كردەوە و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك، جیا لە زیادكردنی فشاری خوێن و كەمبوونەوەی رێژەی كۆلیسترۆلی سوودبەخش.

*قەڵەوی و زیادبوونی كێش، بەپەلە خواردن وا دەكات بڕی زیاتر خواردن بخۆیت، چونكە مێشك پێویستی بە 20 خولەك هەیە تا ئاماژەی هەستكردن بە تێربوون رەوانە بكات، بۆیە كاتێكی زیاتر دەخوات بەر لەوەی ئاماژەی هەستكردن بە تێربوون بگات. 

*ترشانی گەدە، رەنگە گەیشتنی خۆراكی باش نەجووراو بۆ ناو گەدە ببێتە هۆی سووتانەوەی گەدە و ترشانی، بۆیە بەپەلە خورادن پێوەستە بە چەندان بابەتی هەرسكردن وەك بەدخۆراكی و قەبزی و هەڵاوسان و باكردن.

*ژەهراویبوون بە خۆراك، ئەوانەی بەپەلە دەخۆن رەنگە هەست بە چێژی خۆراكەكە نەكەن، بەتایبەتی لە فاست فوود، ئەوەیش هەلی تووشبوون بە ژەهراویبوونی خۆراك زیاتر دەكات و رەنگە بشبێتە دروستبوونی خنكان لەكاتی قووتدانی خۆراكێك كە باش لەدەم نەهاڕدرا بێت. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل