گرووپی ماڵی هونەرمەندان لە بەرهەمێكی نوێیاندا كورتە فیلمێكیان لە ژێر ناوی (گومانی خراپ) بەرهەم هێنا كە ماوەكەی كەمترە لە سێ خولەكە و باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكات بەهۆی گومانی خراپەوە.
ڕۆژیار لوقمان دەرهێنەری كورتە فیلمەكە بە"وشە"ی ڕاگەیاند، كورتە فلیمەكە ماوەی ٢:٣٦ خولەكە و دوو مانگ كاری لەسەر كراوە و ناوەڕۆكی كورتە فلیمەكەیش باس لە كۆمەڵگا و خراپیی عەقڵیەتی كۆمەڵگاكەمان دەكات كە هەمیشە بە خراپی بیردەكەنەوە لەجیاتی ئەوەی بیری باش بكەنەوە و قسەی خراپی بۆ هەڵدەبەستن و بڕیاریشی لەسەر دەدەن.
زیاتر گوتی، ئەو بیركردنەوە خراپانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كێشە لەناو خێزان و كۆمەڵگاكەمان، جگە لەوەیش پەیامێكی تری لە پشتەوەیە كە مەرج نییە كچەكانی كۆمەڵگاكەمان هەر دوای ئۆتۆمبێل و ماڵ و پارە بكەون، بەڵكو چەندین كچ لە كۆمەڵگاكەمان خۆشەویستیان پیش مادە و سەروەت و سامان خستووە.
سەرجەم ئەكتەر و ستافی نێو فلیمەكە سەر بە گرووپی ماڵی هونەرمەندانە كە شنە گەشبین و ڕەهێڵ محەمەد و ئەحمەد جەبار و بیلال عەبدولقادر ڕۆڵیان تێیدا بینیووە و كامێرا و مونتاژ یاسین عومەر ئەنجامیداوە و بیرۆكەی كارەكەش لەلایەن ڕێبوار محەمەد بووە، هەروەها سیناریۆ و دەرهینانی كورتە فلیمەكە لەلایەن ڕۆژیار لوقمانەوە بووە.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد