پڕۆفیسۆرێكی كورد داهێنانێك لە نەشتەرگەری پزیشكیدا دەكات

:: PM:08:58:19/01/2019 ‌
پڕۆفیسۆر دكتۆر سیروان حەمەشەریف قەرەداغی، داهێنانێكی پزیشكی لە نەشتەرگەری دەرچوونی كۆم ئەنجام دەدات، ئەو دەڵێ ئەو داهێنانەی كردوویانە بە بەراورد بەو رێگایانەی پێشتر نەشتەرگەرییەكەی پێ ئەنجام دەدرا، سەركەوتنی زیاترە.

لەو دیمانە تایبەتە لەگەڵ "وشە" پڕۆفیسۆرە كوردەكە باس لە ناوەڕۆكی داهێنانەكە دەكات و دەڵێ تا ئێستە لەسەر 70 نەخۆش تاقی كراوەتەوە و رێژەی سەركەوتنی زۆر زیاتر لە شێوازەكانی پێشتری، سەرنجی ئەوەیش دەدات كە دەرچوونی كۆم لە كوردستان لە پیاوان رێژەكەی زۆر زۆرە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری دنیا كە نەخۆشییەكە زیاتر لە ژنان دەردەكەوێت.

پڕۆفیسۆر دكتۆر سیروان حەمەشەریف دەڵێ، ئەوەی كردوومانە شتێكی نوێ نییە لەبارەی نەشتەرگەری دەرچوونی كۆمەوە، لە دنیادا بۆ یەكەمجار ساڵی 1904 نەشتەرگەری دەرچوونی كۆم بێ دڕینی سكی نەخۆش لەلایەن پزیشكێكی بەریتانی داهێنانی تێدا كراوە كە ئێستەیش بەكار دێت.

دوای ئەوە تا ئێستە كە من و تۆ قسە دەكەین زیاتر لە 100 جۆر شێوازی نەشتەرگەری دەرچوونی كۆم داهێنراوە و هەر هەموویشیان بەوەی ئێمەش كردوومانە، 100% گەرەنتی سەركەوتنی نییە، بەڵكو هەمووی رێژەییە و زۆرێك لەو نەخۆشانەی كە نەشتەرگەرییەكەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، پاش ماوەیەك دیسان كۆمی دەردەچێت، چونكە جۆرەكانی دەرچوونی كۆم هۆكاری زۆرە و جیاوازن.

نەخۆشی دەرچوونی كۆم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانی و میسرییەكان و پێشتریش بە درێژایی ئەو مێژووە هەوڵی چارەسەركردنی هەر هەبووە.

ئەو پڕۆفیسۆرە كوردە نەشتەرگەری دەرچوونی كۆم دابەشی سەر دوو جۆری دەكات، یەكەمیان كردنەوەی سكی نەخۆش و هەڵبەستنەوەی ریخۆڵە لە ناوەوە كە جۆری زۆرە، مەرجی ئەوەی هەیە كە نەخۆشەكە توانای جەستەیی بەهێز بێت تا بتوانرێت سڕكردنی گشتی لێ بدرێت، لەگەڵ ئەمەیش ئەم رێگەیە كە كردنەوەی سكی نەخۆشە، لێكەوتەی نەرێنی زۆرە و ئەگەری هەیە ریخۆڵەكانی تێكبئاڵێت، بۆیە ئەم رێگەیە ئەگەر نەخۆش گەنج نەبێت رەنگە بەرگە نەگرێت، بۆیە زیاتر بۆ گەنجەكان بەكار دەهێنرێت گوتی، "بەڵام هیچ یەكێك لەو رێگەیانە وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە كە 100% سەركەوتوو بووە".

لە بارەی رێگەی دووەم، سیروان حەمەشەریف باس لەوە دەكات كە ئەو رێگەیە پێویستی بە كردنەوەی ناو سك نییە، بەڵكو ناو كۆمی دەكەیتەوە و هەڵی دەدەیتەوە، ئەو رێگەیەش جۆری زۆرە، روونی كردەوە، "هەندێك ریخۆڵەكە دەبڕن كە هاتووەتە دەرەوە و پاشان بەیەكەوە گرێی دەدات، ئەو جۆرە زیاتر بۆ بە تەمەنەكان بەكار دێت بەوەی بەرگەی سڕكردنی گشتی ناگرن، تەنانەت بۆ گەنجانیش گونجاوترە، چونكە كردنەوەی سك رەنگە نەخۆش رووبەڕووی مەترسی دەستكاری كۆئەندامی زاوزێ ببێت و بەهۆیەوە پیاوەتی نەخۆشەكە لە دەست دەربچێت".

ئەو داهێنانەی پڕۆفیسۆر سیروان و تیمەكەی ئەنجامیانداوە، نەشتەرگەرییەكە لە كۆمەوە دەكرێت، وەك خۆی دەڵێ، ئەوەی لە كۆمەوە دەكرێت رێژەی هەڵدانەوەی زیاترە لەوەی سكی نەخۆشەكە بدڕیت، گوتی "ئەو رێگەیەی مستەر بلۆرمی لە ساڵی 1904 داهێنانی تێدا كردووە، لە هەموو رێگەكانی تری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە لە دنیا باوترە تا ئێستە، بە جۆرێكی ئاسۆیی كۆم هەڵدەداتەوە، بەڵام ئەو رێگەیەش چەندان لێكەوتەی نەرێنی هەیە".

پڕۆفیسۆر دكتۆر سیروان حەمەشەریف كە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایك بووە و ساڵی 1980 كۆلیژی پزیشكی تەواو كردووە و ساڵی 1993 بۆردی عەرەبی بەدەستهێناوە و ساڵی 1994 لە زانكۆی سلێمانی كۆلیژی پزیشكی وانە دەڵێتەوە، وەك خۆی دەڵێ ساڵی 2000 بووە بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر و ساڵی 2010 بووە بە پڕۆفیسۆر.

سیروان حەمەشەریف ئێستە سەرۆكی بۆردی عەرەبییە لە سلێمانی و سەرۆكی بۆردی كوردییە هەر لە سلێمانی، بە هاوكاری تیمێك لە پزیشكانی كورد لە ساڵی 2005 سەرقاڵی داهێنانەكەی بووە تا ساڵی 2012 كە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، 30 نەشتەرگەری دەرچوونی كۆمیان بەو شێوازەی خۆیان ئەنجام داوە، پاش سێ ساڵ لە بەدواداچوون بۆ داهێنانەكەیان لە شێوازێكی تری ئەنجامدانی نەشتەرگەری، لە ساڵی 2014 تەواوی داهێنانەكەیان لە گۆڤارێكی پزیشكی بەریتانی بڵاودەبێتەوە، دوای چوار ساڵ لە بڵاوبوونەوەی داهێنانەكە و سەلماندنی، لە مانگی رابردوودا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، بەشی هەڵسەنگاندن و كۆنتڕۆڵی جۆری، بەشی دانپێدانان بە داهێنان، بڕوانامەی داهێنان بەناو خۆی و تیمەكەی دەدات دوای نزیكەی دوو ساڵ لە پێشكەشكردنی داهێنانەكە لەلایەن پڕۆفسیۆر سیروان حەمەشەریف.

حەمەشەریف دەڵێ، پێش ئەوان لە میسر لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو داهێنانیان كردووە لە جۆرێكی تری شێوازی نەشتەرگەری، زیاتر گوتی، "رۆژانە نوێگەری و داهێنان لە جۆری نەشتەرگەری دەكرێت، بۆیە رەنگە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا داهێنانێكی تر لەسەر شێوازێكی تری ئەو نەشتەرگەرییە بڵاوببێتەوە".

لە بارەی رێژەی سەركەوتنی داهێنانەكەیان بە بەراورد لەگەڵ رێگاكانی تر، پڕۆفیسۆر سیروان حەمەشەریف دووپات لەوە دەكاتەوە كە هیچ داهێنانێك نییە بێ كەموكوڕی بێت، بەڵام دوای سەلماندنی داهێنانەكە تا ساڵی 2014، خۆی و تیمەكەی نەشتەرگەرییان بۆ 70 نەخۆش كردووە، گوتی "لەم 70 نەخۆشە تەنیا پێنج نەخۆشیان دووبارە نەشتەرگەری هەڵدانەوەی كۆمیان بۆ كراوە، كە ئەوان پێش ئێمە بە رێگەی تر نەشتەگەرییان بۆ كراوە، بەڵام كاتێك سەردانی ئێمەیان كرد، دوای وەرگرتنی رەزامەندی و شیكردنەوەی جۆری رێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی ئێمە بەو رێگە نوێیە، ئینجا نەشتەرگەریمان بۆیان كردووە".

زیاتر گوتی، "ئەو كاتە ئێمە دەتوانین بڵێین رێگەكەی ئێمە لەوانی تر كە هەن باشترە، دەبێت چەند ساڵێك بەسەر داهێنانەكەی ئێمە تێپەڕێت و خەڵكی تریش بەو رێگەیە نەشتەرگەرییەكە ئەنجام بدەن، پاشان دەردەكەوێت كە ئەو شێوازەی ئێمە داهێنانمان تێدا كردووە سەركەوتوو بووە یان نا، بەڵام لە خەیاڵی ئێمە یەكێكە لە رێگە سەركەوتووەكان".

ئەو پڕۆفیسۆرە كوردە باس لەوە دەكات كە رۆژانە خەڵك لەسەر گوگڵ داهێنانەكەی ئەوان وەك سەرچاوە بەكار دەهێنن، بەڵام هێشتا نەیانبیستووە كە لە دنیادا تیمی پزیشكی تر هەبن هەمان رێگەی ئەوانیان بەكار هێنا بێت بۆ نەشتەرگەری هەڵدانەوەی كۆم، گوتی "رێگەكەی ئێمە باشییەكەی لەوەیە بە رێگەیەكی زۆر كلاسیكی ئەنجامی دەدەن بێ بەكارهێنانی نازوڕ، بەجۆرێك پشكنین بۆ كۆتایی ریخۆڵە كوێرەی نەخۆشەكە دەكرێت، بەشێوەیەكی درێژ و ستوونی هەڵدانەوەی كۆم بۆ نەخۆشەكە ئەنجام دەدرێت، باشیەكەی ئەوەیە هەر پسپۆرێكی نەشتەرگەری دەتوانێت ئەنجامی بدات بە كەمترین پێویستی پزیشكی".

لەبارەی ئەوەی هیچ ناوەندێكی زانستی جیهانی داوەتنامەیان بۆ ناردووە تا باسی داهێنانەكەیان بۆ بكەن، باس لەوە دەكات كە داوەتنامەی زۆریان بەدەست گەیشتووە، بەڵام لەبەر هۆكاری جیاواز نەیانتوانیوە بەشداری بكەن، گوتی "لە پزیشكیدا ئەوەی گرنگە كە داهێنانەكەت كردووە و كەسانی تر رێگەكەی تۆ بەكار بهێنن، یان بەرەو پێشی ببەن".

لە بارەی نەخۆشییەكەوە لە كوردستان، پڕۆفیسۆر سیروان دەڵێ دەرچوونی كۆم لە كوردستان لە پیاوان و گەنجان زۆرە، ئەگەرچی لە دنیادا لە ژنان زیاترە، بەڵام لەو 30 نەخۆشەی توێژنەوە و داهێنانەكەیان لەسەر كردووە، 20 نەخۆشی رەگەزییان نێر بووە.

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، پڕۆفیسۆر سیروان حەمەشەریف خۆی و تیمەكەی لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی، هاوشانی 100 داهێنەری تری عێراق، داهێنانەكانیان نمایش بكەن، ئەو دەڵێ "تاكە پزیشكی كوردە لەو كۆنفڕاسە نێودەوڵەتییە كە داهێنانەكانی عێراقی لە هەموو بوارەكاندا تێدا نمایش دەكرێت، منیش وەك كوردێك داهێنانێكی پزیشكی لەوێ نمایش دەكەم".







وشە - فه‌رمان سادق